سەبارەت بە دابەشكردنی موچە بە دۆلار

08/04/2021

گوڵاڵە سدیق
هەندێك پەرلەمانتاری عێراق، لە زانین بێت یان لە نەزانی خۆیانەوە، داوایان كردوە موچە بە دولار دابەش بكرێت!
سستمی پەرلەمانی عێراق، دۆخێكی وای لە عێراقدا خوڵقاندوە كە پەرلەمانتار مەهامی راستەقینەی خۆیان بیرچوەتەوە كە یاسادانانە، هەریەكە لەپێناو موزایەدە دۆخێكی وایان خوڵقاندوە كە بەتەواوەتی گەلی عێراقییان توشی دڵەڕاوكێ و سەرلێشێوان كردوە.
هەروەك چۆن بەهۆی لێدوانە نابەرپرسانەكەیان سەربارەت بە نرخی دولار چەندین جار بازاڕیان توشی شڵەژان كرد، وا لەئێستادا داوا دەكەن موچە بە دولار دابەش بكرێت!

داواكردنی پرسێكی لەم شێوەیە نە ئابورییە وە نە یاساییە چونكە:
١ـ كاری پەرلەمان و دەسەڵاتی پەرلەمان نیه داواكارییەكی لەو جۆرە لە حكومەت بكات.
٢ـ عێراق دەوڵەتێكی خاوەن سیادە و دراوی خۆیەتی، بەهیچ جۆرێك ناكرێت بە دراوێكی تر جگە لەدراوی خۆی موچە دابەش بكات.
٣ـ لە ئەگەری دابەشكردنی موچە بە دولار، دوبارە زەرەرە بۆ  گیرفانی هاوڵاتیان، چونكە كاتێك دەوڵەت موچە بە دولار دابەش بكات، بۆ نمونە بە نرخی بانكی ناوەندی بە ١٤٦٠ دینار بۆ دولارێك دەیخەمڵێنێت، بەڵام كاتێك فەرمانبەران لەكاتی موچە وەرگرتندا موچە دولارەكەیان دەبەنە بازاڕ، بەمەش خستنەڕویەكی زۆر لە بازاڕدا روودەدات و بەمەش بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی دولارەكەیان دەفرۆشن.

هەروەك چۆن لەكاتی روخانی رژێمی سەدامدا، ١٠٠ دولار بە ٨٠٠ دینار بوو، بەڵام حكومەتی هەرێم بە ١٠٠٠ دینار دەیشكاندەوە و دەیدا بە فەرمانبەر، بەڵام فەرمانبەر بەناچاری لەبازاڕ بە ٨٠٠ دینار و كەمتر دەیفرۆشتەوە!