وردەكاری رێككەوتنی نەوەی نوێ و پارتی لەهەولێر

3 مانگ پێش ئێستا

پارتی دەیەوێت كورسییەكانی نەوەی نوێ زیاتر بن لەكورسییەكانی یەكێتی لەهەولێر
س: بوار نیوز

پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ رێككەوتنێكی نهێنی لەبارەی كورسییەكانی پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدەن و پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات ژمارەی كورسییەكانی نەوەی نوێ زیاتر بن لەژمارەی كورسییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ نەوەی نوێ رێككەوتوە لەبارەی شێوازی دابەشكردنی كورسییەكانی پارێزگای هەولێر.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەبازنەی یەكی پارێزگای هەولێر دەیەویت نەوەی نوێ رۆڵی پەرتكردنی دەنگە ناڕازییەكانی ئەو بازنەیە ببینێ بۆ ئەوەی كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شانسی دەرچونی نەبێت. لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان لەبازنەی دوی هەولێر كاندیدێكی ئافرەتی خۆی كشاندوەتەوە بۆ ئەوەی كاندیدەكەی نەوەی نوێ كە ئافرەتێكە بتوانێت سەركەوتن بەدەست بێنێت.

بەپێی پلانەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی نەوەی نوێ سەرەتا لەسنوری بازنەی یەك وەزیرە ئەحمەد هاوسەری پەرلەمانتار كاوە عەبدولقادر بو، لەبازنەی دوش كوردەوان جەمال بو، بەڵام لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان ئاڵو گۆڕ بەو دو كاندیدە كراوە بۆ ئەوەی دەرچواندنی وەزیرە ئەحمەد مسۆگەر بكرێت.

لەلایەكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان پلانی ئەوەیە لەبازنەی سێی هەولێر كە بەبازنەی رۆژئاوای هەولێر ناسراوە كاندیدەكەی نەوەی نوێ كە ئافرەتێكە بەناوی ڤیان عەبدولعەزیز دەربچوێنێت و بەهیچ شێوەیەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نەتوانێت كورسی لەو بازنەیە بباتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، لەبازنەی چواری پارێزگای هەولێر، پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەمو نرخێك دەیەوێت هاوكاری محەمەد ئیسماعیل بكات بۆ ئەوەی كورسی چوارەمی ئەو بازنەیە بباتەوەو بەهیچ شێوەیەك كورسی چوارەمی ئەو بازنەیە بۆ كۆمەڵی دادگەری نەبێت.

بەپێی پلانەكەی پارتی بێت، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێـت 15 كورسییەكەی پارێزگای هەولێر بەم شێوەیە دابەشبكرێت: پارتی دیموكراتی كوردستان، 10 كورسی و نەوەی نوێ سێ كورسی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دو كورسی.