ئەگەر عێراق هێرش بكات، خەڵك هەلوێستی چۆن دەبێت؟

2 مانگ پێش ئێستا

ڕەمزی سەعید 
لە دەسپێكی شەڕی ئۆكرانیا و ڕوسیا پۆل پۆل لە گەنج و پیاوانی ئۆكرانیا خۆیان ناونوس دەكرد بۆ بەرگریكردن لە خاكەكەیان ، چونكە دەزانن ووڵاتەكەیان ، لەو كاتەدای سەربەخۆیی وەرگرتووە، لە سەرەتای نەوەدەكان، چ گۆڕانكاریەك و خۆشگوزەرانیەكی بۆ هاونیشتمانیانی بەدیهێناوە، چونكە ئۆكرانیەكان جیاوازی زۆر هەست پێدەكەن بەراورد بە رابردووی ووڵاتەكەیان و دۆخی تایبەتی خۆیان ... 
بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستان، خەڵك پێی خۆشە بیرە نەوتەكانی و كێڵگەی غازەكان، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كۆنترۆڵ بكرێتەوە، تەنانەت لە ڕووی كارگێڕییەوەش، ئەمە واقعە، هیوادارم وانەبوایە.. 
ئێمە لەسەرەتای نەوەدەكان نیمچە سەربەخۆیی و دواتر فیدراڵی مان وەرگرت، بەهۆی ڕاپەڕین و دواتر كۆڕەوی چەند ملیۆنی لە ئەنجامدا دروستكردنی ناوچەی ئارامی بەبڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەڵام نەمانتوانی وەك پێویست سودی لێ وەربگرین و خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین، هەر لە شەڕی ناوخۆ و گەندەڵی بێ ڕادە بەدەر و دەولەمەند بوونی چینێكی دەست ڕۆیشتوو ، هیچی ترمان نەبینی.
وەك مامۆستا فارسەكەی زانكۆ ووتی تەنها بینای بەرز دەبینم، كوا پەروەردەتان و ژێرخانی ئابووری و پترۆ كیمایی و پێشەسازی تان؟ ڕاست دەكات، ئێمە ئەگەر هەر بینای بەرز بێت، لەپاڵ توركیا و عێراقیش بووینایە هەر دەمانتوانی هەمان بێت ، چونكە بینای بەرز هیچ لەدۆخی خەڵكی فەقیر ناگۆڕێت، كە زۆرینەیە و كەمینە خاوەن خاكە .
تەنانەت وەك عێراق كە چوار پێنج قەرزی درێژخایەنیان هەیە بۆ خەڵكی هەژار، بەڵام لە هەرێم ئەوەش نیە، موچەكەش سیقەی نیە بەردەوام بێت...
ئەگەر عێراق بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات، بەتەكید بە هێز كۆنترۆڵی دەكاتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بە ناڕاستەوخۆ جوابی دادگای فیدراڵی داوەتەوە لەسەر زاری سەرۆكی پارتی و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم دەڵێن ئێمە تەسلیم نابین...! 
لێكەوتەكانی هێرشەكەی عێراق؟
پێم وایە ئەگەر هەرێم پێداگر بێت لەسەر سیاسەتەكانی سەبارەت بە مەلەفی نەوت و غازی هەرێم، یان سیاسەتی تەسلیم نابین جێبەجێ بكات.
دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوی زۆر گەورە و سەربازی بكەین لەناوچەكەدا، دوور نیە وەك سوریای دراوسێمان لێبێت، لەلایەكەوە هێرشی عێراق و لەلایەكی تریشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لەناوخۆدا، تا ڕادەی توندوتیژی گەرم سەرهەڵدەدات بۆ مووچە، بەهۆی هەناردە نەكردنی نەوت و غازی هەرێم بۆ دەرەوە لەئەنجامی شەڕدا ، ئەمەش جۆرێكە، لە ناشتنی هەرێمی كوردستان بەدەستی خۆمان!