نەوال سەعداوی خاتوونێكی تابوو شكێن

07/04/2021

نووسینی: حەمەسەعید حەسەن
سەنگەری لە زۆرینە دەگرت، بە تایبەتی لە نەریتخوازان و سەركوتكاران و ئەوانەی زوو زوو پەنایان بۆ كافراندنی ئەم و ئەو دەبرد.پێی گوتین: ڕزگاریی ڕاستەقینە بە ڕزگاركردنی ژنەوە بەندە.هەمیشە لە بەرەی ستەملێكراواندا بوو، لەگەڵ ژن و لەگەڵ هەژاراندا بوو، هەمیشە دژی ستەمی دەسەڵات بوو، بەدرێژایی تەمەنی (١٩٣١ - ٢٠٢١) كە نەوەد ساڵی خایاند، یەك جار بۆ یەك هەڵوێست لایەنی دەسەڵاتی گرت، ئەوەیش تەنیا ئەو وەختەی، سیسی بەڕەی لەژێر پێی لەشكری جەهل ڕاكێشا.

(ژن لە خاڵی سفردا) كە تێیدا پێمان دەڵێت: پیاو ڕزگاری نابێت، هەتا ژن ڕزگاری نەبێت، یەكێكە لە كتێبەكانی كە بۆ چل زمان وەرگێڕدراوە. لە كتێبی: (ڕووخساری ڕووتی ژن)دا، تاڵاوی بە گەرووی ئیسلامی سیاسیدا كرد.بە بوێرییەكی كەموێنەوە، باسی ئەو ستەمە جنسییەی دەكرد كە پیاو لە ژنی دەكات و دەیگوت: ڕزگاریی ئافرەت بە ڕابوونی چەوساوەكانەوە بەندە، نەك بە بووژانەوەی ئیسلامی سیاسییەوە.
هەیە خۆی وەك داكۆكیكار لە ژن نمایش دەكات، تەمەنی لە پەنجا تێپەڕیوە و پەنجا كتێبی نەخوێندووەتەوە، د.نەوال سەعداوی پەنجا و پێنج كتێبی دانسقەی بۆ داكیكوكیكردن لە ژن نووسی.ژنێك بوو بە مانای وشە، سنووربەزێن و تابووشكێن، پێی دەگوتین: ئایینێك نییە، دژی ژن نەبێت، پێی دەگوتین: سیستەمی بابسالاری، دوژمنە سەرسەختەكەی ژنە.ئەو دایكی فێمینیزمی عەرەبی بوو، لە دونیای عەرەبدا یەكەم كەس بوو، بە ناوی زەینەبی دایكییەوە خۆی ناساند.ئەوەندە شكۆدار بوو، بە هەق دایكی بێ ڕكابەری یاخیبوون و دەنگدلێرترین بانگخوازی ئازادی بوو.

بۆ ماوەی نیو سەدە ئاڵاهەڵگری دژایەتیكردنی خەتەنەكردنی كچان بوو، كۆڵی نەدا تا ئەو نەریتە قێزەونە، لە ٢٠٠٨دا لە میسر بە یاسا، بە تاوان لە قەڵەم درا.دەیگوت: ئەوە عەقڵە كە حەز و ئارەزوو جڵەو دەكات، نەك ئەو پارچە گۆشتە بچووكەی لێی تۆقیون و دەیبڕن.ئەو سرووتەیشی بە وەحشیگەری دەزانی، كە سەروەختی هاوسەرگیری، بۆ دڵنیابوون لە پاكیزەیی كچ پێڕەو دەكرا.نزیكەی هەمیشە دەوڵەت و دین، لە دژی هاوسەنگەر بوون.

پزیشك بوو، ساڵی ١٩٧٢ لەسەر كتێبە بەناوبانگەكەی: ئافرەت و سێكس، لەكار دەركرا، سادات هەر بەوەندە لێی نەگەڕا، لە زیندانیشی توند كرد.بۆچی ئەوەندە ئازابوو؟ چونكە خۆی لە كۆت و پێوەندی كەلەپووری دژە ئینسانی سەردەمبەسەرچوو قوتار كردبوو.هەمیشە هەڕەشەی ئیسلامییەكانی لەسەر بوو، دەیانویست ناسنامەی میسریی لێ وەربگیرێتەوە، دەیانویست بە زەبری شەرعی بیابان، لە هاوژینەكەی جوێ بكرێتەوە.

تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، كە شانبەشانی لاوان، لە گۆڕەپانی ئازادیی قاهیرەدا، هاواری دەكرد: بەڵێ بۆ شۆڕش.بواریان نەدا خۆی بۆ سەرۆككۆمار بەربژێر بكات، بەڵام لە بەهاری عەرەبیدا، لە ڕووخاندنی (سەرۆك) موبارەكدا بەشدار بوو.هەتا تەمەنی بوو بە نەوەد ساڵ هەر تابووی دەشكاند، هەر سنووری دەبەزاند، هەر بە گژ باوەڕی بەردیندا دەچووەوە و شاكاری ئەدەبی و فیكریی پێشكەش دەكرد.ڕەشەبای هەڕەشە قەت نەیتوانی، قەدی بڵند و پتەوی بهەژێنێت و چراوگی خەباتی بكوژینێتەوە.هەر كە كتێبێكی تازەی بڵاو دەكردەوە، ستەمكاران و تاریكیپەرستانی ئەوق دەكرد.

ئەم شۆڕشگێڕە مەزنە، كە تا ژیا لە پێناوی ڕزگاریی ئافرەت و گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتیدا تێكۆشا، لە سەردەمی ساداتدا زیندانی كرا، سەروەختی موبارەكیش ناچاریان كرد میسر بەجێ بهێڵێت.لەبارەی ڕژێمی (سیسی)یەوە دەیگوت: من هەرگیز یەكێك نەبووم لە مێگەل و نابم، ئەم دەسەڵاتە بەرانبەر بە ئافرەت، لەوانی پێشوو باشترە، ئەوەی لە یۆنیوی ٢٠١٣دا ڕووی دا، كوودەتا نەبوو، شۆڕش بوو.نەوال سەعداوی بەوە بەناوبانگ بوو، هەمیشە بە ڕاشكاوی و بە ڕوونی دەپەیڤی، هەمیشە بەبێ سڵكردنەوە، ئەوەی بن بەڕەی دەخستە سەر بەڕە.

لە حیزبە چەپەكانی ناوچەكە شۆڕشگێرتر بوو، كە ئازادیی ژنیان، تەنیا لە سەربەخۆییی ئابووریدا كورت دەكردەوە.دەیگوت: وەك چۆن ئەوە سووكایەتیكردنە بە مێ، ئەگەر خەتەنە بكرێت، ئەوەیش هەر سووكایەتیكردنە پێی، ئەگەر بە مەبەستی ئەوەی بزانرێت، پاكیزەیە یان نا، پشكنینی بۆ بكرێت.نەوال سەعداوی دەیگوت: ئیسلام لە بواری میراتیشدا، ستەمێكی گەورە لە ژن دەكات، پێویستە لە بەشە میراتدا ژن و پیاو یەكسان بن، وەك دەیان ساڵە لە توونس پێڕەو دەكرێت.

د.نەوال سەعداوی لە دوا پەیامی فەیسبووكیدا، كە ٢١ی سێپتێمبەری ٢٠٢٠ پۆستی كردووە، دەڵێت: (هاوەڵەكەم كچێكی كورد بوو، ناوی نارینا بوو، پێكەوە بەناو شارەكەدا دەگەڕاین.شەقامەكانی شار پاك و پان بوون، باخەكانی پڕبوون لە كچ، ژنان كە لە بازاڕدا شتومەكیان دەكڕی، كەسیان حیجابدار نەبوون.نارینا گوتی: لێرە زۆرینەی خەڵكەكە موسوڵمانن، بەڵام بڕوایان بە پۆشینی حیجاب نییە.ئێرە شارێكی فرە ئایین و فرە ڕەگەزە.لێرە ئایین نە بە میراتی دەمێنێتەوە، نە لە قوتابخانەدا دەگوترێتەوە، هاووەڵاتی كە فامی كردەوە، مافی ئەوەی هەیە ئایینی خۆی بگۆڕێت.) لە دوا (جریوە)یشیدا دەبێژێت: (بەسەر ژیان و مردنیشدا سەركەوتم، ئاخر ئیتر نە حەزم لە ژیان ماوە، نە لە مردن دەترسم.)