زانست و دین

12 مانگ پێش ئێستا

د. سەردار عەزیز
دوێنێ و ئەمڕۆ لە پاركێك لە نزیك زانكۆ لە شاری كۆرك لە ئایرلەندا، ڤیستڤاڵی زانستە. لە ڤیستڤاڵی زانستدا كۆڵێجە زانستییەكان دێن بۆ نمایشی كارەكانیان بە تایبەتی بۆ منداڵان. لە هەمانكاتدا كاری نمایشی تریش هەیە وەك ئەوەی یەكێك لە ئەكتەرەكانی تەلەفزیون پێشكەشی دەكات دەربارەی گرنگی زانست و بون بە زانستكار. لەو نمایشەدا كاتێك ئەكتەرەكە نمایشی فشاری هەوای دەكرد، بۆ نەگبەتی كەوتە سەر من و هاواری كرد چۆن فشاری هەواكەی توكی بە سەرمە نەهێشت. بۆ كەمێك بووم بە پەن.
ئامانجی ڤیستڤاڵی زانست ناساندن و خۆشكردن و دڵگیركردنی زانستە لای منداڵان بۆ ئەوەی بچنە ڕشتەكانی زانستەوە لە زانكۆ. لە پشت ئەم هەوڵەوە كاری حكومەتە بۆ فۆكەسكردن لە سەر زانست چونكە زانست بنەمای ئابوری وڵاتە. كاتێك ئەوەم بە جۆن گوت، پێكەوە لە پارك بوین لە گەڵ مناڵەكاندا، لە وەڵامدا ووتی، دوای پەنجا ساڵ لە فەرامۆشی. لە سەردەمی باڵای كڵێسادا، زانست و دەسەڵاتی زانستی لە ئایرلەندا فەرامۆشكرابوو، زۆر ڕشتەش سنورداركرابوو لە ڕێگای بەپارەبونی خوێندن. كاتێك لە كۆتایی شەستەكانی كار بۆ بێبەرامبەركردنی خوێندن كرا، كڵێسا و نەقابەی دوكتۆرەكان دژی بوون.
كڵێسا لە كۆمەڵگایەكی زانستیدا باڵادەست نابێت. ئەمە بۆ هەموو دەسەڵاتە ئاینییەكان ڕاستە.