لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ڕایۆلا، هالاند بەرەو كوێ؟

07/04/2021

زەردەشت عوسمان
دوایی پەیوەندكردی (ئیرك هالاند) ئەستێرەی ووڵاتی نەرویج بەیانەی برۆسیا دۆرتمۆند بەردەوام بوو لەسەر ئاستەبەرزەكەی، ئەمەش وایكرد خێرا ئەو پرسیارە دروست بێت ئایا ئەم یاریزانە وێستگەی داهاتووی كوێیە؟ دەچێتە كام یانە؟ چونكە هێشتا تەمەنی ٢١ ساڵە، توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە لە تۆماركردنی گۆڵ، خێرایە، لەهەموو یارییەك ئەركی بەرگریكاران قورس دەكات و دەبێت بە وریایی مامەڵە بكەن .

بەم حاڵەوە نە یانەی دۆرتمۆند دەتوانێ بەرگری لەمانەوەیی هالاند بكات، نە یاریزانەكە دەتوانێ چاو دابخات لەبەردەم ئەو یانە گەورانەی پارەیەكی زۆری دەخەنە بەردەستی .یانەی دۆرتمۆند لە دۆخێك نیە بتوانێ پارێزگاری لە ئەستێرەكانی بكات،   چونكە بەم دواییە ئاست و ئەنجامەكانی خراپ بووە، لە پلەی پێنجەمی خولی بۆندسلیگا دێت، پێگەكەی مەترسی دروست كردوە كە نەگاتە خولی یانە پاڵەوانەكان، ئەمەش واتا ئەبێ دەسبەرداری یاریزانە باشەكانی ببێت، هەمان كات پارەیەكی باش دێتە خەزێنەكەی .

ڕایۆلا چی دەكا؟ 
مینۆ ڕایۆلا بریكاری هالاند، بە ڕێوییە فێڵبازەكە ناسراوە، لە ساڵی ١٩٦٧ لە باشوری ووڵاتی ئیتالیا لە دایك بووە .ڕایۆلا منداڵ بووە خێزانەكەیان دەچنە ووڵاتی هۆڵندا، دواتر كاری پیتزا دەكات لە شاری هارلیم .لە  ئێستا لە ئەمارەتی مۆناكۆی فەرەنسا دەژی .
ڕایۆلا حەزێكی زۆری بۆ تۆپی پێ هەبوو، زمانزانێكی بە تواناییە و دەتوانێ بە حەوت زمانی جیهانی قسە بكات، لە سەرەتاوە ویستی هەبوو ببێتە بریكاری یاریزانان .لە ساڵی ١٩٩٣ سەركەوتوو بوو  لە گواستنەوەی دینس بیركامپ بۆ یانەی ئینتەرمیلان، لەساڵی ٢٠٠١ یارمەتیدەری نیدڤید بوو تا بڕواتە یانەی یوڤانتس .

هەموو یاریزانێك دەیەوێ بریكارێكی وەك ڕایۆلایی هەبێت، چونكە دەزانێ چۆن بە پارەیەكی زۆری دەست بخات، سەرنجی یانەكان بۆ ئەستێرەكان ڕادەكێشی، لێزانە لە فشار خستنە سەر یانەكان، تا ناچاریان بكات دۆخی گرێبەستی یاریزانەكان باشتر بكەن .

ئەم بریكارە زۆرزانە بەوە ناسراوە تەنها بیر لە پارە دەكاتەوە، دروشمەكەی ئاوایە پارە بۆ گیرفانم پاشان ئەوە یاریزان، ئەمەش لە گواستنەوەی ماتیاس دیلێخت بە ڕوونی بینیرا، ئەم یاریزانە بە تەواوی نزیك بوو لە بەرشلۆنە، دیۆنگ كە لە یانەی ئەیاكس پێكەوە هاوڕێی و دووانەیەكی نایابوون ڕۆشتە بەرشلۆنە، بەڵام ڕایۆلا قەناعەتی بە دیلێخت كرد كە بڕواتە شاری تۆرینۆ و لە یوڤی گیرسایەوە، هەر ئەو كات دەنگۆیی ئەوە بڵاوبوویەوە كە یانەی بەرشەلۆنە ئامادە نەبووە بڕە پارەیەك لە دەرەوەی گرێبەستەكە بداتە ڕایۆلا، هەر ئەمەش وایكرد دیلێخت بەرەو ئیتالیا بڕوات .ڕایۆلا ئێستا بە مەرجی پێدانی ١٠ ملیۆن یۆرۆ ئامادەییە بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی دۆناڕۆما لەگەڵ میلان، هەموو وەرزێك فشار دەخاتە سەر یانەی مان یونایتد بە ڕۆشتنی پۆگبا تا بەزووی گرێبەستەكەی نوێ بكەنەوە بە بڕە پارەیەكی باشتر .

لە ئێستا نوێترین جوڵەی ڕایۆلا وێستگە و گرێبەستێكی نوێیە بۆ ئیریك هالاند كە چاوێكی زۆری لەسەرە .لەیەك ڕۆژدا لەگەڵ دوو زلهێزەكەی ئیسپانیا گفتوگۆیی كرد، دواتر ڕۆشتە ئینگلتەرا و یاریزانەكە پێشكەشی چەند یانەیەكی ئەو ووڵاتە دەكات.ئەم بریكارە بە سروشتی خۆیی گوێیی لەسەرجەم گرێبەستەكان دەگرێ، دواتر باشترین هەڵدەبژێرێ لە ڕووی زۆرترین مووچەی ساڵانە بۆ یاریزانەك، ئەو بڕە پارەیی خۆی دەستی دەكەوێت لە گرێبەستەكە.

ئەوەی هەیە ڕایۆلا كەسایەتیەكی گرنگی ناو تۆپی پێیە، بەردەوام یاری دەكات، یانەكان ناتوانن جڵەوی بكەن ، تەنانەت ڕەخنە لە ڕاهێنەرەكانیش دەگرێت ئەگەر بەباشی هەڵسوكەت لەگەڵ یاریزانەكانی نەكەن.وەك لە ڕابردوو ڕەخنەیەكی زۆری لە ڕاهێنەری مان یونایتد گرت چونكە لەبەر ئەوەی پۆگبا لەسەر كورسی یەدەگ بوو، هەروەها ڕەخنەی لە گواردیۆلا گرت چونكە بەباشی هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئیبراهیمۆڤیچ نەدەكرد .

هالاند وەرزی داهاتوو لە دۆرتمۆند نابێت بەڵام پێشبینی ئەوەی لە كوێیە قورسە، چونكە ڕایۆلا بریكارییەتی .