ڕانانێك بۆ ڕۆمانی بازنە ڕاخراوەكانی بابل

2 مانگ پێش ئێستا

هۆشیار جەمال
لەم سەردەمی تەكنەلۆجیا و پێشكەوتنە خێرایەدا مرۆڤ هێندەی بووە بە ئامڕازێك بە دەست بەرهەمەكانەوە، ئەوەندە بەرهەمەكانی جیهانی سەرمایەداری ئامڕازێك نین بە دەستی مرۆڤەوە، چونكە هەموو چركەكانی ژیانمانی داگیركردوە. لەم نێوەندەشدا تەكنەلۆجیا كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر كتێب خوێندنەوە و نووسین، هەر بۆیە نووسەران و خوێنەران لە كێشمەكێشمی  نێوان تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كتێب دان.

بە بڕوای من نووسەری سەركەوتووش ئەو كەسەیە لەم سەردەمدا بتوانێت پەیامەكانی كە دەیەوێت لە كتێبدا بیگەیەنێت هەوڵبدان هەمووی كۆبكاتەوە و لە كتێبی لاپەرە كەمدا بیگەیەنێت. واتا ئەگەر نووسەرە و دەیەوێت پەیامە خەیاڵیەكەی یان مێژوویەكەی یان ئەدەبیەكەی لە كتێبێكدا بنووسێ و بڵاوی بكاتەوە پێویستە خۆی لە زۆر نووسین و زۆر وتن بپارێزی و هەوڵبدات لە لە لاپەڕەی كەمدا پەیامی گرنگ بگەیەنێت. چونكە زەمەنی نووسینی درێژ كۆتایی هاتووە.

ڕۆمانی " بازنە ڕاخراوەكانی بابل" لە نووسینی ڕۆماننووس " عومەر سەید" یەكێكە لە ڕۆمانە جوان و گرنگەكان كە لە ساڵی (٢٠١٧)دا بڵاوبۆتەوە، كە هەموو كتێبەكە لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی تەنها (١٢٢)لاپەڕەیە و قەبارەی مامناوەندە، بەڵام نووسەر زۆر لێزانانە توانیویەتی قۆناغێكی مێژووی كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەكان و شارستانیەتی بابل شرۆڤە بكات و پاشان ئازارەكانی سەردەمی جینۆسایدی ئەنفال بگێڕێتەوە.

نووسەر سەرەتای ڕووداوەكانی دەگێڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی كاتێك كە تیمێكی بیانی بۆ كنەو پشكینین دێنە كوردستان و دەیانەوێت بگەڕێن بۆ گۆڕی شاژن (ئەمیتا)ی ژنی پاشای بابل و (مستەر باكو)ش كە كوردە وەك وەرگێری زمان كاریان لەگەڵ دەكات و سەفەرەكەیان دەستپێدەكەن دەچنە بیابانەكانی بابل.

شاژن (ئەمیتا)ی ژنی پاشای بابل كوردە و باوكی كە پاشای میدیەكان بووە بە دیاری دەیبەخشێت بە پاشای بابل لە پای ئەوی هاوكاری بكات لە ڕووخانی دەوڵەتی ئاشوریەكان، كە دواتر سەردەكەون بەسەر ئاشوریەكاندا بەڵام شاژن ئەمیتا ئەگەر چی هەموو شتێكی لە وڵاتی بابل بۆ تەرخان دەكرێت و پاشای بابل  باخچە هەڵواسراوەكانی بابلی بۆ دروست دەكات كە ئێستا بووە بە یەكێك لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكەی جیهان. تەنها لە پێناو ئەوەی كەشوهەوا و شێوەی خاكی بیابانی بابل بۆ شاژن بگۆڕێت، بەڵام بێ سودە و شاژن تەنها یەك دەرفەت كە بۆی ڕێدەكەوێت خۆی دەكوژێت.


جوانی خەیاڵی نووسەر لەوەدایە بەم خۆكوشتنەی شاژن ئەمیتا پێمان دەڵێت ئێمەی مرۆڤی كورد ناتوانین لە بیابان بژین نامانەوێت لە خاكی كەسی تر بژین و جەستەمان ببێت بە خۆراكی خاكی بیابان، هەردەم حەزی گەڕانەوەمان بۆ خاكی خۆمان هەیە، لێرەوە  هەمان ئەو ڕووداوەم هاتەوە یان كە هاوڕێیەكی خۆم لێرە زۆر بە توڕەی كوردستانی جێهێشت و چووە ئەوروپا، بەڵام لەوێ بەشداری هەموو چالاكیەكی دەكرد لە پێناو نەتەوەی كوردا، لێم پرسی بۆ ئەوەندە بە توڕەی ڕۆیشتی بۆ ئێستا بووی بە چالاكوان وتی "چیبكەم لە هەر شوێنێكی دونیا بم ناتوانم لە كورد بوون ڕابكەم و خەیاڵم بۆ نیشتمانم نەبێت بەتایبەت كاتێك هێرشێ دەكرێتە سەر."

كاتێك كە گەڕانی بەردەوام بە دوای گۆڕی شاژن ئەمیتا دا بەردەوام دەبێت كارەكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە مستەر باكو دۆخێكی دەروونی سەختی دەبێت هەردەم خەیاڵی لای ژن و منداڵەكانی دەبێت و حەزی بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان هەیە، ئەم دۆخەی بەردەوام دەبێت هەتا چەندین گۆڕی بە كۆمەڵ دەدۆزنەوە و تیمە بیانیەكانیش بۆیان دەردەكەوێت زەمەنی ئەم گۆڕانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جینۆسایدی ئەنفال، لێرەوە ئیتر ئازار و فرمێسكەكانی مستەر باكو وەك كوردێك دەستپێدەكات كاتێك بە واقعی لە ناو ئێسك و پروسكی هاونیشتمانیانی خۆیدایە لە بیابان، و لە خەیاڵیشدا لە ناو چركە چركەی زەمەنی ئەنفالدا دەژی، ڕۆژانی ئەنفال و كوشتن و فڕاندنن و ئازاردانی خەڵكی بیر دەكەوێتەوە.

ئەو دەكەوێتە پارانەوە بە بیانووی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی گۆڕی شاژن دەیەوێت تیمەكە بەردەوام بن لە گەڕان بۆ گۆڕی تر و دڵنیاتربن لەوەی گۆڕەكان ئەنفال، بەڵام تیمەكە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و كۆتایی بەكارەكانیان بهێنین، ئازارەكانی ناخی مستەرباكو كۆتایی نایەت تاوەكو بەڵێن وەردەگرێت كە لە ئایندەدا ئازارەكانی ئەنفال  و ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بكرێن فیلم و نیشانبدرێن بە جیهان.

لایەنی جوانی كۆتایی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە كە بەشێكی ڕووداوەكان هی  ساڵانی ئایندەن واتا باسكردنی ئازارەكانی ئەنفالە پاش سەدساڵی تر لە فیلمێكی تایبەت و جیاوازدا كە هەموو جیهان ناچاربكات سەیری ئەم فیلمەبكەن و لە ئازارەكانی ئەم نەتەوەیە تێبگەن، كە ئەمەش تەكنیكێكی جوانی نووسەر توانیویەتی ڕووداوەكانی زەمەنێكی كۆنی سەردەمی شارستانیەتی بابل و مێژووی نوێی هاوچەرخی كورد كە زەمەنی ئەنفال بگێڕێتەوە و بە هیواوە باسی ئایندە بكات و ڕووداوەكانی بنووسێتەوە.