سەڵاحەددین بەهادین دەتوانێت هاوپەیمانی هیوا بكاتە لیستێكی هەڵبژاردن؟

08/04/2021

 ئیبراهیم عەلی

س: بوار
وردەكاری هەوڵەكانی سەڵاحەددین بەهادین بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ماوەی دوو مانگ زیاترە هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانێتی دەدات لەنێوان لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی، بەئامانجی كۆكردنەوەی تەواوی دەنگە ناڕازییەكانی هەرێم لەچوارچێوەی لیستێكی هەڵبژاردندا.

سەرەتای بیرۆكە
بەهۆی هەمواركردنەوە یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حیزبە بچوكەكانی هەرێم زیانێكی گەورەیان بەردەكەوێت و بەشێك لەو حیزبانە بەئەگەرێكی زۆرەوە كورسییە پەرلەمانییەكانیان لەدەست دەدەن. بۆیە هەر یەك لەو لیستانە لەدوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە كەوتونەتەخۆ بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان لەو هەڵبژاردنە دەربچن. بۆ ئەوەی ئەو حیزبە بچووكانە لەمەترسی لەدەستدانی كورسییەكانیان دەربچن پێویستە هاوپەیمانێتی بكەن لەنێوان خۆیاندا.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان كە لەئێستادا بەهەردووكیان خاوەنی چوار كورسی پەرلەمانین. چەند كۆبونەوەیەكی هاوبەشیان كردوەو گفتوگۆیان لەبارەی ئەو میكانزمانە كردووە كە دەبێتە هۆی ئەوەی پارێزگاری لەكورسییەكانیان بكەن. چونكە ئەگەر هەر یەك لەو دوو حیزبە بەتەنیا بچنە هەڵبژاردنەوە ئەگەرێكی زۆرە هەر چوار كورسیەكەیان لەدەست بدەن.
بەپێی زانیارییە تایبەتیەكان لەكۆبونەوەیەكی تایبەتی نێوان یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری پێشنیاری ئەوە كراوە كە هەوڵ بدەن هاوپەیمانێتی هیوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێتە لیستێكی هەڵبژاردن.
سەرەتا لەبارەی ئەو پێشنیارەی یەكگرتووی ئیسلامییەوە، كۆمەڵی دادگەری رەتیان كردووەتەوە ئەوان هەوڵبدەن هاوپەیمانێتی هیوا بكرێتە لیست. بیانوەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوە بووە كە بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووەو پێویست ناكات كۆمەڵ و یەكگرتوو لەسەر حیسابی خۆیان ئەو حیزبە لەئەنجومەنی نوێنەران بكەن بەخاوەنی كورسی.
بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی پێیان وابووە كە ئەوان وەك دوو هێزی ئیسلامی ناتوانن بەتەواوی نوێنەرایەتی خەڵكی نارازی بكەن. بەڵكو پێویستە ئەو لیستەی دروستی دەكەن لیستێكی ئایدۆلۆژی نەبێت و هەمو خەڵكی كوردستان بەلیستی خۆیانی بزانن.
ئەم كۆبونەوەیە دەبێتە بناغەی ئەوەی كە كار لەسەر دروستكردنی لیستێكی هاوبەشی نێوان هەر یەك لەبزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ بكرێت.

سوڵحی ناوخۆی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، موسەننا ئەمینی پەرلەمانتاری حیزبەكەیان رادەسپێرن كە قسە لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بكەن بۆ ئەوەی پێیان بوترێت كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەیەوێت ئەو پەرلەمانتارانەی بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێنێتەوە ناو حیزبەكەیان بۆ ئەوەی سود لەناوبانگی ئەو پەرلەمانتارانە وەربگیرێت بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەك كورسی پەرلەمانی.
ئەو پەرلەمانتارانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەو هەوڵەی یەكگرتوی ئیسلامی رازی دەبن بەو مەرجەی ئەو پەرلەمانتارانە لەچوار بازنەی جیاوازی پارێزگای سلێمانی خۆیان كاندید دەكەن و هیچ پەیوەندییەكی حیزبییان بەگۆڕانەوە نابێت.
گفتوگۆكان ئێستا لەقۆناغی كۆتاییدان، لەچەند رۆژی رابردوو خودی سەڵاحەددین بەهادین سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ رێكخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە بكات.
لەو كۆبونەوەیەدا عومەری سەید عەلی تەحەفوزی زۆری هەبووە لەسەر گەڕانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ نێو بزوتنەوەی گۆڕان. لای خۆیەوە عومەری سەید عەلی چاوی لەهاوپەیمانێتیكردنە لەگەڵ هەر یەك لەپارتی و یەكێتی. نەك گرەو لەسەر گەڕانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بكات كە لەماوەی رابردوودا هیچ ئیلتیزامێكی حیزبی بزوتنەوەی گۆڕانیان جێبەجێ نەكردووە.

پلانی یەكگرتووی ئیسلامی
سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان لەهەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ بازنەی هەڵبژاردن بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە كراوە بە 12 بازنەی هەڵبژاردن.
بەهۆی ئەو فرە بازنەییەوە جگە لەپارتی و یەكێتی هێزەكانی دیكە بەبێ دروستكردنی هاوپەیمانێتی ناتوانن ببن بەخاوەنی كورسی پەرلەمانی. چونكە دۆخی هیچ كام لەو هێزانە هی ئەوە نییە بتوانن لەسەر ئاستی ئەو بازنانەی دیاریكراون ببن بەخاوەنی كورسی پەرلەمانی.
بۆ نمونە یەكگرتووی ئیسلامی لەپارێزگای دهۆك لەهەڵبژاردنی رابردوودا خاوەنی نزیكەی پەنجا هەزار دەنگ بوو لەسەرتاسەری ئەو پارێزگایە ئینجا توانی كورسییەكی پەرلەمانی بباتەوە، بەڵام ئەمجارە ئەستەمە بتوانێت هیچ كورسییەك ببات، چونكە دەنگەكانی دابەش دەبن بۆ سەر سێ بازنەی هەڵبژاردن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەهیچ كام لەو بازنانە نەتوانێت كورسی بباتەوە.
لەپارێزگای هەولێر، خاوەنی 25 هەزار دەنگ بوو بەو هۆیەوە نەیتوانی هیچ كورسییەك لەو پارێزگایە بباتەوە، لەئێستادا كە پارێزگای هەولێر بووە بەچوار بازنەی هەڵبژاردن لەو حاڵەتە ئەستەمە ئەو حیزبە بتوانێت هیچ كورسییەكی پەرلەمانی ببات. بەڵام لەپارێزگای سلێمانی بەنزیكەی 45 هەزار دەنگ توانی كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران بباتەوە، بەڵام ئێستا ئەو پارێزگایە بوەتە پێنج بازنەی هەڵبژاردن، بەم هۆیەوە دەنگەكانی یەكگرتوو دابەش دەبن بەسەر پێنج بازنەو ئەستەمە یەكگرتوو بەبێ هاوپەیمانێتی هیچ كورسییەك لەو پارێزگایە بباتەوە. ئەم دۆخە بۆ كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕانیش هەمان شتە، بەڵام لەئەگەری هاوپەیمانێتیكردن رەنگە بتوانن پارێزگاری لەبەشێك لەكورسییەكانیان بكەن.
بۆیە یەكگرتووی ئیسلامی كورستان دەیەوێت رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ هەر یەك لەبزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەری بكات بۆ هەر پێنج بازنەكەی پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەك لەهەر بازنەیەك تەنیا دوو كاندیدیان هەبێت كاندیدەكانیش ئافرەتێك و پیاوێك بن. لەپارێزگای هەولێریش لەكۆی چوار بازنە تەنیا لەسێ بازنە كە ئەگەری بردنی كورسیان هەیە یەك كاندیان هەبێت. لەپارێزگای دهۆكیش لەكۆی سێ بازنە تەنیا لەدوو بازنە كاندیدیان هەبێت. واتە بەكۆی گشتی ئەو هاوپەیمانێتییە 15 كاندیدیان هەبێت. بەڵام تا ئێستا هیچ كام لەهەوڵەكانی یەكگرتوی ئیسلامی نەگەیشتووەتە ئەنجام.

لەئەگەری سەرنەگرتنی هەوڵەكان چی رودەدات؟
ئەو هەوڵانەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەئێستادا پێیانەوە سەرقاڵە تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئەگەر بتوانرێت تەواوی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەك كۆبكرێنەوە ئەگەری زۆرە ئەنجامێكی هەبێت بۆ هێزە ناڕازییەكانی هەرێم، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لەئەگەر سەرنەگرتنی ئەو هەوڵانە چی رودەدات؟ بەپێی ئەو داتاكانی هەڵبژاردنی رابردوو بێت هەر یەك لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی ئەگەر بەدوو لیستی جیاوازی لەتەواوی بازنەكان كاندیدیان هەبێت ئەوا لەسەرتاسەری كورستاندا ناتوانن هیچ كورسییەكی پەرلەمانی ببەنەوە. هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە كە لەئێستادا لەدۆخێكی خراپی سیاسییدایەو ناتوانرێت بەتەواوی چارەنوسی یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام بردنی كورسی پەرلەمانی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەم دۆخەی ئێستایەوە ئەستەمە.