هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سایەی هەژموونی دەرەكیدا

2 مانگ پێش ئێستا

شەپۆل عەبدوڵا حسێن 
لەدوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعسەوە، عیراق لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێگە و هەژموونی خۆی لەدەستدا و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تووشی نا هاوسەنگی هێز بوو.
لە ناوخۆی عیراق شەڕی مەزهەبی دەستیپێكرد، شیعەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەوڵیاندا تۆڵەی زەبروزەنگی رژێمی بەعس لە سوننەكان بكەنەوە. لە ناوخۆی عیراقدا ژینگەیەكی ئاڵۆز و ناسەقامگیر لەنێوان شیعە و سوننە دروست بوو، ئەم ژینگەیە رێگە خۆشكەر بوو بۆ وڵاتانی ناوچەیی بەتایبەتی كە دەست لە كاروباری ناوخۆیی عیراق وەربدەن و ژینگەیەكی نا سەقامگیر بۆ دانیشتوانی عیراق دروست بكەن.
هەركام لەم وڵاتانە لە كێبڕكێدان بۆئەوەی لە ناوخۆی عیراقدا هەژموونی خۆیان زیادبكەن، لە رێگەی پشتیوانی كردنیان لە گروپە چەكدارەكانی سوننە و شیعە و تا سیاسەت و ئامانجەكانیان لەو رێگەیەوە جێبەجێ بكەن.
كۆمەڵێك گروپی چەكداری شیعە بەناوی جیاجیا و ئەجێندای جیاوازەوە دامەزراوە و بە شێوازێك كە لەگەڵ سیاسەت و مەبەستەكانی وڵاتێك دەگونجێت، زۆربەی كات لە رێگەی ئەم گروپانەوە هێرش دەكاتە سەر سەربازەكانی ئەمریكا و گوشاریان دەخاتە سەر بۆئەوەی سیاسەتی خۆی بەرێتە پێشەوە.
هەندێك جار لە رێگەی ئەم گروپە چەكدارانەوە هەڕەشە لە حكومەتی عیراق دەكەن و لە بەردەم ئەو بڕیارانە دەوەستنەوە كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نییە.
دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2011 گروپە توندڕەوەكان لە عیڕاق سەریانهەڵدایەوە تا ئەوەی كە لەساڵی 2014 گروپێكی توندڕە و بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)بە خێرایی دەسەڵاتی خۆی كێش كرد و زۆربەی گروپە توندڕەوە سوننەكانی تری لە گەڵ خۆی ئاوێتە كرد و بەشێكی زۆری خاكی عیراقی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
بەگوێرەی دەزگا هەواڵگرییەكانی وەكCIA ئەمریكا، موسادی ئیسرائیلی، دەیان بەڵگەیان لەبەردەستدا بووە كە رێكخراوی داعش گوایە لەلایەن توركیا و عەرەبستانی سعودییەوە پشتیوانیی دەكران بۆ پارچە پارچە كردنی عیراق و لاواز كردنی دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا.
ئەم سێ وڵاتە بەردەوام هەوڵیان داوە كە عیراق لە رێگەی گروپە تیرۆرستییەكانەوە ناسەقامگیر بكەن و هەژموونی خۆیان بەسەر حكومەتدا بسەپێنن و سەروەریی عیراق پێشێل بكەن.
لە ساڵی 2003وە تا ئێستا پێنج خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچووە كە دواین هەڵبژاردن لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 وەك هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەچوو، هیچ هەڵبژاردنێك نەبووە كە دەستی دەرەكی تێدا نەبووبێت و یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نەكرابێت.
هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ژمارەی دەنگدەران كەمیكردووە و ئاستی دەنگدەری حزبەكان لە عیراق دابەزیووە.
پێویستە چاوێك بە دواین هەڵبژاردنی عیراقدا بخشێنین و شیكردنەوەیەكی بۆ بكەین. بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆنی باڵا رای گەیاندوون، چەندین ئەنجام و لێكەوتەمان بۆ دەردەخەن كە هەندێك لەو گروپ و هێزانە لەلایەن خەڵكەوە متمانەیان لێ وەرگیراوەتەوە و كورسییەكانیان بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە و زۆر لایەن بەشێوەیەكی بەرچاو كورسییەكانیان لەدەست داوە و تووشی شۆك بوون.
هەرچی ئەو هێزانەشە كە لە توركیا و سعودیەوە نزیكن، بەگشتی ژمارەی دەنگ و كورسیەكانیان بەرزبۆتەوە و هاوكێشەكە لە بەرژەوەندیی ئەواندا كەوتۆتەوە. ئەم رووداوانە دەری دەخات كە هێشتا عیراق وڵاتێكە كە سەروەرییەكەی لەژێر پرسیاردایە و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەلایەن وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئیقلیمییەوە بەڕێوەدەبرێت.