بەرد...

06/04/2021

پشكۆ ناكام
كاتێ حیزبی سەقەت دەوڵەت ئەبا ئەبا بەڕێوە، حكومەتێكی سەقەت دروست ئەكا كە سیستەمێكی حوكمڕانی سەقەت ئەهێنێتە كایەوە، سیستەمی سەقەتیش كۆمەڵگایەكی سەقەت بەدوای خۆیا ئەهێنێ، بەڵگەی ڕاستی ئەم بۆچوونە نموونەیەكی حازری بەرچاومانە كە ئەویش هەرێمی كوردستانە، لەسیستەمە سەقەتەكەی ئەمڕۆ ناویان لێناوە "قەوارە" زۆربەی شتەكان ئاوەژوو كراونەتەوەو ڕاست‌و چەپ كەوتوە بەسەریەكاو كەم شت هەیە لەشوێنی سروشتیی خۆیا بێ، كە بۆتە مایەی فەوزاو پشێوی‌و دڵەڕاوكێی خەڵك‌و باڵكێشانی نائومێدی بەسەر بیركردنەوە لەئایندە، جگە لەهەڵكشانی بەكارهێنانی زەبروزەنگ لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقیع بەسەر خەڵكاو مەحكەمكردنی پێگەی خۆی لەڕێی دەزگا ئەمنی‌و چەكدارییەكانی خۆیەوە.....

لەسیستەمێكی سەقەتی وەك ئەوەی هەرێم زۆربەی دامەزراوەكان كارتۆنین، قسە قسەی سەرۆكی حیزب یان بنەماڵەیە، بۆیە كۆمەڵگا تووشی سڕبوون ئەبێ‌و لەكارئەخرێ بەشێوەی ئیفلیجبوون، ئەمەش لەقازانجی دەسەڵاتەو كۆمەڵگا هەر كە شوێنی خۆی ئەبێ‌و تەراویح ئەكا بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە نابینێ.........

لەسیستەمی سەقەتی حكومەتی سەقەت دز ئەبێ بەحاكم، گورگ بەشوان‌و شوانیش بەدەرەبەگ، ڕاوچی ئەبێ بەوەزیر، حەیتە بەپێشنوێژ، موهەڕیج ئەبێ بەئەكتەر، خەباتگێڕی لات‌و لەواری دوێنێی شاخ ئەبێ بەملیاردێر، بزنسمان بەسیاسی، ئیسلام بەپەپوولە، درۆكردن ئەبێ بەخەسڵەتێكی ڕۆژانە بەتایبەتی لەمەجالیسی حیزبی‌و حكومی، بیرەوەری ئەبێ بەسیناریۆی فیلمی كوڕە ئازاكە، قاچاخچیش بەسینەماكار، معاش ئەبێ بەمەتەڵی ساڵ، داهات وەك جنۆكە ناوی هەیەو دیارنییە، لەسەر پەندو حیكمەتەكانی سەرۆك!! دكتۆرا وەرئەگیرێت، موستەشارو ئەنفالچی‌و فایلدار هەوییەی نیشتمانپەروەری دابەشئەكەن، چەك وەك تەسبیح بەزۆربەی خەڵكە، ئاشبەتاڵ ئەبێ بەنسكۆ..!!، دوای ڕەمەزان‌و قوربان، 31ی ئابیش بەجەژن، نەخۆێنەوارەكانی حیزب توێژێكی تازەی كۆمەڵگا ئەهێننە كایەوە بەناوی "مشەخۆرەكانی پارلەمان"، حكومەت ئەبێ بەچاودێرو پارلەمانیش فەرمانگەیەكی كەڕو لاڵی جێبەجێكار، موعارەزە دەوری پاشكۆ ئەبینێ‌و لەسەر نەزەرییەی "گوێم لەهیچ نەبوو..هیچم نەدی..هیچم نەوت" بەشداری حكومەتە، دراوسێی داگیركەر میوانێكی هەمیشە لەسەر چاوانەو كوردیش لەجیاكانی خاكی خۆی ڕاو ئەنرێ، مامۆستا لەنەبونیا ئەبێ بەسایەق تاكسی‌و "ابو القگعتین"ی دوێنێ خاوەنی كۆمپانیای سەیارەیە، مێژوو لەدەستی دەسەڵاتدارەكانا ئەبێ بەكۆنكەن بەئارەزووی خۆیان پێڕی لێ دروستئەكەن‌و وەرەقەی ڕابردوی خیابەت ئەخەنە حەوزەوە، ڕۆژنامە فرۆش تەرفیع ئەكا بۆ ڕۆژنامەنووس، پارە ئەبێ بەكیلۆی كێشی ئەخلاقیات‌و ئینسانیەت، بوغز جێ بەعەشق لێژ ئەكا‌و نزگەرە بەمۆسیقا‌و عەرزوحاڵ بەشیعر، دزی‌و جەردەیی ئەبێ بەپەنجەرەیەكی بێ شووشە چاكسازیش بەبەرد..