نەریتی نەریت قەرزكردن

4 مانگ پێش ئێستا

ڤینۆس فایەق
لە ئاهەنگی زەماوەندی چینییەكاندا زاوا بووكێ دەكاتە كۆڵی و بە پێی پەتی بەسەر خەڵووزی داگیرساودا دەیگێڕێ، لە باوەڕیانەوە بەوەی ئازاری منداڵبوونی بوكەكە كەمدەكاتەوە.  لە ئیسپانیاش لە فێستیڤاڵی «كۆلاكۆ»دا كە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەوە دەگێڕدرێ، تیایدا منداڵە تازە لەدایكبووەكان لەسەر دۆشەكێك دادەنێن و چەند پیاوێك بە جلی زەرد و دەمامكی ترسناكەوە بازیان بەسەردا دەدەن، گوایە شەیتان لە منداڵەكان دووردەخاتەوە، دوای تەواوبوونی مەراسیمی بازدانەكە گوڵ بەسەر منداڵەكاندا ‌هەڵدەدرێ.

زۆرم وڵاتان و میللەتان بینیوە، هیچ میللەتێكم نەبینیوە نەریتی میللەتێكی تر قەرز بكات، یان لە بۆنەی میللەتێكی تردا ئاهەنگ بگێڕێت. هیچ ئەوروپیەك لە شەوی بەراتا مەراسیمی شەوی بەرات سازنادات و گۆرانیی «ئەم شەو شەوی بەراتە» لێنادات، بەڵام كوردم بینیوە هەرچی نەریتی ئەوروپی و تورك و فارس و وڵاتانی كەنداوە تێكەڵ بە كولتوورەكەی خۆی كردووە. لە رۆژی خۆشەویستیدا دار و بەرد بە رەنگی سوور سواغ دەدات و لە بۆنەی هەڵەویندا دەمامك لە بازاڕ دەبێتە قاتی، ماڵەكان بە جاڵجاڵۆكە و شەمشەمەكوێرە دەڕازێنرێنەوە و جلوبەرگی سەیر و سەمەرە لەبەر دەكەن و منداڵەكان دەنێرنە دەرەوە چوكلێت و نەستەلە لە ماڵان داواكەن. هیچ ئەوروپیەكم نەبینیوە سێ رۆژ و سێ شەو خەنەبەندان سازبدات وەك ئامادەسازییەك بۆ ئاهەنگی زەماوەند، بەڵام كوردم بینیوە لەسەر شێوازی تورك و خەلیجی ئاهەنگی زەماوەندی رێكخستوە و كە ئامادەبووم هەستم نەكردووە لە ئاهەنگێكی زەماوەندی كوردێكدام. زۆرم كورد لەبارەی هەندێ نەریتەوە دواندووە، یان بە سووك سەیریان كردووە یان بە خورافاتیان پێناسەكردووە. بەڵام قەرزكردنی نەریت بەلایانەوە زۆر ئاساییە.

ئێمە جگە لەوەی شتێكی ئەوتۆمان نییە ئەوانی تر لاسایی بكەنەوە و داگیركەریش ئیشی لەسەر شێواندنی ئەوەی هەمانبووە كردووە، ئێستاش ئەوەی ماوە خۆمان بە نەریتە قەرزكراوەكان شێواندوومانە. نەریتەكانمان ئێستا تەنها لە كتێبە مێژووییەكان و رۆمانەكان و مۆزەخانەكاندا هەن.

لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەگەر پەیڕەوكردنی ئەم نەریتانە كەمیش بووبێتەوە، بەڵام نەریتی هیچ میللەتێكیان نەخستۆتەجێی. ئەڵمانییەكان ئێستاش لە ئاهەنگێكی ناڕەسمیی زەماوەنددا كەسوكاری بووك و زاو و هاوڕێكانیان كۆدەبنەوە لە رێوڕەسمی شكاندنی دەوری و فەخفوری و گوڵدانە خەزەفیەكان كە بووك و زاواكە دەیكەن و دواتر پێكەوە هەموو قاپ و فەخفورییە شكاوەكان كۆدەكەنەوە، گوایە بەختی باشیان بۆ دەهێنێت، لانیكەم وادەكات بەهای هاوكاری و ئیشی جیدی بزانن بۆ سەرخستنی ژیانی هاوسەریان.

لە تایلاند ساڵانە فێستیڤاڵێك سازدەكرێ تیایدا خوانێكی گەورە لەسەر شەرەفی مەیموونەكانی جۆری «ماكاو» سازدەكەن كە لە شارەكەیان دەژین، وەك سوپاسگوزارییەك بۆ بەختی باش كە مەیموونەكان دەیبەخشنە شارەكانیان.

ئێمەش نەریتێكی واشمان نەماوە بۆ خۆشیش پیادەی بكەین. خۆ ئێستا ئەوەندەی كورد لە خەمی بابانۆئێلدایە لە سەری ساڵەكاندا كەسایەتییەكی خەیاڵیە هەر بوونیشی نەبووە، هێندە ئەمەریكییەكان و ئەوروپیەكان خۆیان بۆ شپرزە نەكردووە. دواجار میللەتێك خەونی سەربەخۆیی ببینێت نابێت هیچ نەریتێكی هیچ میللەتێك قەرزبكات، ئەگەر كردی ئەوە سەرەتای توانەوەیەتی لە كەلتورەكانی تردا و باسی سەربەخۆیی بەتاڵە.