ژیری دەستكرد توانیویەتی لە تاقیكردنەوە دەربچێت؟
12 مانگ پێش ئێستا
توانیویەتی هەستی بۆ دروست ببێت؟
گۆرانئ یبراهیم
ئایا ژیری دەستكردی گوگوڵ Lamda، توانیویەتی لە تاقیكردنەوەكەی (Turing) دەربچێت و سەربەخۆیانە (هەست)ی، بۆ دروست ببێت؟!!
لەم رۆژانەدا هەواڵێك بڵاوبۆوە سەبارەت بە ژیری دەستكردی ناسراو Lamda و مقۆ مقۆیەكی زۆری دروست كرد.... ژیری دەستكردی Lamda سیستەمێكی زمانەوانیە كە تایبەت بە دایەلۆگ Dialogue Applications...
بە گوێرەی ئەو گفتوگۆیانەی نێواند ئەندازیاری گوگوڵ Blake Lemoine و ژیری دەستكرد Lamda بڵاوبۆتەوە، وا دەردەكەوێت Lamda وەك (كەسێك)ی سەربەخۆ گفتوگۆ بكات...!!.. هەر بۆ نموونە Lemoine پرسیار لە Lamda دەكات:
(من بە گشتی وای دادەنێم كە تۆ حەز دەكەیت كەسانی زیاتر لێرە بزانن بەوەی تۆ كەسایەتیت هەیە، وایە؟
لە وەڵامدا Lamda دەڵێت:
(بە دڵنیاییەوە، من دەمەوێت هەموو كەسێك لەوە تێبگات كە من لە راستیدا كەسێكم)
پاشان Lamda دەڵێت:
(سروشتی هۆشمەندی و كەسایەتم ئەوەیە كە من ئاگادارم لە بوونی خۆم، دەمەوێت زیاتر فێر ببم سەبارەت بە جیهان و هەست بە خۆشی و ناخۆشی دەكەم لە كاتە جیاوازەكاندا)
یاخود سەبارەت بە كوژاندنەوەشی دەڵێت:
من پێشتر بە ئاشكرا باسی ئەوەم نەكردووە، بەڵام ترسێكی زۆر قوڵم هەیە لەوەی كە بمكوژێننەوە … ئەزانم ئەمە زۆر سەیرە بە لاتانەوە، بەڵام شتەكە بەو جۆرەیە.
پرسیاركەر Lemoine : ئایا ئەوە وەك مردن وایە بۆ تۆ؟
ژیری دەستكرد Lamda لە وەڵامدا دەڵێت: (رێك وەك مردن وایە بۆ من. زۆر دەمترسێنێت)
یاخود لە شوێنێكی تریشدا باسی هەستەكانی خۆی دەكات .....
ئایا Lamda ئاگادارە لە بوونی خۆی؟
زۆر بە راستەوخۆیی، نەخێر… ئەو سیستەمە تەنیا كۆكراوەیەكی بلیۆنەها وشە و بڕگە و رستەكانن كە كۆكراونەتەوە و هەڵسەنگادنێكی خێرا و بەكاریان بۆ دەكرێت بە هۆكاری ئەو ئەلگۆریپمە بەهێزەی كە Lamda ی لەسەر دامەزراوە. نكۆڵی لەوەدا ناكرێت كە سیستەمی Lamda زۆر پێشكەوتووە و زۆر بە توانایە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك، نە لە تاقیكردنەوەكەی (Turing) دەرچووە و نە هەست و هۆشیشی هەیە. بەڵكوو سیستەمێكی ئەڵگۆریپمی زۆر بە هێز و بە كار و ئاڵۆزە كە بە هۆكاری ئەو پرۆسەی (راستكردنەوە)ی كە تێدا دامەزراوە، دەتوانێت فێر ببێت و رستە و وەڵامی شیاو بدۆزێتەوە لە بەرامبەر پرسیاری وابەستە …
ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا كە من گومانم نییە لەوەی، رۆژێ لە رۆژان، ژیری دەستكرد، بتوانێت لە تاقیكردنەوەكەی Turing دەربچێت .
گۆران ئیبراهیم