بڕیارێكی دروست، بەڵام درەنگوەخت!

08/04/2021

د.شوان ئادەم ئەیڤەس*
راگرتنی سێ پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی كەناڵە ئاسمانییەكانی نێت و كۆڕەك و كوردماكس بڕیارێكی دروستە؛ ئەگەر خاوەنی كەناڵەكان و ئامادەكار و پێشكەشكارانی پرۆگرامەكان بە سنورداركردنی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی خۆیان راڤەی نەكەن!

ئەوەی ئەو كەناڵانە و هەندێك پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی دیكە دەیكەن؛ بەدوورە لەهەر بەها و بنەما و پێوەرێكی میدیایی پیشەوەر كە ئامانجی خزمەتكردنی بەرژەوەندی گشتیی و دەستوەرنەدان بێت لە ماف و ئازادییە كەسییەكانی تاكەكانی كۆمەڵگە. لەمێژە وتراوە ئازادییەكانی هەر كەسێك لەوێدا كۆتاییان پێدێت كە ئازادییەكانی كەسێكی دیكە دەستپێدەكەن، بەڵام لەوەش گرنگتر هەبوونی تێگەیشتنێكی قووڵە لەسەر ئەوەی كە كێ و كەی و لەكوێ و چیی و چۆن و بۆچیی ئازادییەكان؛ ئازاد یان یاساغ دەكرێن!

ئەوانەی پێیان ئاسان و ئاساییە لەسەر شاشەی تیڤییەكان و لەئاڵتونیترین كاتی پەخشدا، ئەزموون و باسوخواسی خوێناوییبوونی جلی ژێرەوەی ژنان و چیرۆكی خیانەتكردن لەهاوسەر و چۆنییەتی لەباربردنی كۆرپەی یاری پێشوویان و دابەزاندنی زمانی دەربڕین بۆ جنێو و جڕت و جیاكاریی جێندەریی و ئەزموونكردنی جۆرە جیاوازەكانی قۆپییەكردن و سێكساندنی هەواڵە گەرمەكانی رۆژ و تێكدانی شیرازەی خێزان و هاندانی دژایەتیی منداڵان لەباوانیان و چەندان جوڵە و ئاماژەی هەرزەكارانەی دیكە بۆ پیر و گەنج و منداڵ و هەرزەكار بكرێت؛ بەدوور لەهێڵی سووری دەرگاوانی میدیایی و تێپەڕاندنی بە فلتەری پەروەردەیی و دەروونیی و خوێندنەوەی واقیعی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەیەكی نەریتسالاری هەرێمی كوردستاندا تەنیاوتەنیا ئامانجیان؛ رێكنەخستنی یاسایی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی كەسەكان و هەڵوەشاندنەوەی هەر رێسایەكە تێیدا پیشەكان بە ئاڕاستەیەكی باشدا بەكاربهێنرێن!

شۆمەگەزین و نێتگرام و نایتشۆ؛ نموونەی سێ پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی سێ كەناڵی ئاسمانیی خۆشباری (Entertainment )ن كە لەسەر سكاڵای یاسایی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بۆ ماوەی هەفتەیەك بڕیاری راگرتنیان دراوە، بەئامانجی پێداچوونەوە بەناوەڕۆكی پرۆگرامەكانیاندا و گونجاندنیان لەگەڵ كولتور و كەلەپور و داب و نەریتی كوردەوارییدا.

ئەگەرچی درەنگوەخت بوون، بەڵام ئەو بڕیاری راگرتنانە راست و دروست بوون، چونكە راستەوخۆ بڕیاری راگرتنی هەمیشەیی پرۆگرامەكان و پەخشی كەناڵەكان نەدراوە، بەڵكو زۆرتر وەك ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختە دەبینرێن كە پێویستە لەماوەی ئەو هەفتەیەدا كەناڵەكان بەرپرسیارانە؛ پێداچوونەوەیەكی پیشەیی بەئەنجامی بەرهەمە پەخشكراوەكانیاندا بكەن و هەوڵبدەن بەراوێژكردن لەگەڵ پسپۆڕاندا ئاڕاستەیەكی نوێی كاركردن بدۆزنەوەو لەپێناو چەند ئامانجێكی پیشەیی بیرلێكراوەی پشتبەستوو بەپێوەری میدیایی و پەروەردەیی درێژە بە مانەوەو بەردەوامیی خۆیان بدەن.

ئەو پێداچوونەوەیەش دەبێت ئامانجی سەرەكیی ئەوە بێت كە لەلایەك ئەو كەناڵانە و پرۆگرامەكانیان نەبنە سەرچاوەیەكی فێركاریی حازربەدەست بۆ دەركەوتە و دیاردە نەشاز و نەشیاوەكانی كۆمەڵگە؛ لەسەر دەستی چەند هەرزەرەفتارێك كە نە میدیاكارن نە لەئیتیك و ئەتەكێتی كاركردنی میدیایی تێدەگەن. لەلایەكی دیكەشەوە ناكرێت بەمۆدێلی ئەوروپایی و خۆرئاوایی بیر لە بەرهەمهێنان و پەخش و بڵاوكردنەوەی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی بكرێتەوەو لەولاشەوە دیاردەی ژنكوژیی و خۆكوشتنی گەنجان و ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنی رۆشنبیریی تاكەكان لەبەرچاو نەگیرێت و هەموو كرۆكی پرۆگرامەكان لەسەر بەئامانجگرتنی پێكەنین و ئاساییكردنەوەی تاوان و سپیكردنەوەی پێشلكارییەكان و شكاندنی كەسایەتیی ئەوانیدیكە بنیات بنرێن!

لەدوای ئەو بڕیارانەوە، زۆر گرنگە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بەهەمانگیی لەگەڵ شارەزایان و رێكخراوە میدیاییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییدا كار لەسەر وردتر چاودێرییكردنی پیشەیی و رێكخستنی یاسایی پەیامی میدیایی كەناڵە زەمینیی و ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن. بەجۆرێك رستێك پێوەری دیموكراسیانەی هاوچەرخی نووسراو بۆ لادان و پێشێلكارییەكانی میدیاكان بەرهەمبهێنن و بڵاوی بكەنەوە، تاوەكو بەهەموولایەك رێگریی لەخراپ بەكارهێنانی میدیای كوردیی و پەیامەكانی بگیرێت كە ئێستا هەمووان لێی زیانمەندن.

*سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك)