دەست لە كار كێشانەوەی عەقڵ

3 مانگ پێش ئێستا

حەمەسەعید حەسەن
جۆرج تەرابیشی (١٩٣٩ – ١٦ی ئاداری ٢٠١٦) هەر ڕەخنەی لەوانی دیكە نەدەگرت، بوێریی ئەوەی شك دەبرد، ڕەخنە لە خودی خۆیشی بگرێت و ئەو دونیابینییەیش بداتە بەر ڕەخنە كە ساڵانێك خۆی بانگەشەی بۆ كردووە. لە سەرەتای ژیانیدا بەعسی بووە، بەڵام هەر كە ئەو حیزبە دەستی لە دەسەڵات گیربووە، لێی كشاوەتەوە، بە پێچەوانەی كەسانی هەلپەرستەوە، كاتێك سەنگەر دەگوێزنەوە، بە چەپەری حیزبی دەسەڵاتەوە پێوەست دەبن. تەرابیشی كە واز لە بەعس دەهێنێت، دەبێتە ماركسیست و دواتر لە فیكری وجوودی نزیك دەبێتەوە. تەرابیشی ئەوەی بیری لێ نەدەكردەوە، ماڵی دونیا بوو، لە ئاستێكی (نزم)ی ژیاندا ڕۆژانی بەڕێ دەكرد، بەڵام ڕۆحی كەوینەكراوی (بەرز) دەفڕی و بەرهەمی قەڵەمی ئاوێنەی ڕوون و ڕاستگۆی خودی خۆی بوو.

تەرابیشی هەر وەرگێڕێكی بەتوانا و پڕ بەرهەم نەبوو، ڕەخنەگرێكی ئەدەبیی داهێنەریش بوو، چالاكێكی بواری تیۆریی فێمینیزمیش بوو، لە بوارەیلی فیكر، سیاسەت، فەلسەفە و دەروونناسیشدا بە هەق زانابوو. وێڕای ئەو بوارانە، ساڵانێكی زۆری ژیانیشی بۆ لێكۆڵینەوە لە كەلەپووری ئیسلام تەرخان كرد. ژیانی بە نووسین بەخشیبوو، كە پەكی كەوت و توانای نووسینی نەما، جاڕی مەرگی خۆی دا، هەرچەندە هێشتا زیندوو بوو، ئاخر نووسین ژیانی بوو.. ڕۆلان بارت دەیگوت: (نووسین ئەگەر بكەوێتە خانەی داهێنانی ئەدەبییەوە، تەمەنی لە عومری ئەو نووسینانە درێژتر دەبێت كە بایەخ بە فیكر و بە ڕەخنە دەدەن.) وای بۆ دەچم نووسینە ڕەخنەیی و فیكرییەكانی تەرابیشی ملكەچی ئەو ڕێسایە نەبن، ئاخرستەمی لێ دەكەین، ئەگەر ڕەخنە ئەدەیی و فیكرییەكانی بە داهێنان لە قەڵەم نەدەین.

جۆرج تەرابیشی بەو لێكۆڵینەوە قووڵ و درێژەی دەربارەی (ڕەخنە لە عەقڵی عەرەبی)ی موحەممەد عابید ئەلجابیری (١٩٣٦ – ٢٠١٠) كردی، ئەوەی پێ گوتین: (لەمێژە لە ئیسلامدا عەقڵ دەستی لە كار كێشاوەتەوە.) (تەرابیشی)یش وەك موحەممەد ئارگون پێی وابوو، عەقڵ نە دەتوانێت ئیسلامی بێت، نە عەرەبی، ئاخر عەقڵ لەبەر ڕۆشنایی ئایین یان نەتەوەدا پۆلێن ناكرێت. جارێكیان لە فڕگەی ڕەباتی پایتەختی مەغریب بە گیری دەهێنن، بە تۆمەتی ئەوەی چۆن عەرەبە و ناوی جۆرجە! گومانی ئەوەی لێ دەكەن پاسپۆرتەكەی ساختە بێت، هەرچەندە لەناو عەرەبدا بە دەگمەن داهێنەرێكی وەك ئەو هەڵكەوتووە، مەگەر جۆرجی زەیدان (١٨٦١ – ١٩١٤) یان جوبران خەلیل جوبران (١٨٨٣ – ١٩٣١) كە ئەوانیش وەك تەرابیشی، گەرچی بە ڕەچەڵەك (كریستیان) دەبن، بەڵام بە كردەوە لە خزمەتی ئینساندا دەبن، نەك ئەم یان ئەو ئایین.
پێش ئەوەی دواناوەندی تەواو بكات، قەشەیەك لە حەڵەب پێی دەڵێت: نەزەر حەرامە و سزاكەی لە لایەن خوداوە، ئاگری دۆزەخە، ئیدی لەوە بە دواوە، بڕوای بە كریستیانیزم لەق دەبێت. كە مامۆستای دەرسی ئایینی ئیسلام لەسەر تەختەڕەشكەی پۆل دەنووسێت: (ئەوی موسوڵمان نەبێت، دوژمنی ئیسلامە،) هەست دەكات، ئەوەی دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت، نە سییاسەتە، نە وەزارەت، بەڵكوو ئەوە عەقڵە كە پێویستە بگۆڕدرێت. كە هاوڕێ حیزبییەكانی بایكۆتی دەكەن، لەسەر ئەوەی لە دژی تاوانی ژنكوشتن، بە پاساوی پاراستنی نامووسەوە، دەوەستێتەوە، تێدەگات ئایدۆلۆجیا لە توێكڵی عەقڵ بەولاوە هیچی دیكە نییە و بیر لە گۆڕینی كرۆكی عەقڵ دەكاتەوە.

ئەگەر وەرگێڕان ناپاكی بێت، ئەوا وەرگێڕان لە دەستی دووەوە ناپاكییەكی مەزنە، بەڵام چونكە وەرگێڕێكی عەرەبی ئەڵمانیزان لە گۆڕێدا نابێت، تەرابیشی لە ناچارییەوە، لە فەرەنسایییەوە بەرهەمی فرۆید وەردەگێڕێتە سەر عەرەبی، ئاخر ئەگەر وای نەكردبا، كولتووری عەرەب، بێ فرۆید و بێ شیكردنەوەی دەروون دەمایەوە. تەرابیشی نزیكەی چارەكە سەدەیەكی تەمەنی بۆ لێكۆڵینەوە لە كەلەپووری عەرەب تەرخان دەكات، تا ڕەخنەیەكی زانستی و زەنگین لە كتێبی (ڕەخنە لە عەقڵی عەرەب)ی جابیری بگرێت.

تەرابیشی دەبێژێت (ئەوەی كە جابیری عەقڵی عەرەبی بەسەر عەقڵی دواكووتووی خۆرهەڵاتی دونیای عەرەب و عەقڵی پێشكەوتووی خۆرئاوای دونیای عەرەبدا دابەش كردووە، لێكدانەوەیەكی ناعەقڵانییە. بۆ ئەوەی ڕەخنە لە جابیری بگرم، پێویستم بەوەبوو، چی نووسیوە، بیانخوێنمەوە، چی كردووە بە سەرچاوە، بیانخوێنمەوە و چییش پێویستبوو بیانكات بە سەرچاوە و نەیكردبوون، بیانخوێنمەوە.) تەرابیشی لەبارەی بەهاری عەرەبەوە گوتوویەتی: (بەهاری عەرەب ئەگەر دەرگایەكی بە ڕووی عەرەبدا كردبێتەوە، دەرگای دۆزەخ بووە، ئاخر گەڕانەوە بوو بۆ پێش ئەو مۆدێرنێتەیەی بە ئومێدی بووین).
جۆرج تەرابیشی دەركی بەوە كردبوو، هیچ شتێك ئەوەندەی ئایدۆلۆجیا كە ئایین بەشێكی پێك دەهێنێت، عەقڵی مرۆڤایەتی تووشی نابینایی ناكات. تەرابیشی دەیزانی دیكتاتۆر بۆیە سانسۆری داهێناوە، چونكە لە كتێب دەترسێت، ئاخر ئەوە كتێبە ئینسان بۆ ئەوە هان دەدات، خەون بە ژیانێكی گەشتر و بە جڤاكێكی باشترەوە ببینێت، بۆیە هەموو تەمەنی بە نووسینی كتێب و بە وەرگێڕانی كتێب بەخشی. تەرابیشی لەو نووسەر و بیرمەندانە نەبوو كە لە بازنەی كلاسیكدا قەتیس دەبن، بەڵكوو لەم ئەزموونەوە بۆ ئەزموونێكی دیكە بەڕێ دەكەوت، دوودڵیی نەدەناسی، سڵی لە دونیای تازە و ئاڵۆز نەدەكردەوە و لە سایەی بەهای سەروەردا گیری نەدەخوارد، ئاخر هاوزەمان بیرمەندێكی یاخی و خەباتگێڕێكی چاونەترسیش بوو.