وون بوون..

06/04/2021

پۆڵا
هەموومان لەماڵی یەكترین و لەوێش نین، هاورێی یەكترین و تەنهاشین هەموومان..

ئەلبێر كامۆ ئەدەیب و فەیلەسوف نوسەری رۆمانی تاعوون، لە رۆمانەكەیدا بیری نازیزم و نەتەوەگەرایی، ماركیسزم....تد، وەكو هاتنی تاعوون و نەخۆشیەكی كوشندە بۆ سەدەی بیست وێنا دەكات، چونكە  هەریەك لەو فكر و ئایدۆلۆجیایانە چاوبەست و فێلێك بوو بەناوی خۆشبەختی و بەختەوەریەوە مژدەی گەورەیان بەمرۆڤ دەدا و توشی پەتای فكر و ئایدۆلۆجیان كرد.
خەمی كامۆ خەمێكی یونیڤیرساڵ و گەردونیە، خەمێكی مرۆیە، كامۆ پێ وایە مرۆڤایەتی تێكرا یەك كێشەی هەیە ئەویش خەمی لێرە بوونە، غەریبی و تەنیایی مرۆڤە، بۆیە كاتێك مرۆڤ هەست بكات تەنیا و بێ كەسە ئیتر دوای ئایدۆلۆجیاكان دەكەوێت بۆ ئاسودەی بەڵام دەرنگ تێ دەگات هەمووی تاعوون و بێهودەییە بۆ مرۆڤ..

لە دنیایی ئەمرۆدا، مۆدێرنە و كاپیتالیزم و پارە و دەرمان، مرۆڤی وون كردوە، هەمان تاعوونەكەی كامۆیە.
مرۆڤ لەسەر دەمی كاپێتال و تەكنەلۆجیا و پۆست مۆدێرنەدا، مرۆڤێكە خۆی نیە، ئەوە ئامێر و كۆمپانیاكانن مرۆڤ ئاراستە دەكەن..مرۆڤ ئالوودە دەكەن.

لە رێگەی  فەیسبوك و تۆرەكانی ترەوە هەموومان لەماڵ و سەرمێزی یەكترین و لە كەباب خواردن و سەیران و نەخۆشخانە و گەشتدا لەلای یەكترین ولەوێش نین..

هەموومان وون بوین.. كاتێكیش لەواقیعدا یەكتری دەبینین و یەكتر دەدۆزینەوە، ناتوانین زۆر یەكتر قبول بكەین و رەنگە زۆر جاریش تورە بوون وهەلچوون روبدات، چونكە چاوەرێی زیاترین لەیەكتر و ئەمانەوێت بەرامبەركەمان بەو شێوە جوان و مرۆڤ دۆست و ئارامە بێت كە لەناو ئەكاونت ودنیایی مەجازدایە..!