ئەو كەناڵانە هی كێن؟

08/04/2021

مەحمود یاسین كوردی
كاك مەسعود بارزانی وەكو پیاوێكی موحافیزكار و (مەرجەعی پارتییەكان) دەتوانێ بودجەی ئەو كەناڵە خراپانە ببڕێ و دایانبخات نەك وەزارەتی رۆشبیر داوای راگرتنی بەرنامەكانیان بكات.
كەناڵی كۆڕەك هی برازای بارزانییە.
كەناڵی كوردماكس هی كوڕی خاڵی بارزانییە.
كەناڵی نێت بە پارەی ریكلامی كۆمپانیاكانی حیزبەكەی بارزانی بەرێوەدەچێ.
بۆیە چارەسەرەكە لای پارتییە با سیاسەتی كەناڵەكان بگۆڕی یان كەناڵەكان دابخات.

 ئەو هەموو بینەو بەردەیەی ناوێ فەرموون بودجەی ئەو كەناڵانە ببڕن ئەگەر راستگۆن، بەڵام حكومەت لەگەڵ نزیك بوونەوە مانگی رەمەزان و هەڵبژاردن دەیەوێ عاتیفەی موسڵمانان رابكێشێ داوای راگرتنی ئەو بەرنامانە بكات ئەوا دەستەكەیان كەشفە، چونكە حكومەت خۆشی دەزانی ئەم هەفتەیە ئاخیر بەرنامە پێشكەش دەكەن، چونكە كەناڵەك خۆی بەرنامەكان بە هۆی وەرزی نوێ و مانگی رەمەزان رادەگرێ، جا حكومەتیش دەیكاتە پیاوەتی خۆی.

من بۆیە داوا دەكەم ئەو حیزب و كەسانەی لە پشت ئەو كەناڵانە بەرنامەكان رابگرن نەك بە هۆی بڕیاری سانسۆڕی حكومەت، چونكە گومانم هەیە لە پاڵ راگرتنی ئەو ٣ بەرنامەیە سبەی داوای راگرتنی ٣ بەرنامەش لە هەر سێ كەناڵی (#NRT ، سپێدەو پەیام) دەكەن.
خەڵكی خۆش باوڕ هەیە بڕوا بەو بڕیارەی حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیری دەكات ئەخر كەس هەیە بڕیار دژی خۆی دەربكات!

بۆیە ناوی كاك مەسعودم هێنا دڵنیام كەس ناتوانێ قسە لە قسەی بكات هەر كاتی خۆشی لە سەر پێشنیازی یەكێتی زانایان سزای كەناڵی كوردستان تیڤیدا.

نابێ ئەوەمان لە بیربچێ بەشێك لە هۆكاری كردنەوەی ئەو كەناڵە تەرفیهییەكان بۆ گۆڕینی رایگشتی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگاو سەرقاڵكردنی گەنجانە بە تایبەتی ژنان و كچان تا ئاگایان لە بابەتە جدییەكان نەمێنێ، خەڵك ئێستا ئەوەند خەمی زانیاری لە سەر جوانكاری و ژیانی مەیكەپ ئارتس و كچە مۆدێلەكان ئەوەندە ئاگای لە ژمارەی بەرمیلی نەوتی هەرێم نییە كە دەفرۆشرێ!، بۆیە ئەو كەناڵانە خزمەتێكی باشی گرووپێك لە مافیاو خەڵكی گەندەڵ دەكەن بە بیانووی ئەوەی باسی سیاسەت مەكەن یان تاقەتمان نییە باسی سیاسەت بكەین!