بۆچی تەنیا نین لە گەردوون..؟

1 مانگ پێش ئێستا

نوسینی: لوقمان حەوێز
پێشەكی بۆ مەزەندەكردنی گەورەیی و فراوانی قەبارەی گەردوونی بینراو و بچوكی هەسارەكەمان ئەم بەراوردیە بەكاردەهێنم: قەبارەی هەسارەی زەوی لە نێو گەردوون لە دەنكە لمێكیش بچوكتر دەبێت ئەگەر بۆ نمونە گەردوونی بینراو ئەوەندەی هەموو دەنكە لمەكانی بیابانی گەورەی باكوری ئەفریقیا بێت كە ڕووبەرەكەی نزیكەی 10 ملیۆن كیلۆمەتر دووجایە، كەواتە ئەگەر ئێمەی مرۆڤ تەنیا بین لە گەردوون، ئەوا ئەم هەموو فراوانی و بێ شوماریە ئەقڵ وەستێنەی گەردوون بۆچی..؟
نابێت تەنیا بین، چونكە: 
یەكەم: ژیان و ئێمە هەین و دروست بووین لەنێو كۆمەڵەی خۆر لەسەر هەسارەی زەوی، ئەمەش مانای ئەوەیە گەردوونی ئێمە گونجاوە بۆ ژیان، بۆیە لەم گەردوونە فراوان و بێ شومارەدا ئەگەری ڕوودان و دووبارە بوونەوەی سەرهەڵدانی ژیان هەیە و زۆرە لە گەلێك شوێنی تر... 
دووەم: هەموو كونج و بستێكی گەردوونی بینراو كە لە پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە پێك دێت و هەریەكەیان لە دەیەها و بگرە سەدەها ملیار ئەستێرە و هەسارە پێك دێت، هەمووشیان بەیەك كۆمەڵە یاسا و ڕێسای فیزیایی و هەمان هێز بەڕێوە دەچن، ئەو یاسا و هێزە فیزیاییانەی كە هەن و ئێمە پێوانە و چاودێریان دەكەین لە هەموو بستێكی گەردوونیش هەن و هەمان هێز و یاسان...
سێیەم: هەموو گەردوونی بینراو لە هەمان كۆمەڵە توخم دروست بووە و پێك هاتووە، هایدرۆجین و كاربۆن و ئۆكسجین و كۆمەڵێك توخمی سەرەكی تر كە پێكهاتەی سەرەكی ژیانن و ئاوێتە ئۆرگانیكەكانیان دروستكردوە، هەمان ئەو توخمانە لە سەرانسەری گەردوون هەن...
لە هەر گۆشەیەكی گەردوون بارودۆخ گونجاو بێت بەپێی یاسای ئەگەرەكان Probabilities لەم فراوانیە بێ شومارەی گەردوون هیچ دوور نیە ژیان دروست بووبێت، ئەمەش لەوانەیە ملیۆنەها شوێنی تر و بگرە زۆرتریش بگرێتەوە لە شوێنەكانی تری گەردوون جگە لە هەسارەی زەوی...
ئەو بەشەی گەردوون كە دەتوانین چاودێری بكەین پێی دەووترێت گەردوونی بینراو، بەپێی نوێترین لێكۆڵینەوەكان و ووردبوونەوەكان لەسەر وێنەكانی تەلەسكۆپی هابڵ دەركەوتووە كە تەنیا لەو بەشە بینراوەی گەردوون پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە...
ترلیۆن واتە یەك هەزار ملیار یان یەك هەزار بلیۆن، هەر یەكێكیش لەو گەلەئەستێرانە دەیەها ملیار بگرە سەدەها ملیار ئەستێرەیان تێدا هەیە، هەندێكیشیان زۆر زیاتریش ئەستێرەیان تێدایە، بۆ نمونە گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا كە نزیكترین دراوسێی ئێمەیە پتر لە یەك ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە، ژمارەی ئەستێرەكانی ئەندرۆمیدا ئەوەندە زۆرە كە لە ماوەیەكی كەمدا دەبینین كە یەكێك لەو ئەستێرانە بەشێوەی سوپەرنۆڤا دەتەقێتەوە وكۆتایی بەتەمەنی دێت و بەردەوامیش ئەستێرەی تر دروست دەبن...
بێ گومان هەموو گەردوون زۆر زۆر لەگەردوونی بینراو فراوانترە، دەشێت هەموو گەردوون بێ كۆتاییش بێت...
لەوانەیە بوون و سەرهەڵدانی بوونەوەری زیرەك زۆر دەگمەنتر بێت لە دروستبوون و سەرهەڵدانی ژیانی سادە بەتایبەتی ژیانی یەك خانەیی بەپێی هەمان كۆمەڵە یاسای فیزیایی هەروەها یاسای ئەگەرەكان، لەبەر ئەوەی بۆ نمونە لەسەر ڕووی زەوی دوای پتر لە سێ ملیار ساڵ ئینجا ژیانی سەرەتایی پەرەی سەندوە و گەیشتوە بە ئاستی بوونەوەری زیرەك، بەڵام لەبەر فراوانی و بێشوماری گەردوون ئەگەری بوونی بوونەوەرە زیرەكەكان هێشتا هەر هەیە و زۆریشە، ئاخر تەنیا لەنێو گەلەئەستیرەكەی ئێمە واتە ڕێی كاكێشان لایەنی كەم لە نێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرە هەیە، ئێستا دەزانین و دڵنیاین هەندێك لە ئەستێرەكان هەسارەیەك یان زیاتریان هەیە وەكو خۆری ئێمە كە ئەستێرەیەكی مام ناوەندیە و كۆمەڵێك هەسارەی بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، بەو پێیە تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەكەمان لایەنی كەم دەیەها ملیار هەسارە و بگرە زۆر زیاتریش هەیە...
گەلێك لەو هەسارانە لە زۆرنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دەشێت ئاو هەبێت لە دۆخی شل كە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ دروستبوونی ژیان بەو شێوەیەی لەسەر ڕووی زەوی دەیزانین كە ژیانی كاربۆنیە، دەشێت ژیان بەجۆر و شێوەی تریش هەبێت لە شوێنەكانی تری گەردوون كە ئێمە جارێ نایزانین وەكو بۆ نمونە ژیانی سیلیكۆنی...