چۆن دەبنە رەقەم

2 مانگ پێش ئێستا

ئارەزوو نوری
كاتێك كەسێكت بینی خەریكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆی هەزەلی كردو لەنەریتی كۆمەڵایەتی لایدا؛ هەرگیز قسەی نەشیاوی پێ مەڵێ.. چوون ئەویش چاوی لێیە وەك هەریەكێك لەوانەی بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆن و بانگهێشتی بۆنەو ناساندنی پرۆژەو بانگهێشتی فێستیڤاڵی سینەماو فیلم و رێزلێنان دەكرێن و پڕبینەرترینن لەم سەردەمە، دەركەوێت..

ئێستا باو باوی خۆ هەزەلی كردن و خۆ ریسوا كردنە بۆ ئەوەی فۆڵۆت زۆر بێت و پڕ بینەرترین بیت تا بناسرێیت.. رێزگرتنی ئێستای كەسەكان هەر لە كۆمپانیا، كەناڵەكانی میدیا، شوێنە گشتییەكان، ستافی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ و بۆنەكان لەوەدایە كێ فۆڵۆی زیاترەو دیارە.. جا چۆن بینەرو فۆڵۆی بۆ خۆی بەدەست هێناوە كێشەیەك نیە،چەندە خاوەن عیلم و مەعریفەیە یانیە كێشەیەك نیە؛ گرنگ ئەوەیە ئەو كەسێكی دیارەو پێویستە ئامادە بێت، هەمووان وێنەی لەگەڵ بگرن، بانگێهێشتی بۆنه تایبەتەكان بكرێن گەر پەیوەندیشیان بەو شوێنەوە نەبێت، بەسەر فەرشی سووردا بڕۆن و لە ئاست كەسانی بەئەزموون بوەستن، مووچەیان فوول بێت، جل و پێڵاوو ماكیاج و تەنانەت هەویری دانەكەشیان سپۆنسەر بێت..

گرنگ نیە چی كردووە تا گەیشت بەو ئاستە، خۆی رووت كردەوە.. جنێوی بە كەسێكدا.. قسەیەكی نەشیاوی كرد.. یا  باوك و دایكی خۆی كردووە بەگاڵتەجاڕ.. یا مایكێكی گرتووەتە دەست و پرسیاری تایبەتی و شەخسی و نەشیاوی كردووە... نەخێر، گرنگ ئەوەیە ئێستا ئەو رەقەمە.. ئەی نابینن چۆن لەهەموو لایەك بانگهێشت دەكرێن و لە پێشەوە دادەنرێن.. گرووپێكن بۆ هەموو شوێنێك بانگهێشت دەكرێن و بەسەر فەرشی سووردا لەپێش هەمووان تێدەپەڕن.. گرووپێكن شاشەكان هەر ئەوانن..تەنانەت ئێستا بوونەتە مایك بەدەست و پێشكەشكارو دیارترینی نێو میدیاكان. جا مۆدێلە.. یا ئەوانەی نێو سناپ و تیكتۆكە كە دیارن و بوونەتە خاوەن پلەو پایە.. یا هەر كەسێك كە خاوەن فۆڵۆیەكی زۆرە..

ئەمڕۆ وای لێهاتووە چۆن جوانترین ئۆتۆمبێل و پێشكەوتووترین مۆبایل و باشترین مووچەو هەر ڕۆژەو لەوڵاتێك بیت بەدەست بهێنی و بە ئاسانی.. ئەوە بوون بەرەقەم لەم وڵاتە زۆر ئاسانە.. ئەویش رەفتارێكی قێزەون و لادانێكی ئەخلاقی و نەشیاو بخە مەیدانەكە و دوای ئەوەی فۆڵۆت زۆربوو ئیتر هەمووان ئەوەیان لەیاد نامێنێ بەچی گەیشتی بەوە.. بەڵكو تەنها ئەوەی تۆ بووی بە رەقەم. كامە رەقەم، ئەوەی وەك میزەڵدان فووی تێكراوە و ناوەڕۆكی بۆش و پووچەڵ و بێ ماهییەتە.