ترسی دوای ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا

06/04/2021

پشتیوان جەمال
بەدرێژای مێژووی  ڕابردوو تیمی دانوستانكاری كورد لەگەڵ هەردەوڵەتێك ڕێككەوتنی كردبێت، هەرلە سەفەویەكان و عوسمانیەكان، لەڕێككەوتن نامەی سیڤەرو، لۆزان وهتد... تادەگات بەڕێككەوتن نامەی 11ی ئازاری 1970ی نێوان حكومەتی عێڕاقی و سەركردایەتی شۆڕشی كورد، هەمیشە میللەت كورد باوەڕی بەبەڵێنەكانی سەركردایەتی شۆڕشی كورد هەبووە، بەڵام لە پاشگەزبونەوەی دەوڵەت و لایەنی بەرامبەری ترساوە كە خاوەنی بەڵێن و بڕیارەكانی سەر كاغەز نەبێت، بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا دۆخەكە پێچەوانە بۆتەوە، لەگەڵ هەر ڕێككەوتنێك میللەت دەستی لەسەردڵیەتی و ترسی پابەند نەبونی لایەنی كوردیەتی بەبەڵێنەكانەوە، ژیان و قوتی میللەتێك بكرێت بەقوربانی كێشەی شەخسی و تاكە حزبێك كەئەمڕۆ دەستی گرتوە بەسەر لایەنی ئابوری و یاسایی و سیاسەتی هەرێم قۆرخ كردووە كە تەنها لەدوای بەرژەوەندی سەرۆكەكەی و حزبەكەیەتی.

لەدوای دەیان جارچونی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، لەكۆتایی دا گەیشتنە ڕێككەوتێنێك لەسەر جێگیركردنی پشكی هەرێم لەبوجەی حكومەتی عێڕاقیدا، ڕێككەوتنەكە دەرئەنجامەكەی هەرچۆنێكە پارتی بەدەستكەوتی خۆی دەزانێت و چەپڵەی سەركەوتنی خۆی بەكادیرەكانی لێدەدات، وەك فریادڕەسی ڕێككەوتن خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام هاوڵاتی ئەو هەرێمە ئەوەی تەواو فام دەكات دەستی لەسەردڵ و ترسی پابەندنەبونی پارتیەتی بەو ڕێككەوتنەكەوە، وەك هاوشێوەی ڕێككەوتنەكانی تر، چونكە هەموان دەزانن پارتی گەورەتر لە میللەت بیردەكاتەوە كە حزبەكەیەتی نەك گەورەتر لەحزبكەی كەمیللەت بێت.

ڕەنگە ڕێككەوتنی حزبەكەی لەگەڵ ڕەوتی (موقتەدا سەدر) بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگربێت، لەكاتێكدا تەواوی فراكسیۆنەكان بەپێی قەبارە و هێزیان سەرقاڵی ڕێگاخۆشكردن بون بۆ زامنكردنی پشكی كورد لەبەغدا، كەچی فڕاكسیۆن و سەركردەكانی پارتی سەرقاڵی ڕێككەوتن بون لەگەڵ صدری شیعە، ئەو شیعەیەی كە بە زمانێك وەسفیان دەكرد، ئەگەر هەرحزبێك لێیانەوە نزیك بێتەوە ئیتر جاشی ئاخوندە و دژی ستاتۆی هەرێمی كوردستانە و بە جاش ناوزەدیان دەكرد، بەڵام وەك دەڵێن" هەمو حەرامێكی سیاسی بۆ پارتی حەڵالە و بۆ ئەوانی ترحەرام" حەرامی ئەم جارە لەپێناو سەرۆكی حزبەكەیان كەبەزۆر ناوێكی پێوە بلكێنن و بیكەن بە مەرجەع، پۆستی سەركۆماریان بۆ وەربگرن شان و ملیی شیعەكان ماچ و بۆن دەكەن.

لە دونیای دیموكراسیدا تەنها پەرلەمان سەنگی مەحەكە و مەرجەعە نەك شەخص. ئەوەیە كە پارتی لەمیللەت گەورەتر بیری لێدەكاتەوە سەرۆك و حزبەكەیەتی نەك خەمی باشبونی دۆخی دارایی و سەقامگیری ستاتۆی ئەم هەرێمە، هەركات ئەومەرجانەی لەسەرەوە باس كران بۆ پارتی نەلوا ئیتر ڕێككەوتن ئەرزشێكی نییە..