گەردوونێكی زیرەك و بەئاگا...

1 مانگ پێش ئێستا

نوسینی:  لوقمان حەوێز
بەئاگایی چیە..؟ ئایا گەردوون بەئاگایە..؟ زیرەكە..؟
تێبینی: چەند بەشێكی نوسینەكەم فەلسەفیە، بەتەواوی لە ڕووی زانستیەوە پشتراست نەكراوەتەوە...
ئێمەی مرۆڤ بەشێكین لە ژیان، دەزانین كە بونەوەرێكی بەئاگاین واتە هەست بە ناخی خۆمان و دەوروبەرمان دەكەین لە ئێستادا، ئێمە پێناسەی بەئاگاییمان كردوە بەو جۆر و شێویەی ئێمە هەمانە و هەستی پێدەكەین، بەڵام ئایا بەئاگایی تەنیا خەسڵەتێكی ژیانە..؟ یاخود هەموو گەردوون و بەشەكانی بەئاگان..؟
بەئاگایی یەكێكە لە مەتەڵە گەورەكانی نێو بوون، بە پێی زانستەكانی كیمیا و فیزیا و زیندەوەرناسی سەرهەڵدانی ژیان بە گشتی و بەئاگاییش لە نێو ژیاندا بەرئەنجام و بەرهەمی هاتنەكایەوەی ئاڵۆزی كیمیایی بووە لەسەر هەسارەكەمان یان بە گشتی بڵێین لە نێو گەردوون، بەڵام هەرخۆی بەئاگا كەوتنی بڕێك لە بارستە و وزە لە نێو گەردوون بۆ نمونە ئێمەی مرۆڤ كە لە هەمان پێكهاتەكانی نێو گەردوون دروست بووین ڕاستیەكی گەورە دەخاتە ڕوو بۆمان، ئەویش ئەوەیە كە دەشێت بارستە و پێكهاتەكانی نێو گەردوون لە دۆخێكدا كە ئێمە پێی دەڵێین ژیان بەئاگا بكەون یان بەئاگا بن، لایەنی كەم بەو شێویەی ئێمە دەیزانین و دڵنیاین لێی...
ئەمەش پرسیارێكی گەورەتر دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا تێكڕای پێكهاتەكانی گەردوون بەئاگان..؟ ئایا هەموو گەردوونیش وەكو یەكەیەك زیرەك و بەئاگایە..؟
با بزانین بۆچوونە فەلسەفیەكان و دواتر زانستیەكانیش چی دەڵێن لەم بارەیەوە...
لە ڕاستیدا بۆچوونێكی فەلسەفی هەیە كە پێی دەووترێت پانسایكیزم panpsychism و گەلێك لە فەیلەسوفان لە كۆنەوە وەكو تالییز، ئەفڵاتۆن، سپینۆزا، هەندێكیش لە ئێستادا پاڵپشتی لەم بۆچوون و تیۆرە دەكەن و لێكدانەوە و بەڵگەش دەخەنەڕوو بۆی، بەپێی ئەم بۆچوونەش بەئاگایی شتێكی بنچینەییە لە نێو گەردوون و پەیوەستە بەهەموو پێكهاتەكانی گەردوون نەوەك تەنیا ژیان هەر لە ئەلیكترۆنێكەوە تاوەكە گەورەترین تەنی نێو گەردوون، بەو پێیەش هەموو گەردوون و پێكهاتەكانی ناو گەردوون بەئاگان...
هەندێك لە فیزیا ناسانیش بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری فیزیای كوانتەم كاردەكەن لەئێستادا بە دوری نازانن ئەم بۆچوونە ڕاست بێت، بە بەڵگەی ئەوەی كە لە تاقیكردنەوەی دوو قڵیشەكە double.slit.test كە كاتێك ئەلیكترۆن چاودێری دەكرێت وەكو بارستە ڕەفتار دەكات، بەڵام كاتێك چاودێری ناكرێت وەكو شەپۆڵ ڕەفتار دەكات، هەرچەندە هەوڵ بدەین و بمانەوێت لەم تاقیكردنەوەیە فێڵ لە ئەلیكترۆن بكەین و وای دابنێین چاودێری ئەلیكترۆنەكە ناكەین بەڵام ئەو ئەلیكترۆنە دەزانێت كاتێك چاودێری دەكەین یان ناكەین و ڕەفتارەكەی بەو پێیە دەگۆڕێت، وەكو ئەوەی ئەلیكترۆنەكە بەئاگا بێت و ئەویش چاودێری ڕەفتارەكانی ئێمە بكات...
كەواتە ئەگەر گەردوون بەئاگا بێت ئایا زیرەكیشە..؟
گەردوون كە بەهەموو پێوەرەكان ئێمەش بەشێكی زۆر زۆر بچوكین لێی زۆر ڕێكە، هەر ئەو ڕێكیەی نێوی وای كردوە گەردوون گونجاویش بێت بۆ ژیان، وایكردوە ئەگەری سەرهەڵدانی ژیان تیایدا لەئارادابێت، گرنگترین ڕێكیەكانی نێو گەردوونەكەمان خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە، یەكەم هاوسەنگی هەر چوار هێزەكەی نێو گەردوونە لەگەڵ یەكتر، كە ئەمانیش بریتین لە هێزی ناوكی بەهێز و لاواز، هێزی كارۆموگناتیسی و هێزی كێشكردن، ئەم هاوسەنگیە وردەی نێوان هێزەكان وای كردوە ئەتۆمەكان هەبن، وایكردوە كارلێكە كیمیاییەكان ڕووبدەن، هەروەها وایكردوە ئەستێرەكان دروست بن و ماوەیەك بدرەوشێنەوە و وزە ببەخشن و دواتر بتەقنەوە و توخمە قورسەكان دروست بكەن و ئەو توخمانە بەنێو بۆشایی ئاسمان بڵاو بكەنەوە، دووەم ڕێكی بریتیە لە زۆربوونی تێكشێوان و ئاڵۆزی لەنێو گەردوون بە تێپەڕبوونی كات، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئاڵۆزی كیمیایی دروست بێت لە نێو گەردوون، واتە بەرجەستەبوونی ئاوێتە ئاڵۆزەكان كە ئەمەش یەكێكە لە پێداویستیەكانی دروستبوونی ژیان لەنێو گەردوون...
ئەگەرچی لە ڕووی زانستیەوە جارێ پشتڕاست نەكراوەتەوە بەڵام بە بۆچوونی من بوونی ئەو ڕێكیە و ئەم خەسڵەتانە لەنێو گەردوونەكەمان مانایەكی گەورەش دەبەخشێت بە بوونی گەردوون، بۆیە دور نیە گەردوونی ئێمە زیرەكیش بێت جگە لەوەی كە پێشتر ڕوونم كردەوە كە لەوانەیە تێكڕای گەردوون جۆرێك یان ڕەهەندێكی بەئاگاییشی تێدابێت...
گەردوون و هەستەكان و جوانیەكان...
بە لێكدان و تێكهەڵكێشكردنی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە كە دەڵێت: گەردوون و بوون بەئاگایە، هەروەها زیرەكیشە، ئێمەی مرۆڤیش كە بەشێكی زۆر زۆر بچوكین لەم گەردوونە گەورە و بێ شومارە بەئاگاین و زیرەكیشین، كەواتە هەستەكانمان و جوانیەكان و ئازارەكانیشمان ئەگەرچی لە نێو ناخی ئێمەدان و ئێمە هەستیان پێدەكەین ئەگەر نا فیزیكیش بن، بەڵام دواجار ئەوانیش بەشێكن لەم بوون و گەردوونە...
كەواتە كێ دەڵێت ئەو هەستانەی ناخی ئێمە یان هەستی خۆشەویستی و جوانی و هەتا ئازارەكانیش كۆمەڵێك هەستی سەرتاسەری نین لە نێو گەردوون..؟ ئەگەرچی ئێمە هەریەكێك لەو دیاردانە بۆ یەكێك لەو چوار هێزەی نێو گەردوون دەگێڕینەوە كە لەسەرەوە باسم كردون، بەڵام بۆ نمونە ئەلیكترۆنەكان لەنێو ئەتۆمەكان بەند بوون بە ناوكەكان، تۆ بڵێی ئەلكترۆنیش هەستێكی خۆشەویستی نەبێت بۆ ناوك..؟ یان مانگ چۆن ئاوا بۆ ملیارەها ساڵە بەند بووە بەزەوی و بەدەوریدا دەسورێتەوە..؟ ئەگەر هەموو پێكهاتەكانی گەردوون بەئاگا بن دورنیە ئەوانیش هەست بەبوونی یەكتر بكەن هەرچەندە دوریش بن لەیەكتر، ئەمە دەشێت ڕاست بێت بۆ هەموو بارستەكان و وزەكانی نێو گەردوون...
من خۆم لەو بڕوایەدام كە هەر خۆی بوونی ژیان و بونەوەرێكی بەئاگای وەك ئێمە لە نێو گەردوون بەڵگەی ئەوەیە كە گەردوونیش زیرەكە و ڕەهەندێكی بەئاگایی هەیە، هەر بۆیەش ئێمە و ژیانیشی بەرهەم هێناوە، ئەمەش هی ئەویە كە گەردوونەكەمان ڕێك و زیرەك و جوانە، چیڕۆكێكی جوانیشە لەنێو هەموو بوون، بۆیە ژیانی زیرەك و بەئاگایی تێدا هەیە و دروست بووە چونكە خۆی زیرەك و بەئاگایە، ئێستا لە ڕووی زانستیشەوە دەزانین كە گەردوون‌ ئەگەر ڕێك و گونجاو نەبووایە تەمەنی لەچەند خولەكێك زیاتر تێپەڕی نەدەكرد...