گەیشتن بە لێواری نەمری...
1 مانگ پێش ئێستا
نوسینی: لوقمان حەوێز
لێواری کونەڕەشە زەبەلاحەکان لێواری گەیشتن بە نەمریە بۆ مرۆڤ...
ئەگەر مرۆڤ لە داهاتوودا توانی لەسەر لێواری کونە ڕەشێکی زەبەلاح بژیت، ئەو کاتە لە گەیشتن بە خەونی نەمری نزیک دەبێتەوە...
چۆن..؟
بە پێی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین کات ڕێژەییە، مەبەستیش لە ڕێژەیی کات ئەوەیە کە لە نێو گەردووندا یەک کاتژمێر نیە، واتە کات بەهەمان هەنگاو و هەمان خێرایی ناچێتە پێشەوە لە شوێنە جیاجیاکانی گەردوون، ئەمە مانای ئەوەیە کە هەنگاوی تێپەڕبوونی کات لە ئێستاوە بۆ داهاتوو دەگۆڕێت لە شوێنێک بۆشوێنێکی تر لە نێو گەردوون، بە وردی خێرایی تێپەڕبوونی کات لە هەر بست و کونجێکی گەردوون وابەستەیە بە دوو هۆکار، یەکەم بڕی هێزی کێشکردن لەو شوێنە، دووەم خێرایی ئەو شوێنە یان ئەو تەن و بارستەیە بە نێو بۆشاییدا…
ئەم بۆچوونەی ئاینشتاین یان وردتر بڵێین ئەم بنەمایەی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین لە پەنجا ساڵی ڕابردوو بەتەواوی و سەدا سەد لە ڕێگەی تاقیکردنەوە چەند جارێک سەلمێنراوە، بۆ نمونە ئێستا سەدا سەد دەزانین ئەگەر لەسەر ڕووی زەوی بەرز بینەوە بۆ ئاسمان چونکە هێزی کێشکردنی زەوی کەم دەبێتەوە بۆیە کاتیش بەبڕێکی زۆر زۆر کەم خێراتر دەبێت یان خێراتر دەچێتە پێشەوە، هەر بۆیە بۆ نمونە دەبێت بە بەردەوامی کاتژمێرەکانی سەر سەتەلایتەکان لەگەڵ کاتژمێرەکانی سەر ڕووی زەوی یەک بخرێنەوە ئەگینا هەڵە دەکەوێتە سەر کاتژمێرەکانی سەتەلایتەکانی ئاسمان لەبەر ئەوەی بەردەوام ئەو کاتژمێرانە هەندێک پێش دەکەون...
بەڵام بڕی ئەو جیاوازیە لە کات کە دروست دەبێت ئەگەر بۆ نمونە ئێمە بەتەواوی دەرباز بین لە هێزی کێشکردنی زەوی زۆر زۆر کەمە ئەگەر بەراوردی بکەین بە تەمەنی مرۆڤێک کە بۆ نمونە 100 ساڵ بژیت چونکە هێزی کێشکردنی زەوی هێندە زۆر نیە، ئەگەر ئەو جیاوازیە لە کات پێوانە بکەین لە ماوەی تەمەنی مرۆڤێک دەبینین کە تەنیا نزیکەی 2 چرکەیە، واتە ئەگەر مرۆڤێک بتوانێت بە درێژایی ژیانی لەشوێنێک بژیت کە هێزی کێشکردنی زەوی لەو شوێنە سفر بێت بەڵام هێزی کێشکردنی خۆر هەر وەک خۆی بێت لەو شوێنە ئەوا ئەو مرۆڤە لە کۆتایی تەمەنیدا تەنیا دوو چرکە خێراتر تەمەنی تێپەڕیوە لەو مرۆڤانەی کە لەسەر زەوی ژیاون...
بۆچی ئەم دوو چرکەیە زۆر زۆر گرنگە..؟
کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەر ڕووی زەوی دەژین و هەسارەی زەویش هێزی کێشکردنی هەیە بۆیە کاتی ژیانمان بۆ ئێمە دوو چرکە خاوترە یان زۆرترە وەک ئەوەی ئەگەر لەبۆشایی ئاسمان بژین لە شوێنێک هێزی کێشکردنی زەوی سفر بێت، ڕاستە ئەو دوو چرکەیە لە جیاوازی زۆر زۆر کەمە وهیچ نیە بە بەراورد بە هەموو تەمەنی مرۆڤ، بەڵام ئەی ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لەسەر یان زۆر نزیک لە لێواری کونێکی ڕەشی زەبەلاح بژیت کە بارستەکەی ملیارەها هێندەی بارستەی خۆر بێت و هێزی کێشکرنیش لەو شوێنە واتە لە لێواری سنوری خاڵی نەگەڕانەوەی کونە ڕەشەکە event.horizon هێندە زۆرە ئەوساکە چی بەسەر کات و تەمەنی مرۆڤدا دێت..؟
لە ڕاستیدا مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت ڕێک لەسەر لێواری سنوری خاڵی نەگەڕانەوە بژیت چونکە: یەکەم کات لەو شوێنە دەوەستێت واتە ژیان مەحاڵ دەبێت، دووەم یەکسەر ئەو مرۆڤە یان هەر بارستەیەک لەو شوێنە بێت ڕادەکێشرێتە ناو کونە ڕەشەکە و قوت دەدرێت بەرەو شوێنێکی نادیار کە جارێ هیچ دەربارەی نازانین و هیچ یاسایەکی فیزیایی تۆکمە و تەواویشمان نیە بۆ ئەوەی هیچ لێکدانەویەک بۆ ئەو دۆخە بکەین، بەڵام ئەگەر مرۆڤ توانی هەندێک لەدەرەوەی ئەو سنورە کۆمەڵگایەک دابمەزرێنێت و لەو شوێنە بژیت و بمێنێتەوە و لە خولگەیەکی جێگیر بەدەوری کونە ڕەشەکەدا بسوڕێتەوە، ئەوساکە کات و تەمەنی مرۆڤەکانی ئەوێ هەزارەها جار و بگرە زۆر زیاتریش خاوتر دەبێتەوە وەک ئەوەی بۆ نمونە ئەگەر ئەو مرۆڤانە لە شوێنێکی وەک سەر ڕووی هەسارەی زەوی بژین...
بێ گومان بۆ کاتژمێرەکانی مرۆڤەکانی ئەو شوێنەی لێی دەژین واتە لێواری کونەڕەشەکە کات بەشێوەیەکی ئاسایی دەڕوات، بەڵام ئەگەر کۆمەڵە مرۆڤێکی تر لە دوری ئەو شوێنە چاودێری ژیانی مرۆڤەکانی سەر سنوری نەگەڕانەوەی کونەڕەشەکە بکەن دەبینن ژیانیان هێندە خاوە وەکو ئەوەی ژیانیان بەتەواوی نیمچە وەستاو بێت وایە، ئەو مرۆڤانەی کە لە لێواری کونە رەشەکەش دەژین کاتێك لەوێوە چاودێری شوێنەکانی دەوروبەری خۆیان دەکەن لە گەردوون دەبینن هەموو ڕووداوەکانی دەرەوەی ئەو شوێنە زۆر زۆر خێرا ڕوودەدەن، بۆ نمونە دەبینن ئەستێرەکان زۆر بەخێرایی جوڵە دەکەن و دەبینن هەموو شتێک خێرایە...
بۆ ئەوەی بابەتەکەم ڕوونتریش بێت ئەم نمونەیە دەهێنمەوە، ئەگەر چەند مرۆڤێک لەسەر زەویەوە بچن بۆ سنوری خاڵی نەگەڕانەوەی کونێکی ڕەشی زەبەلاح و تەنیا یەک کاتژمێر بە کاتژمێری خۆیان لەوێ بژین و بمێننەوە، دوایی بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕووی هەسارەی زەوی دەبینن کات چەندەها ساڵ تێپەڕیوە لەسەر زەوی، ئەگەر ساڵێکیش بمێننەوە لەوێ بێ گومان دوای گەڕانەوەیان دەبینن کەوا کات لەسەر زەوی دەیەها هەزار و بگرە سەدەها هەزار ساڵ تێپەڕیوە لەسەر زەوی بەپێی دوری مانەوەی ئەوان لە سنوری خاڵی نەگەڕانەوەی کونە ڕەشەکە، کەواتە کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ زەوی دوای بەسەربردنی تەنیا ساڵێک لەو شوێنە ئەگەر پێوانەی تەمەنی خۆیان بکەن بە بەراورد بە ڕووداوەکانی سەر زەوی، ئەوساکە دەزانن ئەوان دەیەها هەزار ساڵ یان سەدەها هەزار ساڵە ژیاون و تەمەنیان هێندە درێژبووە...
لە داهاتوودا لەوانەیە ئەمە یەکێک لەو ڕێگایانە بێت کە مرۆڤ بتوانێت بەو هۆیەوە تەمەن و کاتی مانەوەی خۆی زۆر زۆر درێژ بکاتەوە لە نێو گەردوون بەجۆرێک نزیک بێتەوە لە نەمری...
تێبینی: ئەم بڕگەیەی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین سەدا سەد لە ڕێگەی تاقیکردنەوە سەلمێنراوە و خەیاڵی زانستی نیە، بێ گومان لە ئێستادا کێشەکە ئەوەیە مرۆڤ ئەو توانایەی نیە لە ڕووی عەمەلیەوە بگات بە لێواری هیچ کونێکی ڕەش و بتوانێت لەوێ بمێنێتەوە و لەوێ بژیت، بەڵام کێ دەڵێت ئەگەر مرۆڤ بمێنێتەوە لەنێو گەردوون بۆ ماوەیەکی درێژ ئەوە ناکات..؟
خۆ تا بەر لە 150 ساڵیش فڕین بۆ مرۆڤ خەون بوو، ئێستاش دەتوانێت تەنیا لەماوەی 90 خولەک لە بۆشایی ئاسماندا بەدەوری هەسارەی زەویدا بسوڕێتەوە، لە زانستدا هەر شتێک مومکین بێت ئەنجامدانیشی مەحاڵ نیە....!