ئاو ژیانە...

1 مانگ پێش ئێستا

لوقمان حەوێز
ئاو چیە و چۆن لە گەردوون هەیە و دروستبووە..؟ ئەو ئاوەی لەسەر ڕووی زەوی هەیە كەی و چۆن دروست بووە..؟
بۆچی ئاو زۆر گرنگە بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی ژیان..؟
بۆچی هیچ خانەیەكی زیندوو بەبێ ئاو دروست نابێت و ناتوانێت بژییت..؟
ئاو سەرنج ڕاكێشترین و گرنگترین ئاوێتەی نێو گەردوونە، لە هەردوو توخمی هایدرۆجین و ئۆكسجین پێك دێت، هایدرۆجین توخمە باو و سەرسوڕهێنەرەكەی نێو گەردوونە، لە هەموو بست و كونجێكی گەردوون هەیە، ئۆكسجینیش لەنێو چەقی ئەستێرەكان بەزۆری لە كۆتایی تەمەنی ئەو ئەستێرانە دروست دەبێت، دوای تەقینەوەی ئەو ئەستێرانە ئۆكسجین لەگەڵ توخمە قورسەكانی تر بڵاو دەبێتەوە لە بۆشایی ئاسمان بەنێو تەمە هایدرۆجینیەكانی تر، دواتر لە هایدرۆجین و توخمە قورسەكانی تری ئەو تەمە هایدرۆجینیە نەوەیەكی نوێ لە ئەستێرە و كۆمەڵەی خۆری تر دروست دەبێت، هەر لەبەر ئەمەیە ئۆكسجین و توخمە قورسەكانی تریش لەنێو ئاوێتەكانی سەر ڕووی زەوی هەن، یەكێك لەو ئاوێتانەش ئاوە كە لە دوو گەردیلەی هایدرۆجین و یەك گەردیلەی ئۆكسجین پێك دێت...
ئاوی گۆی زەوی چۆن و لەكوێ دروست بووە..؟ چۆن ئاو لە گەردوون دروست دەبێت..؟
ئێستا دەزانین كە لەكاتی دروستبوونی ئەستێرەكان بەشێك لەو تەمەی ئەستێرەكە دروست دەكات بەشێوەی دیسك بە دەوری ئەستێرەكەدا دەمێنێتەوە، دواتر ئەو دیسكە بەش بەشەی چڕ دەبێتەوە و هەسارۆكەكان و كلكدارەكان دروست دەكات، لەگەڵ چڕبوونەوەی ئەو بەشانە لەژێر بارودۆخێكی گونجاودا ئەگەر توخمی ئۆكسجین لە تەمەكە هەبوو ئەوا بڕێكی لەگەڵ توخمی هایدرۆجین یەكدەگرێت و ئاوێتەی ئاو دروست دەكەن، ئەو ئاوەش لەنێو ئەو هەسارۆكە و كلكدارانەدا چڕ دەبێتەوە كە لەناو دیسكەكەدا دروست دەبن، بەپێی دوری ئەو هەسارۆكە و كلكدارانە لە ئەستێرەكانیان دەشێت ئەو ئاوە بەشێوەی شل یان بەستوو بمێنێتەوە لەسەر هەسارۆكەكان و كلكدارەكان، دواتر لەتۆپەڵ بوون و بەریەككەوتنی ئەو هەسارۆكانە هەسارەكان دروست دەبن، ئەو ئاوەی لەنێویاندایە دەبێتە بەشێك لە پێكهاتەی ئەو هەسارانە، بڕی ئاو لەسەر هەسارەكان لەگەڵ بەركەوتنی كلكدارەكان و هەسارۆكەی تریش بەردەوام ڕوو لە زۆربوون دەكات، بەپێی نوێترین لێكدانەوەش دەشێت بڕێك لەو ئاوەی سەر گۆی زەوی لەسەرەتای تەمەنی گۆی زەوی بەهۆی گۆڕانكاریە جیۆلۆجیەكانیش دروست بووبێت، بەكورتی ئەو ئاوەی لەنێو كۆمەڵەی خۆر هەیە و لەسەر هەسارەی زەوی هەیە تەمەنی نزیكەی ئەوەندەی تەمەنی كۆمەڵەی خۆرە كە پترە لە 4.5 بلیۆن ساڵ واتە پتر لە 4500 ملیۆن ساڵ...
بۆچی ئاو گرنگ بووە بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی ژیان..؟
بەپێی هەموو لێكۆڵینەوەكان ژیان لەسەر ڕووی زەوی دروست نەدەبوو و نەدەمایەوە بەبێ بوونی ئاو، لەبەر ئەوەی ئاو بەشێوەی شل هەبووە و هەیە لەسەر گۆی زەوی بۆیە وەكو ناوەندێك گرنگ و پێوست بووە بۆ ڕوودانی ئەو هەموو ئەو كارلێكە كیمیاویانەی كە ڕوویانداوە لەسەرەتاكانی تەمەنی گۆی زەوی كە پێویست بوون بۆ دروستبوون و سەرهەڵدانی ژیان، دوای دروستبوونی ژیانی سەرەتاییش ئاو گرنگ و پێویست بووە بۆ گۆڕینەوەی توخم و ئاوێتە پێویستەكان لە نێوان خانە زیندووەكان و گەیاندنی ئەو توخم و ئاوێتانە بەو خانانە...
بۆچی هیچ زیندەوەرێك و هیچ خانەیەكی زیندوو بەبێ ئاو ناتوانێت بژیت..؟
هەموو زیندەوەرێك و خانەیەكی زیندوو لە بەكتریایەك تاوەكو نەهەنگێك پێویستی بە ئاوە بۆ ئەوەی بژییت و بەردەوام بێت لە ژیان، هەندێك لە زیندەوەران بەبێ ئۆكسجین دەتوانن بژیین بەڵام ناتوانن بەبێ ئاو هەبن و بژیین، بەبێ بوونی ئاو هەموو ژیان بەو شێوەیەی دەیزانین لەسەر گۆی زەوی نەدەبوو و ناتوانێت بەردەوام بێت، هەموو كار و زیندەچالاكیەكانی ناو خانە زیندووەكان پێویستیان بە ئاوە بۆ بەردەوام بوونی ئەو چالاكیانە هەر لە گواستنەوەی خۆراك بۆ ئەنجامدانی زۆربەی كارلێكە كیمیاویەكان لە نێو خانەكان تاوەكو شیكردنەوەی ئەو خۆراكانە و گۆڕینیان بۆ ووزە...
هەموو ئاوی سەر ڕووی گۆی زەوی و ژێر زەوی لەسوڕێكی بەردەوامدایە بەهۆی دیاردەی بەهەڵم بوون و دابارین كە بەردەوام لەسەر هەسارەكەمان ڕوودەدەن، بۆ ئەوەی هەموو ئەو بڕە ئاوەی لەسەر هەسارەی گۆی زەویە یەك جاری تەواو بەو سوڕەدا تێبپەڕێت پێویستی بە نزیكەی 11.2 ملیۆن ساڵە، كەواتە ئەو بڕە ئاوەی لەنێو لەشی هەریەكەمانە و بۆ ماوەیەكی كەم لەوێیە و دەمێنێتەوە، دوایی بەردەوام دەبێت لەو سوڕە، بۆیە هەر دڵۆپە ئاوێك كە لە لەشی هەریەكەماندا هەیە یان كە دەیخۆینەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان لەوانەیە لەنێو لەشی داینەسۆرێك بووبێت، یان دڵۆپە ئاوێكی ناو بارانێك بووە، بە دڵنیاییەوە شەپۆڵەكانی زەریاش بووە، لەژێر زەوی یان لەناو قەد و گەڵای درەختێكیش بووە...
هەموو ئەو ئاوەی ئێستا لەسەر ڕووی گۆی زەوی و بەرگە هەوا و چینەكانی ژێرەوەی زەوی هەیە بڕەكەی نزیكەی 1385 ملیۆن كیلۆمەتر سێجایە، نزیكەی 96.5% لەو بڕە لە زەریاكانە بەشێوەی ئاوی سوێر، ئەوەی تریش كە دەمێنێتەوە ئاوی شیرین و سازگارە لە دەریاچە و ڕووبارەكان و ژێر زەویە، هەندێكیش لەو ئاوە سازگارە بەشێوەی بەفرە لە دۆخی بەستوو دایە لە جەمسەرەكانی گۆی زەوی، بڕێكی زۆر كەمیش بەردەوام لە نێو بەرگە هەوادا هەیە بەشێوەی هەڵمی ئاو و هەورەكان...
ئێستاش دوای خوێندنەوەی ئەم نوسینە هەستە بڕێك ئاو بخۆرەوە، چونكە ئاو زۆر گرنگە، ئاو پیرۆزە، ئاو ژیانە...