پارە پەیداكردن لە ناو پەرلەمانی عێراقدا

5 مانگ پێش ئێستا

نیاز سەعید
دیاردەیەكی تری سەیر و سەمەرەی سیاسی؛ ئەمجارەیان لەناو پەرلەمانی عێراق، ئەویش بوونی دوو جۆر بزنسی سیاسی موفت و چەور بۆ هەندێ بزنسمانی بە ئەزموون (!!) كە بەهاكەی دەیان ملیۆنان دۆلارە.
یەكەمیان لە دەستپێكی دانیشتنە بەراییەكانی پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراودایە و بریتیە لە فرۆشتنی دەنگ لە كاتی دەنگدانەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان
دووەمیشیان بۆ كاتی خەفەكردن و دیزەبەدەرخۆنەكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی وەزیر و لێپرسراوە باڵاكانی حكومەت و سپیكردنەوەی دۆسیە ڕەشەكان(!!)؛ لەلایەن لیژنەكانی پەرلەمان و فراكسیۆنە پەرلەمانیەكانەوە..

بوونی ناكۆكی و ململانێ و فرە كاندید بۆ پۆستەكان؛ بازاڕەكەی گەرمتر كردوە و لە بازاڕی بۆرسەی پەرلەماندا، نرخی پشكی دەنگەكان بەرزبوونەتەوە، دەنگدەری فریودراویش با هەر بەكوێرانە و لە ڕقی پارتە سیاسیەكانی تر؛ بۆ خۆی دەنگ بە پاڵێوراوی ناشایستە و بێ ئەزموون و سەردەرنەكردە؛ لە ئەرك و كاروباری پەرلەمانیی بدات، گوایە ویژدانی خۆی ئاسوودە كردوە، نازانێت بە دەنگەكەی نرخی پشكی دەنگی هەندێك پەرلەمانتاری بەرزكردۆتەوە ، بەتایبەتی بۆ ئەو جۆرە فراكسیۆنانەی كە ئیبراهیم زەبۆكەكەی عەزیز نەسین خاوەنیەتی!