ئایا ئەتلەتیكۆ، لالیگای لەدەستدا؟

08/04/2021

عیسام شەوالی
ئەمە پرسیارێكە، پاش دۆڕاندنی ئەم دواییەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، لای هەموان دروست بوە، ئەوەشی جێگیرە كە یانەكەی پایتەختی ئیسپانیا لە كۆتایی مانگی شوباتەوە دەستی كردوە بە لەدەستدانی خاڵ، بەوەش لە ماوەی دوایی لە پاشەكشەدایە نەیتوانیوە لە قەیرانی لەدەستدانی خاڵەكان دەربچێت ( متمانە لەدەست چوە)، بەها جێگیرەكان وەك خۆی نەماوە، بردنەوەكانی ریاڵ و بەرشەلۆنەش فشاری زیاتر كردوە و كاری كردۆتە سەر ئاستی ئەتلەتیكۆ.

چونە دەرەوە لە خولی یانە پاڵەوانەكان، قوڕەكەی خەستتر كردۆتەوە، ئاستە بەرزەكەی سەرەتای ئەم وەرزە لە قورسترین و گرنگترین ماوەی لالیگادا نەما، لە مانگی شوباتەوە ژمارەكانی رۆخی بلانكۆس بەم شێوەیەیە:
16 خاڵ بەدەست هێناوە لە بەرامبەر 23 خاڵ بۆ ریاڵ و 25 خاڵ بۆ بەرشەلۆنە، بە 10 خاڵ لە پێش یانەكانی دیكەوە بوو بەڵام دوای دۆراندنی بەرامبەر بە سیڤیلیا خاڵەكان بۆ یەك خاڵ لەگەڵ بەرشەلۆنە و 3 خاڵ لەگەڵ ریال كەمبۆوە، روبەروبونەوەكانی داهاتوشی قورسە بە تایبەت ئەوەی لە كامپ نو دەبێت.

لە بەرامبەردا روبەروبونەوەی دوو یانەكەی پاش ئەتلەتی دەكرێ، بەرشەلۆنە و ریال مەدرید رۆژی شەممە یاری دەكەن و یاریەكە لە یاریگای ریاڵدایە و یەكلاكەرەوەیە، براوە دەچێتە ململانێی توندتر و دۆڕاویش سەری دوانەكەی پێشەوە دەكات.
بۆیە كلاسیكۆ زۆر گرنگە ، لیگاش تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە، ئەتلەتیكۆ جیاوازیەكانی لەدەستداوە، بەرشەلۆنە ئۆقرەیی كارگێری بۆ هاتۆتەوە و گەرانەوەی میسی ، لایەنێكی باش بە بەرشەلۆنە دەبەخشێ بە تایبەت بەرشەلۆنە لە چامپیۆنس لیگ نەماوە و پشوویان زیاترە لە ریال مەدرید كە خشتەی یاریەكانی زۆر قەرەباڵغە.

لە بەرامبەردا زێدان وا رایهێناوین كە لە قورسترین دۆخەكاندا سەركەوتوو بێ، لیگا هێشتا ماوە و خولی یانە پاڵەوانەكانیش خەونێكی نوێبوەوەی سەركردەكەی پایتەختە، سەركردەی وڵاتەكەی و ئەوروپاشە و مێژوو گەواهی بۆ دەدات.

كێ كلاسیكۆی جیهان دەباتەوە؟ رۆژانی داهاتوو بۆ كێ رۆشن ئەبێ؟
كۆتایی ئەم وتارەش وەڵامەكەی لە ناونیشانەكەدایە، ئایا ئەتلەتیكۆ لالیگای لەدەست داوە؟ وەڵامەكەش: بەڵێ، لالیگا لەدەستچوو ئەی ئەتلەتیكۆ.. سبەینێش بۆ ئەوانە نزیكە كە چاوەروانین.