دواشت دەستمان كەوێتەوە نەخۆشخانەی هیوایە

3 مانگ پێش ئێستا

دەوەن بەكر
لە پێشودا ئازادیەكانی ئێمە بۆ ژیان و دامەزراندن و هەلی كارێك بوو لە كۆمپانیایەك، واتا ئێمە تا ئەمڕۆ ئازادیەكانمان بە هەرزان دەفرۆشت بەرامبەر بە ژیان، بەڵام لێرە بە دواوە ئازادی و مرۆڤبونمان، دەدەین بە بەرامبەر بە زیندوو مانەوەمان. جیاوازی زیندومانەوە و ژیانیش وەك جیاوازی مرۆڤی ئازاد و كۆیلە وایە. 

ئینجا "سوپاس بۆ فڵان بەرپرس كە تێچوی ئەو منداڵە پێشمەرگەیەی گرتە ئەستۆ لە نەخۆشخانەی تایبەت ..... تا چارەسەری تەواوی شێرپەنجەی بۆ بكرێت. دوپاتی كردەوە كە ئەوان بەردەوامن لە خزمەتكردن بە هاوڵاتیان و چینی هەژاران."

ئەمە ئەو ناونیشانەیە، ئەگەر دۆخی نەخۆشخانەی هیوا بەو شێوەیە بێت و دابخرێت، مرۆڤی حیزبی شانازی پێوەدەكات.

لە كوردستاندا ئەوەی دەچێتە كەرتی تایبەت دەچێتەوە كەرتی حیزبی هەرچیەكیش دەیبەخشین بە كەرتی تایبەت، تەنیا گیرفان و پارەكانمان تاڵان ناكات، بەڵكو سەختتر ئێمە كۆیلە دەكات بۆ سیستەمە حیزبیەكە، هەتا بارودۆخی ژیانی ئێمەش قورستر بێت، دەبێت هەرزانتر و زیاتر شكۆی مرۆڤبونمان هەراج بكەین لە ماركێتە حیزبیەكان، مەترسیەكە هەر بەوەندە ناوەستێ  كە كۆمەڵێك نەخۆش لە نەخۆشخانەی هیوا لە نێوان مان و مردندا ، دۆخەكە بۆیە مەترسی هەیە چونكە پەیوەستە بە ژیان و مردن، مرۆڤیش هەموو شتێك دەكات بۆ مانەوە، داروین وەك كادیری پێشكەوتو حیزب دەڵێت "مانەوە بۆ ئەو كەسانەیە كە خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ حیزب حوكمڕانیدا.". مانەوەی ئێمەش لە داهاتودا دەكەوێتە دوخی خۆ گونجاندن لەگەڵ سیاسەتی حیزبیەوە، خۆگونجاندنیش لەگەڵ حیزب حوكمڕانیدا واتا هەڵتەكاندنی ڕەگ و شكۆی مرۆیمانەوە، بەرامبەر  مروڤبون و ئەخلاق و ویژدان بنەما ئاینیەكانەوە.

بۆیەش من پرسەكە بە ئازادی و حیزبیەوە گرێدەدەمەوە چونكە خۆشگوزەرانی هەر یەكێك لە ئێمە وابەستە نیە، بە كاركردن و هەلی كاری زۆر، بەهرەداری هەر یەكێك لە ئێمە، بەڵكو پەیوەستە بە بێدەنگ بون و شكاندنی شكۆی مرۆڤ بونمانەوە بەرامبەر بە سیستەمی حیزبەوە.

واتا مرۆڤ لە ئازادیدا دەتوانێ زۆر شت زیاتر بەدەست بهێنێت، كە نەخۆشخانەی هیوا دوا شتە بەدەستی بهێنێتەوە. ناشمەوەی بە پەخشان نوسین و شعر و لاوانەوە، قسەیەكی دوبارەی هەموو كەمپەینەكانم هەبێت، باوەڕیشم وایە ئەم گوتارە هی مرۆڤە حیزبە نەك مرۆڤی ئازاد، بۆ مرۆڤی ئازاد هیچ كەس فریادرەس و پاڵەوان و فریشتە نیە بێتە دەنگ، جگە لە خۆی، چونكە هەر خۆی داواكارە خۆشی داكۆكیكارە. لێرەوەیە مرۆڤی ئازاد و هۆشیار زۆر لەوە باڵاترە بە نیمایشێك و موزایەدەكی حیزبیەوە هەڵخەڵەتێت، ئەوە مرۆڤە حیزبیەكانن چاوەرێ مەهدی سیاسیەكیانن، مرۆڤی ئازاد چاوەڕوانیەكان و داواكردن و چارەنوسیش هەر خۆیەتی.

مرۆڤە حیزبی لە ژێر حوكمڕانی حیزبیدا، لە ناهۆشیاری بۆ كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و سەروەری یاسا و سیستەمێكی تەندروستی، پەروەردە و فێركردنی گشتی، خزمەتگوزاریەكان. 
بە لۆژیكی حیزبی مامەلەی سوودبینی حیزبیەوە بیردەكاتەوە بەمەش  ناتوانێت دژایەتی هیچ ئاڕاستەیەكی حیزبی بكات.

ئیدی مرۆڤ خراپترین شت مامەڵەی پێوە بكات ئازادیەكانیەتی، لە هیچ مامەڵەیەكی تر سود نابینیت،  چونكە بە كۆیلەییەوە دەچێتە ناو مامەڵەكانیەوە. هەر ئەو واقعەی كە بەرەیەكی زۆرینەمان نیە بۆ دژایەتی كردن، ڕاستی ئەوەیە بەرەیەكی گەورە و كۆمەڵگایەكی حیزبیمان هەیە، لە بێدەنگبون. 

خێراتە حیزبیەكان بە مادی مەعنەوی كە دراوە پێمان، رۆژانە ئێمە دەیخەینەوە ناو كەرتی حیزبی. لە ڕێگەی ئەو برەودانەی دراوە بە خوێندنی تایبەت و تەندروستی تایبەت و زانكۆی تایبەت و ژیانكردن لە ڤێلا و سیتی كۆمپانیاكانی حیزب. هاوكێشەكەش ناهاوسەنگە و بەردەوام حیزب و كۆمپانیاكانی زەبەلاحتر و دێوەزمەتر دەبن، كەرتی گشتی و حوكمەت بەرەو وێرانتر دەچن. 

لێرەوەیە خێرە حیزبیەكە هەرچەندێك بووبێت كە لە سەر حیسابی ئازادی و ماف و چاكەی گشتی و دادپەروەری بەدەستمان هێناوە، ناچێتەوە خەزێنەی حوكمەت و نوێكردنەوەی كەرتی گشتی، بەڵكو دەچێتەوە خەزێنە و ژێر زەمینەكانی حیزب. ئیدی لە بڕی ئەوەی حوكمەتێكی بەهێزترمان هەبێت، حیزب حوكمڕانی دێوەزمەمان دەبێت. بەم شێوەیە ئابوری حیزب بەردەوام خۆی نوێدەكاتەوە، لێرەوە سوڕی سەرمایەی حیزب بەردەوامە، كە بریتیە لە بەخشینی چاكە و خێری حیزبی بەرامبەر بە ئازادی و زەوتكردنی چاكە و مافی گشتی.