دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی: ڕاستی و هەڵەكان دەربارەی

07/04/2021

د.كۆیار شێركۆ
ناڕێكی دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی(سۆشیال ئەنزایەتی دیسئۆردەر) و دژەكۆمەڵایەتیبوون (ئەنتیسۆشیال)، هەمان شت نین. لەم ڕۆژانەدا، لە یەكێك لە سوپەرماركێتەكان، گەنجێكم بینی. ئەو بلوسێكی لەبەردا بوو كە لەسەری نووسرابوو ''كڵەبی كۆمەڵایەتی دژەكۆمەڵایەتییەكان.''منیش لە دڵی خۆمدا وتم، دەبێت چ كۆبوونەوەیەكی جادویی بیت. ''كەسانێك كە سۆسیۆپاسن پێكەوە لە یانەیەكدا كۆدەبنەوە؟'' بەڵام هەر زوو گاڵتە و گەپم خستە لاوە. ئەوە ڕوون بوو كە ئەم خاتوونە لاوە، قوربانی دەستی ئەو بۆچوونە هەڵە و ئەفسانە باوانەیە كە گوایە كەسانی گۆشەگیر، سەرجەمیان دژەكۆمەڵگان. چونكە نووسینی سەر بلوسەكەی، نوكتەیەك بوو لەسەر یانەیەك كە سەرجەم ئەو كەسانەی تێدایە كە خۆیان لە كۆمەڵگا بە دوورئەگرن.

پێویستە ئەوە بزانین، ئەو كەسانەی كە شەرمنن، زۆر تێكەڵاوی لەگەڵ خەڵكدا ناكەن و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە ئامادە نین بۆ بەركەوتنی كەسانی تر، پێیان ناوترێت ئەنتیسۆشیال. وەك ئەوەی لە كلتووری باودا وا باس دەكرێت. لە ڕوانگەی پزیشكییەوە، كەسانی ئەنتیسۆشیال هاوكات سۆسیۆپاسیشن. گرنگیش بە چواردەور و یاساكانی كۆمەڵگا نادەن و دژی دەوەستنەوە. هاوكات ئەم كەسانە زۆرجار خۆیان نایانەوێت تێكەڵی كۆمەڵگا ببن. لە بەرامبەردا، ئەو كەسانەی دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتییان هەیە، دەیانەوێت تێكەڵاوی لەگەڵ چواردەوردا درووست بكەن. 

وەك هەر ناڕێكی و نەخۆشییەكی تر، دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتیش دەتوانرێت لەسەر هێڵێكی ڕاستەوانە لە نێوان دۆخی ئاسایی و نائاساییدا پێناسە بكرێت. بۆ نموونە، لە دۆخی ئاساییدا، بەر لە یەكەم ژوانمان لەگەڵ كەسێكدا، گەدەمان پەپوولە ئەكات. یان بەر لە پێشكەشكردنی سیمینارێك لەبەردەم بەڕێوەبەرەكەماندا، دڵمان خێرا لێدەدات و سوور دەبینەوە. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەكەدا، هەر بەردەوام دەبین. بەڵام دۆخە نائاساییەكە، بریتییە لە بوونی ترس و دوورەپەرێزی لە هەموو بەركەوتنێكی كۆمەڵایەتی. سرووشت و ئەزموون پێكەوە هۆكارن لەوەی ئەم دۆخە نائاساییە دەربكەوێت. ئەو كەسانەی لە ڕووی بایۆلۆجییەوە خۆیان ئەگەری تووشبوونیان بە پاسۆلۆجی دڵەڕاوكێ هەیە، ئەزموونەكانیان كاریگەری گەورەیان دەبێت لە مانیفێست بوونی ئەم ناڕێكییە (نەخۆشییەدا.).

ناڕێكی دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی، بەوەدا دەناسرێتەوە كە كەسەكە لەوە دەترسێت ببینرێت. سەرەڕای ئەوەی ویستێكی زۆریان هەیە بۆ تێكەڵاو بوون، بەڵام ترس و شەرمی زۆر لەوەی قسەیەك بكەن یان شتێك بكەن ببێتە مایەی تەریقبوونەوەیان، وا دەكات خۆیان لە تێكەڵاوی بپارێزن و بەمجۆرە دڵەڕاوكێكەیان كەم بكەنەوە. لە ڕاستیدا ئەمەیە ترسی سەرەكی ئەم كەسانە. كە دڵەڕاوكێیان سەبارەت بە پێرفۆرمانسی كۆمەڵایەتی خۆیان هەیە و ناتوانن بیر لەوە بكەنەوە كە دەكرێت ئەگەری سەركەوتنیش بوونی هەبێت. بێگومان خۆشیان دەزانن كە ئەم ترس و دڵەڕاوكێیە زیاد لە سنوورە و ئاسایی نییە، بەڵام ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن. كەسانی سەروو ١٢ ساڵ و گەنجان زیاتر خۆیان دەپارێزن لەوەی بكەونە ئەو دۆخانەوە كە تووشی دڵەڕاوكێیان دەكەن. منداڵانیش داوا لە دایك و باوك و گەورەكانیان دەكەن نەیانخانە ئەو دۆخە كۆمەڵایەتییانەوە. 


سەرچاوە: سایكۆلۆجی تودەی