شەڕی سەرتاسەری...

1 مانگ پێش ئێستا

نوسینی: لوقمان حەوێز
شەڕی داهاتووی نێوان دوو لە سێ زلهێزەكەی جیهان ئەگەر ڕووبدات چۆن دەبێت..؟ بژاردەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی چ كارەساتێكی لێدەكەوێتەوە..؟ بۆمبی كارۆموگناتیسی چیە..؟
بەشێكی شەڕەكە لە بۆشایی ئاسمان دەبێت:
هیوادارم شەڕی وا وێرانكەر هەرگیز بەرۆكی مرۆڤەكان و ژیانی سەر هەسارەكەمان نەگرێت، بەڵام بەداخەوە هێشتا لە جیهانێكی زۆر ناسكدا دەژین و ئەگەری شەڕی سەرتاسەری لە ئارادایە، ئەگەر ئەو شەڕە ڕووبدات لەنێوان ئەمەریكا و ڕووسیا یان ئەمەریكا و چین تەنیا لەسەر ئەرز نابێت بەشێكی زۆریشی لە بۆشایی ئاسمان دەبێت، هەر لەبەر ئەمەش بووە ئەمەریكا دەستپێشخەری كرد و بەر لە چوار ساڵ بڕیاری دروستكردنی هێزی بۆشایی ئاسمانی دا space.force ، بەر لە دوو ساڵیش بە كردار دەستی بە دروستكردنی ئەو هێزە كرد، ئەمەریكا دەزانێت چین و ڕووسیا لە چەند ساڵی ڕابردوو پەرەیان داوە بە چەكە لێزەریە دژە سەتەلایتەكان و دژە كەشتیە ئاسمانیەكان، بۆیە ویستویەتی نەهێڵێت ئەوان لەو بوارەدا پێش ئەو بكەون، ئێستا ئەمەریكا بۆشایی ئاسمانی دەوری هەسارەی زەوی قۆرخ كردوە و دەیەوێت دڵنیا بێت لە پاراستنی ئەو هەموو سەتەلایت و كەل و پەلانەی ووڵاتەكەی و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی كە هەیانە لە ئاسمان...
لە ساڵانی ڕابردوو ڕووسیا چەندەها جار چەكی نوێی دژە سەتەلایتی تاقیكردەوە لەسەر سەتەلایتە كۆنە لەكاركەوتووەكانی خۆی و توانیویەتی لەو تاقیكردنەوانەدا ئەو سەتەلایتانە بخاتە خوارەوە، چینیەكانییش چەندەها ساڵە خەریكی پەرەپێدانن بەهەمان جۆرە چەك، هەرسێ ووڵاتی زلهێزیش موشەكی هایپەر سۆنیك و بۆمبە كارۆموگاتیسیەكانیان هەیە و پەرەشیان پێدەدەن، ئەمە جگە لەوەی هەر سێ ووڵات كۆگایەكی پڕ و گەورەیان هەیە لە كڵاوە ئەتۆمیەكان كە ژمارەیان نزیكەی 12 هەزار كڵاوەی ئەتۆمی دەبێت لە جۆری ئاسایی وەكو ئەوەی كە لە هیرۆشیما لەلایەن ئەمەریكا بەكارهێنرا، بەڵام گەلێك كوشندەتر و بەهێزترن، هەروەها هەرسێ ووڵات خاوەنی بۆمبی ناوكی هایدرۆجینین كە سەدەها جار لە بۆمبە یۆرانیۆمیەكان كوشندەتر و بەهێزترن...
بژاردەی ئەتۆمی:
بەكارهێنانی چەكە ناوكیەكان ترسناكترین و كوشندەترین بژاردەیە، لەگەڵ ئەوەی بە دور دەزانرێت شەڕێكی ناوكی سەرتاسەری ئاوا ڕووبدات لەبەر ئەوەی هەردوو لایەن دەزانن گەورەترین زیانیان بەردەكەوێت تا ڕادەی لەناچوون، بەڵام ئەو ئەگەرە هەر لەسەر مێزە، ئەگەر ڕووبدات ئەگەری زۆری ئەوە هەیە بەتەواوی لەدەست دەربچێت و وێرانكاری سەرتاسەری لێ بكەوێتەوە، جیهانیش دەیەها و بگرە سەدەها ساڵ بگێڕێتەوە دواوە، هەروەها ئەگەر ڕووبەڕوو بوونەوە ناوكیەكە سەرتاسەری بێت جگە لە لەناوچوونی دەیەها و بگرە سەدەها ملیۆن كەس دەبێتە هۆی وێرانكردنی ژینگەی هەسارەكەشمان، كەش و هەوا بەشێوەیەكی كت و پڕ و دوای چەند هەفتەیەك دەگۆڕێت، ئەگەری ساردبوونەوەی هەسارەكەمان لە ئارادا دەبێت بە چەند پلەیەك بۆیە زستانی ناوكی ڕوودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی سەدەها ملیۆن مرۆڤی تر و بگرە زۆر زیاتریش بەهۆی تێكچوونی زنجیرەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی خۆراك لە سەرانسەری جیهان و سەرهەڵدانی ناسەقامگیری مەدەنی بەشێوەیەكی بەربڵاو و نەمانی یاسا و كۆنتڕۆڵی حكومەتەكان بەسەر هاووڵاتیەكانیان...
بەڵام هەروەكو ئاماژەم پێكرد بژاردەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەئارادا دەبێت لەكاتی دەستپێكردنی پێكدادانەكان ئەگەر ئەو پێكداندانە سەرەتا بە چەكی ئاساییش بن، بەتایبەتیش بۆ ووڵاتێكی وەكو ڕووسیا كە سەرۆكەكەی دەتوانێت بەبێ ڕاوێژكاری بەئاسانی بڕیارێكی ئاوا دەربكات و جێبەجێی بكات، ئێستا هەرسێ ووڵاتی زلهێز خاوەنی ژمارەیەكی گەلێك زۆرن لە كڵاوەی ئەتۆمی، ڕووسیا نزیكەی 6000 كڵاوەی ئەتۆمی هەیە، ئەمەریكا نزیكەی 5500 دانەی هەیە، چینیش نزیكەی 200 كڵاوەی ئەتۆمی هەیە، جگە لەوەی كۆمەڵێك ووڵاتی تریش جگە لەو سێ ووڵاتە خاوەنی سەدەها كڵاوەی ئەتۆمی ترن...
ڕێگای سەرەكی گواستنەوەی ئەو كڵاوە ئەتۆمیانە موشەكە بالیستیەكانن كە دەتوانن بۆ مەودای كورت و مامناوەندی و درێژ ئەو كڵاوە ناوكیانە بگوازنەوە بۆ هەر شوێنێكی جیهان و ئامانجەكانیان بپێكن، ڕێگا سەرەكیەكانی تری گواستنەوە و هەڵدانی ئەو كڵاوانە بریتین لە غەواسەكان و كەشتیە سەربازیەكان و فڕۆكەكان و بنكە سەربازیە جێگیرەكان، فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمەریكا لە جۆری B-52 و فڕۆكەی خێو یان شەبەح لە جۆری H-20 دەتوانن زۆر بە خێرایی و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ئەو كڵاوە ئەتۆمیانە لەڕێگەی موشەكی تایبەتیەوە هەر ئامانجێك بپێكن ئەگەر بیانەوێت لە هەر شوێنێكی جیهان بن...
ڕووسیا و ئەمەریكا و چین ئێستا خاوەنی موشەكی سوپەر سۆنیكن كە چەند جارێك خێراترە لە دەنگ بۆ ئەوەی موشەكە دژە ئاسمانیەكان نەتوانن بیان پێكن و بیان خەنە خوارەوە، هەرسێ ووڵاتیش ئێستا خەریكی پەرەپێدانن بە موشەكە هایپەر سۆنیكەكان، ئەو جۆرە خێراییەكەی لە نێوان 5 بۆ 20 هێندەی خێرایی دەنگە، ئەو خێراییەش هێندە زۆرە لەكاتی هەڵدانیان هیچ جۆرە ڕادارێك و چەكێكی دژە ئاسمانی ناتوانێت بیان بینێتەوە و بیانخاتە خوارەوە، سەرۆكی ڕووسیا چەند جارێك بە ئاشكرا ووتویەتی ئەوان ئێستا خاوەنی ئەو جۆرە موشەكەن، هەموو ئەو موشەكانە پەرەیان پێدراوە و هەن بەمەبەستی گواستنەوە و هەڵدانی كڵاوە ئەتۆمیەكان بەشێوەیەكی زۆر خێرا، لەئەگەری هەر رووبەڕوو بوونەوەیەكی سەرتاسەری هەموو ئەو جۆرە موشەكانە بەكاردەهێنرێن و بەئاسانی و بە نیمچە دڵنیاییەوە دەتوانن كڵاوە ئەتۆمیەكان بگەیەنن بە ئامانجەكانیان...
بۆمبی كارۆموگناتیسی:
بۆمبە كارۆموگناتیسیەكانیش چەكێكی سەرەكی تر دەبن لە شەڕێكی سەرتاسەری ئەگەر ڕووبدات، بۆ نمونە تەقاندنەوەی تەنیا بۆمبێكی كارۆموگناتیسی بەهێز لەسەر شارێك هەرچەندە گەورە بێت دەبێتە هۆی لەكاركەوتنی تەواوەتی هەموو ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان بە مۆبایلەكانی دەستیشەوە هەروەها لەكاركەوتنی ئامێرە كارەباییەكان بە ترانسفۆرمەكانی كارەباشەوە ئەگەر ئەو ئامێرانە لاكاردا بن یان لەكاریشدا نەبن...
لەوانەیە زۆربەتان نەزانن كە زۆربەی تەكنەلۆژیایە پێشكەوتووەكانی ئێستا زۆر ناسكن و لەئەگەری ڕوودانی هەر شەڕێكی گەورە و سەرتاسەری لەنێوان ئەو سێ هێزە لەكار دەكەون، بۆ نمونە تۆڕەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندیە تەلەفۆنیە جیهانیەكان كە لەڕێگەی ئینتەرنێت و سەتەلایتەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها پەخشەكانی تەلەفزیۆنەكان كە لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە دەگوازرێنەوە لە‌ ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە هەموویان لەكاردەكەون، ئەوەی دەمێنێتەوە و كاردەكات تەنیا پەیوەندیە ڕادیۆییەكان دەبن كە لە ڕێگەی شەپۆڵە ڕادیۆییە ئاساییەكانەوە ئەنجام دەدرێن، لەلاتان سەیر نەبێت كە هێشتا ئەو ڕێگە كۆن و ئاساییە هێڵراوەتەوە وەكو backup بۆ پەیوەندیكرن لەنێوان بنكەكانی فەرماندەیی كردنی سەربازی لەگەڵ بنكە سەربازیەكانی تر و كەشتیە سەربازیەكان و غەواسەكانیش كە لەسەر ڕووی وە هەروەها لە نێو قوڵایی زەریاكاندان...
هەر بۆیەش زۆر گرنگە هەموو ماڵێك ڕادیۆیەكی وەرگری شەپۆلە ناوەند و كورتەكانی هەبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری لەو كاتانەدا...