ئایا ژیریی دەستكرد بێكارمان دەكات، یان..؟
1 مانگ پێش ئێستا
فەیسەڵ عەلی*
كاسبارۆڤ پاڵەوانی جیهان لە شەترەنج دەڵێ: «زۆرجار وتوومە كە من یەكەم كرێكاری بواری مەعریفەم، كە ئامێر هەڕەشەی لە ئایندەی كارەكەم كردووە»، ئەم قسەیەی دوای ئەوەی لە ساڵی1997 لە یاری شەترەنج بەرامبەر بە كۆمپیوتەر دۆڕاندی، كردوویەتی.
زۆرجار ئامێرەكان لە چەندین بواردا شوێنی مرۆڤیان گرتۆتەوە. ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەو ئامێرانەی خۆبەخۆ كار دەكەن، تەنیا هەڕەشەیان لە كاری هێز و بازوو نەكردووە، بەڵكو كاری هزریشی گرتۆتەوە. لەگەڵ هەر شۆڕشێكی تەكنۆلۆجیادا، پرسیاری «دزینی وەزیفەكانی مرۆڤ» دێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە. لە زۆر حاڵەتیشدا، تەكنۆلۆجیای نوێ دەرفەتی نوێی كار دەڕەخسێنێت. راستە چەندین وەزیفە هەن، كە ئامێر بە تەواوی جێیانی گرتۆتەوە، وەك، كارپێكەرانی مەسعەد، كارپێكەرانی هێڵگۆڕكێی تەلەفۆن، تەنانەت كاری ئەوانەی تەختەكانی بۆڵینگیان رێكدەخستەوە، چەندین وەزیفەی تریش بەڕێوەن بۆ نەمان، كە ئامێر شوێنیان دەگرێتەوە، وەزیفەی پارە گۆڕینەوە، ئاژانسەكانی گەشتیاری، ژمێریاری (كاشێر).
دوو ئەگەرەكە
ئەزموون و واقیع سەلماندی كە ئەم «شۆڕشی داهێنانە»، بەردەوام وەزیفەی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەڕەخسێنێت. بیر لە هەموو وەزیفەكانی تەكنۆلۆجیای زانیاریی بكەرەوە، كە هێشتا نیو سەدەی بەسەردا تێنەپەڕیووە.
زۆرن ئەوانەی كۆكن لەسەر ئەوەی ژیریی دەستكرد نەخشەی ئەو (كاركردن)ەی ئەمڕۆ هەیە و دەیبینین، دەگۆڕێت، بەڵام پێشبینییەكانیان سەبارەت بەوشێوەیەی نەخشە نوێیەكەی (كاركردن) وەریدەگرێت، جیاوازە.
ستیوارت راسل، لە كتێبەكەی كە دەكرێ ناونیشانەكەی بەمجۆرە وەربگێڕدرێت (ژیریی دەستكرد لەگەڵ مرۆڤ گونجاوە، 2019)، پێشبینییەكانی بەمجۆرە كورت دەكاتەوە، یەك: یان ئەوەتا ئامێرەكان لە زۆربەی كارەكاندا جێی مرۆڤ دەگرنەوە، دوو: یان ئەوەتا ژیریی دەستكرد دەرفەتی كاری زیاتر دەڕەخسێنێت. دەشێ بەرئەنجامی هەردوو ئەگەرەكە، بەپێی وەڵامدانەوەی بڕیاربەدەستان و تاكەكان، هەم ئەرێنی و هەمیش نەرێنی بێت. لێرەدا باس لە هەردوو ئەگەرەكە دەكەین:
یەك: ئامێرەكان شوێنی زۆربەی كارەكان دەگرنەوە، بۆ نموونە، داشكانی نرخی كارپێكردنی تەكنۆلۆجیای پەیوەندیی لە رێگەی تەلەفۆنەوە، خواستی لەسەر ئەو خزمەتگوزارییە زیادكرد. زیادبوونی خواست، دەیان دەرفەتی كاری رەخساند، بەتایبەتیش بۆ ژنان، بەڵام پەرەسەندنەكانی ئەمدواییەی تەكنۆلۆجیای پەیوەندیی بە تەواوی دەستبەرداری ئەوانیش بوو.
1 – كاریگەریی راستەوخۆی تەكنۆلۆجیای نوێ رەخساندنی دەرفەتی نوێی كار بوو، بەڵام كاریگەریی مەودا دوور لەگەڵ پەرەسەندنی بەردەوامی تەكنۆلۆجیا، واتە بەرە بەرە دەستبەرداربوونی ئەو وەزیفە نوێیانەش دەبێت.
2 – ژیریی دەستكرد تەنیا هەڕەشە لە كاری هێز و بازوو ناكات، بەڵكو لە كاری بیر و هۆشیش دەكات، واتە هیچ وەزیفەیەك نییە قابیلی گۆڕین و لەناوچوون نەبێت.
لیستی زەرورییەكان درێژ دەبێتەوە
با گریمانەی دروستی ئەو سیناریۆیە بكەین، ئەوە چی دەگەیەنێت؟ ئەو سامانەی جیهان بەرهەمی دەهێنێت، بەشی هەموو هاووڵاتیانی سەر گۆی زەوی دەكات، كە لانیكەمی داهات بەبێ ئەوەی كار بكەن دەستیان بخات، كار بۆ هەموو ئەوانە فەراهەمە كە دەیانەوێت زیاتریان دەست بكەوێت، جگە لەو داهاتەی كە پێداویستییە بنچینەییەكانیانی لێوە دابین دەكەن. لێرەدا ئەگەری دوو رێگری هەن، یەكەمیان: وەزیفە تەنیا ئامرازی دەستەبەركردنی ئاسایشی مادیی نییە، بەڵكو پێچەوانەی دەست بەتاڵییە، واتە وەزیفە و كاركردن بەها و مانایەك بە ژیانی مرۆیی دەبەخشێت. پێشنیاری لانیكەمی داهات ئەگەر بە دڵی زۆر كەس نەبێت، ئەوا ئارەزوو دەكەن كارەكانیان بۆ بگێڕدرێتەوە و هاوكات رۆتینی رۆژانەشیان بۆ دەگێڕدرێتەوە. بە هەمان ئەو رێگەیەی كە ئەوانەی لە سەروبەندی خانەنشینبوونن دەست بە وەزیفەكەیانەوە دەگرن و نایانەوێت خانەنشین بن. ئێمە بە بەردەوامی داهێنان لەو شتانەدا دەكەین، كە ئەنجامیان دەدەین. دەشێ ژیان بە داهێنانی ئەو شتانە وەسف بكەین، ئێمە بوونەوەرێكین نازانین چۆن كاتی بەتاڵی و بێ ئیشیمان بەڕێوەبەرین.
دووەم: ئایا راستە هەموو ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێین «بنچینەییە»؟ لە زۆر دەوڵەتی جیهاندا سیستمی چاودێریی كۆمەڵایەتی بە ئاستێكی دیار و سنووردار، ئەو ئەگەرەت بۆ دەڕەخسێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینی زۆرینە دەچنە سەركار، دەوامی زێدەش (أچافی) دەكەن، لە دەرەوەی دەوامی رەسمی لە پڕۆژە تایبەتییەكانی خۆیانیشدا كار دەكەن، پاشان لەم حاڵەتانەدا كامە بنچینەییە و كامەیش زەرورە. لەم جیهانە ئاڵۆزەدا، لیستی زەرورییەكان درێژ دەبێتەوە، ئینتەرنێت بۆتە دوا پێویستیی خەڵكی، وەك كارەبا و ئاو و خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ. ئەو مووچە بنچینەییەی باسی لێوە دەكەین لەگەڵ درێژبوونی لیستی پێداویستییەكاندا دەشێ زیاد بكات.
دەرفەتی زیاتری كار دەڕەخسێنێت
سێیەم: ژیانی بەكاربردن مانا و مەبەستێك بە ژیانمان دەبەخشێت. بەدەر لەوەی ئەم شێوازی ژیانەمان لەبارە یان نا. لەسەرمانە، بەرلەوەی چارەسەرێكی ئابوورییانە بۆ پشتیوانی مادیی مرۆیی بدۆزینەوە، پێویستە بەدیلێك بۆ بەڵێنی مۆڵەت و سەفەر و بازاڕكردنی رۆژ لەدوای رۆژ بدۆزینەوە، یەك لەو بەدیلانە، قەناعەتكردن و رازیبوونە بەوەی هەیە.
دوو: ژیریی دەستكرد دەرفەتی زیاتری كار دەڕەخسێنێت، داشكانی نرخ بە مانای زیادبوونی خواست دێت، هەروەها بە مانای فەراهەمكردنی سەرمایە بۆ وەبەرهێنانەكانی دواتر. بۆ نموونە، لەگەڵ بە مەكینەكردنی دروومان و دامەزراندنی كارگەی جلوبەرگ، ژمارەی خەیاتەكان كەمیكرد، هەروەها نرخی جلوبەرگی ئامادە داشكا. سەرئەنجام خواست لەسەر جلوبەرگ زیادیكرد، (پێشوو ئەگەر جلوبەرگەكە نوێ بووایە، ئەوا بە بۆنەیەكی تایبەتەوە پەیوەست دەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بەبێ بۆنە جلی نوێ لەبەر دەكرێت)، واتە زیادبوونی دەرفەتی كار (بۆ ئیدارەدانی ئەو ئامێرانەیە یان بۆ پەرەپێدانیانە).
كاتبەسەربردنی پێدەبەخشێت
لەلایەكی ترەوە، بەكاربەر پارەیەكی بۆ دەمێنێتەوە، دەتوانێ لە كڕینی كاڵای تردا خەرجی بكات. ئەگەر ئامێرەكان كۆتایی بەو كارانە بهێنن كە ئەمڕۆ دەیان بینین، بەڵام وامان لێدەكات پارەیەك دەستەبەر بكەین تا لە بوارێكی تردا بەگەڕی بخەین، واتە زیادبوونی دەرفەتی كار لە بوارە نوێیەكانەدا.
زۆربەی خەڵكی وا بیردەكەنەوە، كە شارستانیی مرۆیی بە خوڵقاندنی ژیانێكی ئاسان و سادەوە پەیوەستە. یەك لە مەرجەكانی دڵنیایی، خۆی لە كەمكردنەوەی سەعاتی كاركردن دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بە كردەوە پەرەسەندنی تەكنۆلۆجیا سەعاتی كاركردنی زیاتر كردووە. ئەمە بەوەمان دەگەیەنێت، كە مانای ژیریی دەستكرد سەرقاڵ كردنمانە بە وەزیفەی ئاڵۆزتر، كە هێشتا نەدۆزراوەتەوە. ئەگەر شتێك هەبێت كە دەكرێ ئەنجامی بدەین، بایەخدانمانە بە شارەزایی تا بتوانین بەهۆیەوە بەخێرایی خۆمان لەگەڵ هەر نوێیەكدا بگونجێنین، هەروەها بتوانین لە پیشەیەكەوە باز بۆ پیشەیەكی تر بدەین، شارەزاییەكە گشتگیرە نەك دیاریكراو، نەرمی (مرونە)، فرەیی و توانای خۆگونجانی هەبێت.
هەروەها ئەگەریش هەیە، زانستە مرۆییەكان و هونەر ببوژێنەوە، ئەو بوارانەن كە یارمەتی مرۆڤ دەدات، تا لە مانای بوونی خۆی بگات، هەروەها سەرقاڵی دەكات و كاتی كاتبەسەربردنی (ترفیە) پێدەبەخشێت.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان