ئایا ڤاكسینی ئەسترازێنیكا خەلك دەكوژێت؟

08/04/2021

دكتۆر عارف گۆران
جێگای داخە میدیاكانی كوردستان لەبری ئەوەی ڕاستیە زانستیەكان دەربارەی ڤاكسینەكان بۆ خەلك روونبكەوە، بەدیاریكرای ڤاكسینی ئەسترازێنیكا، كە لە ئێستادا برێكی كەمی لە كوردستان لەبەردەستە، خەڵك دەتۆقێنن! 

ئەو كەناڵانەی لافی ئەوە لێدەدەن، كەزۆرترین بینەریان هەیە، بە مانشێتەكانیان خەڵك لە وەرگرتنی ڤاكسین سارد دەكەنەوەو دەیانترسێنن، لەبری ئەوەی باسی ئەوە بكەن، كە لە ولاتێكی وەكو بەریتانیا تا ئێستا ١٩ ملیۆن كەس ئەو ڤاكسینەی وەرگرتووە ، باسی مردنی حەوت كەس بەهۆی ئەو ڤاكسینەوە، كە تا ئێستاش بە تەواوی یەكلانەبۆتەوە، ئەو مردنە پەیوەندی راستەوخۆی بە ڤاكسینەكەوە هەیە! گریمان ئەگەر ئەمە یەكلاش بووەوە، ئەو ژمارەیە زۆر كەمە بە بەراورد بە ملیۆنان خەڵك، كە سوودیان لەو ڤاكسینە بینیوە. بۆ نمونە ئەگەر پێنج ملیۆن كەس لە كوردستان ڤاكسینی ئەسترازێنیكا وەرگرن ، بە پێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدایە رێژەی مردن ناگاتە سێ كەس.!

خەریكە كەنالەكانی راگەیاندن چۆن لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو پەتایەوە خەڵكیان دەتۆقاندو چەندین هەواڵ و زانیاری بێ بنەماو هەڵەیان بلاودەكردەوە، ئێستاش بۆ ڤاكسینەكە هەمان گاڵتەجاری دووبارە دەكەنەوە!. 
لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆڕۆناوە بروای تەواوم بەوە هەبوو، كە دەبێت ئێمەی دكتۆر رۆلی سەرەكی لە هۆشیاركردنەوەی خەلك دەربارەی ئەو پەتا نەگریسە ببینین، هەر بۆیە وەك بەشێك لە هاوكارانم دوور لە شاشەكانی تەلەفزیۆن لە رێگای سۆشیال مییدیاكانەوە ئەو ئەركەمان جێبەجێكرد، لە ئێستاشدا دەبێت هەموو هەولەكانمان لە دلنیاكردنەوەی خەڵك لە ڤاكسینەكان چڕ بكەینەوە. 

برادەرێكی بڕیار بەدەست لە حكومەت ئەمرۆ پەیوەندی پێوەكردم ، دیاربوو حەزی دەكرد رای من بزانێت كە چی بكرێت لە ئێستادا، كۆمەلێك پێشنیارم بۆ كرد.
پێم ووت پێش هەموو شتێك سنورێك بۆ كەنالەكانی راگەیاندتان دابنێن باچیتر خەڵك نەتۆقێنن، نەبوونی ئەو كەناڵانە لەبوونیان بەو شێوەیە باشترە، دەبێت حكومەت هەوڵی جدی بدات بۆ دابینكردنی برێكی زیاتری ڤاكسین و وەزارەتی تەندرووستی جگە لە چارەسەری ئەو كەسانەی تووشی ئەو پەتایە بووینە ، ئامادەكاری زیاتر بكات بۆ فراوانكردنی بنكەكانی كوتان ، چونكە من وەك كەسێكی باوەڕ بە زانست، دلنیام لە كۆتاییدا هەر زانستە سەردەكەوێت ، ئەگەر خەلكی كوردستان ئەمرۆش ترسیان هەبێت و دوو دڵ بن لە وەرگرتنی ڤاكسین، لە چەند رۆژو هەفتەی داهاتوو ئەو ترسە دەڕەوێتەوە . وەك هەمیشە باسمان كردووە ڤاكسینەكان هیوای دەرباز بوونی مرۆڤایەتین لەو پەتایە.

پرۆفایل
دكتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژكاری نەخۆشیەكانی هەناو
لەندەن