با كوڕەكانمان جوان پەروەردەكەین تا كچەكانمان ئازادبن

08/04/2021

تارا ئەحمەد
كچەكان بێدەنگ مەكەن و مەیانشارنەوە و دایانمەپۆشن و ڕوتیشیان مەكەنەوە بە ناوی مۆدێلەوە، بەڵكو پەروەردەی باشی  كوڕەكانتان  بكەن، كە كاتێك كچێك دەبینن، وەك مرۆڤ سەیری بكەن،  نەك وەك لاشە و سێكس و لاواز و بێعەقل و نەزان.

پرسیارێكی سادە ئەوەیە كە مرۆڤ بۆچی لە مرۆڤ بترسێ؟ . ژن بۆ لە پیاو  بترسێ؟ . بۆچی كچ لە كوڕ بترسێ؟. لە كاتێكدا ئەم دوو مرۆڤە تەواوكەری یەكن بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگا. ئەمە ئەگەر بتەوێت كۆمەڵگایەكی خاوەن موراڵی بەرز  دروستكەیت، كە  ڕێزی ژنان و كچان بگرێت.  چونكە ژنان جگە لەوەی وەك پیاوان دەتوانن كاربكەن، لەگەڵیدا ئەركێكی گەورەتریشیان هەیە، ئەویش سكپڕی و دایكایەتیە . 
من بڕوام وایە لە دایكایەتی بەنرختر و گرنگتر نیە لە ژیاندا، چونكە ئەوە بەردەوامی بە ژیان دەدات.  بۆیە  شاردنەوە و باسنەكردن لە قۆناغەكانی خوێندندا و نەشارەزایی و نەزانی كۆمەڵگاش لە سەر بابەتی سوڕی   مانگانە وسكپری و خۆناساندن وئاڵوگۆڕی لاشەی  منداڵانی هەرزەكاران بە شێوەی زانستی  وایكردوە كە كچان و كوڕان ببنە دوو جیهانی جیاواز و نامۆ بەرامبەر بە یەك.

كۆمەڵگا بە دوو جۆر تاوانی مێژوویی دەكات بەرامبەر بە كچ و دایك و خوشك و ژن، ئەمەش وا لە ژنان دەكات مرۆڤبوونی خۆیان بیربچێتەوە و ببنە كەسانێكی كەم دەسەڵات و لاواز، ئەوانیش یەكەمیان خۆڕوتكردنەوە و مۆدێل و دەرخستنیانە و دووەمیشان شاردنەوە و داپۆشینیان و بێدەنگكردنیانە، كە هەردوكیان بە كاڵا كردنی ژنانە. ژنان وەك خۆیان جوانن و وەك خۆشیان مرۆڤن . وازیان لێبێنن با خۆیان بڕیار لەسەر جلوبەرگی خۆیان و كەسایەتی خۆیان بدەن، لەگەڵ پەروەردەی  بڕوابوون بە خۆ و نزیكی و هاوڕێیەتی كردنی كچەكانتان ،كە گەورەترین و جوانترین دەستكەوتی ژیانە. 

پیاو لە ژن  دەبێت، كەچی بەشێكیان دەستیان دەچێتە خوێنی خوشك و ژن و كچ و هەندێك جار دایكیشیان. كەواتە ئەمجۆرە لە  پیاوان جێگەی ترسن بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام ئەمەی من دەیڵێم یاسای دارستان و بیابانە و  پیاوان  وەك جەنگاوەر و شەڕكەر هەژمار دەكرێن و دەسكەوتیشیان لە شەڕدا دەبێت، ژنانیش بەشێكن  لەو دەسكەوتە. ئەمجۆرە لە عەقڵ و بیركردنەوەی كە لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتووە ،دەكرێت بوەستێنرێت و نەفرەتی لێبكرێت و قەدەغەبكرێت. بۆئەوەی هەم ڕێزی ژن بگەڕێتەوە وەك مرۆڤ، هەم  ڕێزی پیاوانیش  وەك مرۆڤ نەك جێگەی ترسبن.

  كچەكانتان مەكەن بە قوربانی كوڕەكانتان، پەروەردەیان جیا مەكەنەوە، هەردووكیان مرۆڤن و حەزیان لە ژیانە. لەمەشدا دایكان بەرپرسی یەكەمن، چونكە لە كۆمەڵگای نیمچە خێڵەكیدا  زۆری بەرپرسیارێتی منداڵان لەسەر شانی ژنانە.  بۆیە خانمەكەم ئەگەر تۆ چەوساویتەتەوە لە لایەن دایك و باوك و براتەوە،  هەوڵبدە تۆ ئەمە دووبارە مەكەرەوە. ئەگەر زوو بەشودراویت پێش ١٨ ساڵان، نەكەی هەمان هەڵە بكەیتەوە بەرامبەر بە كچەكەت. با كچەكەت ببێتە خاوەن بڕوانامەی خۆی، چونكە هەر خوێندن و خوێندنەوە و گەڕان و دنیابینین مێشك دەكاتەوە.   

 دووبارە دەیڵێمەوە كە  واز لە كچەكانتان بێنن، كوڕەكانتان پەروەردەكەن و فێریان بكەن، مرۆڤ ئازادە، بەمەرجێك كاریگەریی خراپی نەبێت و بەشی تۆ نەبات. چونكە لە ئازادیشدا مرۆڤ دەتوانێت تەنیا بەشی خۆی هەبێت نەك بەشی ئەوانیتر ببات. هیچ شتێك لە دنیادا نرخی بە ئەندازەی ئازادی گرنگ نیە. هەموو ئەو تیرۆرانەی بە ناوی شەرەفەوە دەكرێن بەدەر لە موڵكایەتی، مانای نەبوونی ئازادیە، ئەی پیاوی عەقڵ نێرسالار، ژن هەرگیز شەرەفی تۆ نیە، هەموو مرۆڤێك شەرەف و موراڵی بە هەڵسوكەوت و مامەڵە و شێوازی قسەكردنیەوەیە .

لەگەڵ ئەوەشدا  ژنان پێویستیان بە هوشیاری و ئاگایی هەیە . چونكە زۆرینەی ژنان بەهۆی ترسیان لە پیاوەكانیان یان بەهۆی بێئاگاییان لە ژیان و نەزانینیان دەكەونە بەرامبەر كچەكانیان  و دەیانچەوسێننەوە . بۆئەوەی ئەمە ڕونەدات و بۆئەوەی نەبێت بە كۆیلەی هیچ پیاوێك و كچەكانیشی نەكات بە قوربانی كوڕەكانی،  ژنان پێویستیان بە هوشیاری و تێگەیشتنە. كە بە ڕاستی  لە كۆمەڵگای كوردیدا  ئەم كێشەیەیە دەبینرێت، هەر وەك دەڵێن ئەگەر باوك یان پیاو هوشیاربێت، واتا یەك كەس هوشیارە، بەڵام ئەگەر دایك یان ژن هوشیار بێت، واتا خێزانێك هوشیارە.