دەسەڵات و حكومەتێكی ئەفڵاتونی لە هەرێم

1 مانگ پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری
ئەگەر ماوەیەك (كل فی كل) ئەبووم لەم هەرێمە وێرانەیەدا. حەزم ئەكرد وەكو ئەفلاتونی حەكیم، وڵاتێكی نموونەیی دامەزرێنم. بەڵام ئەفڵاتون لە خاڵی سفرەوە دەستی كرد بە بیناكردنی كۆمارەكەی، داخەكەم ئەمەی من خۆی هەیە و وێرانەیە، بۆیە ئەبێت شۆفڵێكی لێ بدەم و سەر لە نوێ دایمەزرێنمەوە. 
یەكەم قەپاڵی شۆفڵەكەم لێرەوە دەست پێ دەكرد...
هەر لە سەری ڕەشەوە تا دەگاتە دەباشان، لەوێشەوە بۆ زەرگەتە و سەرچنار و مێرگەپان. هەموو بارەگا و مزگەوتی ئیسلامییەكان و چەپ و ڕاست و دوكانی سیاسی و حزبی دیوەخان و چاخانە، تا دەگاتە هەڵەبجە و گووڵە خانە. هەموو سەرانی سەرجەم حزبەكانم لە گوندێكدا بە خاو و خێزانەوە، نیشتەجێ ئەكرد. هێزێكیشم دادەنا بۆ پارستنیان، نەك لە دوژمن چونكە نیانە، بگرە لە توڕەیی خەڵكی. تا چارەنووس نەیانگەیێنێت بە قەزافی. مۆڵێكی گەورە و چەند قوتابخانە و زانكۆیەك و قومارخانەیەك و دیسكۆیەكیش بۆ ئەولادەكانیان و مزگەوتێكیشم بۆ ئیسلامییەكانیان ئەكردەوە، تا بێ تاقەت نەبن تا ڕۆژی حیساب.  ئێتر ئەمە گوندی سەرئێشەكانم ناو لێ دەنا و بە تابلۆیەكی گەورەش لە سەرم ئەنووسی (هاتووچۆ بۆ ئێرە یاساغە). ئەم مەسەلەیەشم بۆ كۆتایی دادەنا تا فریا بكەوم چەوتێكانی دیكە دوور لە كاریگەری ئەمان ڕاست بكەمەوە.
١/ هەرچی بارگای حزبی و سیاسی هەیە لەم وڵاتە ئەمكرد بە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و پەیمانگا و شانۆ و پیشانگا و هۆڵی وەرزش و مەلوانگەی حكومی. دونیایەك مامۆستا و هونەرمەند و مۆسیقی و خزمەتگوزارم لێ دادەمەزراند. بەمەش هەم بڕێكی خەڵكم دادەمەزراند، هەم لە جێی كادری حزبی و خزمەتی حزبی، خزمەتی خەڵك و وڵاتیان ئەكرد.
٢/هەرچی كۆشك و تەلار و باڵەخانەی سەرۆك و سەركردەكان هەیە، دەمكرد بە هوتێل و كازینۆ و ڕێستورانتی گەشتیاری و خەڵكی پێویستیشم لەو شوێنانە دادەمەزاند و هەم مووچەی خۆیان دابین ئەكرد و هەم داهاتێكیش بۆ وڵات.
٣/هەرچی پارەی ژێر زەمین و زێڕ و خشڵ و كۆمبپانیا و ئۆتومبیل و یەخت و فڕۆكە و دام و دەزگاكانیشیانە دەمكردەوە بە سەرمایە بۆ حكومەت، كە ڕەنگە ئەو كات ببووینایە بە دەوڵەمەندترین حكومەتی سەر ڕووی زەمین.
٤/ بۆ یەكەم جار لە مێژووی كورددا هێزی پشمەرگەم ئەكرد بە یەك. نەمدەهێشت یەك پێشمەرگەش لە سێ مانگ زیاتر پارێزگاری لە شوێنێك بكات. بادینیم ئەكرد بە پاسەوانی سنوری خانەقین و خانەقینیش لە زاخۆ و سلێمانی لە شەنگاڵ و شەنگالیش لە ڕانیە و ڕانیە لە كەركووك، كارێكم ئەكرد پێشمەرگە پێشمەرگەی هەمووان و وڵاتیش وڵاتی هەموو پێشمەرگە بێت. هەرچی پێشمەرگەشە بەش بەش ئەمناردنە كۆلێژی سەربازی هەر لە نەخوێندەوارییەوە تا دەگەیشتە زانا و زیتەڵی. هێزەكانی دیكەی ناوخۆشم لە حزبییەوە ئەكرد بە وڵاتی. جارێ لە پێشەوە زانیاری و پاراستنم لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەتەكانت. بەرانبەر بەوان دەزگایەكی هواڵگری نشتیمانیم سەر بە پۆلیسی وڵات دادەمەزراند. نەما ئەوەی یان یەكێتی بی یاخود پارتی تا ئاسایش یان سەر بە دەزگای هەواڵگری بێت. گەر ئەم دەزگایانە دەزگای پاراستنی وڵات بن نەك حزب، ئەو دەم جێگەی ڕیش و چەكوش وداس و بوێنباغ و جامانەشی وەكو یەك تیا دەبووە وە. تەنها بەومەرجەی كە یەكەم شت خاك و وڵاتی خۆی خۆش بوێ، نەك باوەڕ و حزب. پۆچ پۆچ كارمەندانی ئەم دەزگایانەشم ئەناردە كۆلێژی پۆلیس.
 بەو چوار خاڵەی پێشوو، وڵات لە سەرێشەی سیاسییەكان ڕزگاری دەبوو. حكومەتیش بە گەڕانەوەی قووتی دزراوی خەڵك دەوڵەمەند ئەبوو. هێزی پێشمەگەش یەكئەخرا و ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیانیش ئەپارێزرا. لە دوای ئەمانەوە چی هەیە گرنكتر بێت لە:-
٥/ سێكتەری پەروەردە و زمان و ڕۆشنبیری؟
شێرزاد حەسەنم تەكلیف ئەكرد بۆ وەزیری پەروەردە و تەواوی دەسەڵاتم پێ دەبەخشی. عەبدوڵا پەشێویشم بۆ ڕۆشنبیرێ و تەواوی دەسەڵاتیشم بەویش دەبەخشی.
پێم دەوتن لەوەتەی چاومان كردۆتەوە ئێوەی بەڕێز ڕەخنە ئەگرن، دەی بتانبینین ئەوە عەرزی ‌پەروردە و گەزی ڕۆشنبیری.
٦/ كە دەسەڵات و سەرباز‌ بوو بە نشتیمانی و داهات گەڕایەوە شوێنی ئەمینی خۆی و خەڵكی وەكو یەك ئەمن و ئاسایشیان پارێزرا و عەقلی پەروەردە گۆڕا و دونیای ڕۆشنبیری بوژایەوە، ئەوسا دڵنیام كە ئەمانە وەكو ژێرخان دەبوونە هۆی گەشەی سەرخان.
٧/ ئەوسا كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و تەندرستی و..هتد ئەبوژایەوە و وڵات ئەبوو بە شامی شەریف یان كۆمارەكەی ئەفڵاتون.
هەر كاتێكیش ئەمانە گەشتنە ئەنجام، چارەنووسی گوندی سەرئێشان ، ئەوەی لە پێشەوە باسمان كرد ئەدایە دەستی دادگا دادپەروەركەمان. هەر بۆیە خۆزگە ڕۆژێك (كل فی كل) ئەبووم.