كاتێك قەیران بە ئاگامان دێنێتەوە!

08/04/2021

خالد سلێمان
ساڵی 2010 كە سەرنووسەری گۆڤاری (هەفتانە) بووم، بەشێك لەبیركردنەوەو پلانم لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی گۆڤارەكەدا، دابینكردنی ڕووبەرێكی شیاو بو لەسەر ژینگەو ئاو و خۆراك. كارەكەش ئاسان نەبوو لەناو دیمەنێكی سیاسی ئاڵۆزكاو، هەروەها پۆپۆلیزمێكی بێ پەروادا، مەسەلە ژینگەییەكان، بەتایبەتیش سەرچاوەكانی ئاو و سیستمی سروشتی بكەیتە بەشێك لە گوتاری گۆڤارێكی هەفتانەی سیاسی. ئەگەر بە باشی لە یادەوەریمدا مابێت، لە ماوەی ساڵێكدا ژمارەیەكی تایبەتمان هەبو لەسەر ئاژەڵە كێویەكان، ژمارەیەك لەسەر ئاسایشی خۆراك، ژمارەیەك لەسەر گەرمبونی زەوی، ئاویش وەك سەرچاوەیەكی جەوهەری و زیندوو، لە زۆربەی ژمارەكاندا ڕۆماڵ دەكرا.
 
لە كاتێكدا كارم بۆ ئەم سیاسەتەی میدیا لە كوردستاندا دەكرد، وێنەی سەركردەكانی ئەو كاتەی ئۆپۆزسیۆن و هەردوو حزبی دەسەڵات ڕووبەرەكانی میدیا و ڕای گشتییان داگیركردبو. ڕۆژنامەنووس حەزی لەوەبو لەسەر ڕاپۆرتێكی وروژێنەری سیاسی كاربكات نەك بابەتێكی (ساردی) وەك ئاو یان ئاژەڵە كێوییەكان یان سیستمی سروشتی، ئەم شتانە بەلای زۆربەی ڕۆژنامەنووسانەوە بێ كەڵك بون. جارێكی هاوپیشەیەكم كە ئەستێرەیەكی (تی ڤی) بو، پێی وتم: سێ چارەكی گۆی زەوی ئاوە، ئیتر باسی بێئاویی چیم بۆ دەكەیت؟ ناهەقی نەبو، ئاوی دەریاو سازگاریی لەیەك جیا نەدەكردەوە!

باسكردن لە ڕابوردوو، هیچ سودێكی نیە، بەڵام ئەم وشكەساڵییەی ئێستا ڕووبەڕووی كوردستان بوەتەوە، لەبەرئەوەی هیچ پلانێكی پێش وەختە نیە بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی، لەناو میدیاكاندا بوەتە بابەتێكی گەرم. لە واقیعیشدا بابەتە نەك تەنها گەرمە، بەڵكو پڕوكێنەرو سوتێنەرە. بەرپرسە حكومیەكان تەنها ئەوەندەیان بۆ دەكرێت بڵێن ئێران و توركیا سەرچاوەی ئاوەكانیان گرتوەو بەنداوی زۆریان لێداوە، ئەمەش ڕاستییەكی تاڵە، بەڵام ڕاستی لەوە تاڵترە بێباكی و بێ پلانیی دوورمەودای حكومەت خۆیەتی بەرامبەر سەرچاوەی ئاوو چۆنێتی بەڕێوەبردنی.
 
لەبری سیاسەتێكی فاشیلی نەوت كە دەسەڵاتدارانی دەوڵەمەند كرد و بەڵای ئابووری و ژینگەیی بۆ كۆمەڵگەی كوردستان دروستكرد، ئەگەر ئیدارەیەكی باشی سەرچاوەكانی ئاویەكانی كوردستان بكرایە، ئێستا توشی ئەم دڵەراوكێیە نەدەبوین. ئەگەر بەنداوی بێخمە دروست بكرایە، بۆ دووساڵیش مەترسی بێئاویمان نەدەبو، ئەگەر چارەكێكی ئەو هەمو پارەیەی دەچێتە گیرفانی بەرپرسەكان و كۆمپانیا زەبەلاحەكانیانەوە، بۆ (موعالەجە) كردنی ئاوی بەكارهاتوو تەرخان بكرایەو بۆ پیشەسازی و هەندێ بواری ئاودێریش بەكار بهێنرایە، ئێستا ئاوی یەدەگمان هەبو،  ئەوەندەش لە ترسا نەدەژیان، چونكە ئاوی زێرابەكانیش لە فەرهەنگی زانست و تەكنۆلۆژیای نوێدا، وەك سەرچاوەیەكی نوێ بوەوە تەماشا دەكرێت، نەك وەك شتێك بێكەڵك.

بەڵام قسەكردن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە كوردییەدا وەك قسەكردنە لەگەڵ دیواردا، دەسەڵاتداران و حوكمڕانەكان نە گوێیان هەیە بۆ بیشتن و نە چاویان هەیە بۆ بینین باجەكەش خەڵك داویەتی و زیاتریش دەدات.