دەنگی هەورە گرمەی فاشیزم

2 مانگ پێش ئێستا

ئاسۆ عەبدوللـەتیف
بۆ ئێستا پرسی خۆ رێكخستنەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی كوردیی گرنگی حەتمیی هەیە بۆ ستاتۆی هەرێمی كوردستان.

لەسەردەمێكداین سەردەمی پوچگەرایی و زاڵبونی ناعەقڵانیەت و دەستبەسەراگرتنی سیستمی بازاڕو گوتاری كاپیتاڵ و نەوت و شمەكە بەسەر فكرو جیهانبینیی نەتەوەدا، بازاڕو ماركێتینگی شمەك هەژمووندارە بەسەر كۆی فیكرو مۆڕاڵ و ئایدۆلۆژیایەكی نیشتیمانیدا، ئەوەی تەحەددای نەماوە مرۆڤێكە هی سەرزەوی نییەو ژێرخاك خراوە، خۆشەویستی خاك جیاوازە لە سیستمی پاوانكارو گەندەڵ و بێ پرۆژە.

ئەم سەردەمە سەردەمی لێدانە لە رەمزو كاریزما راستیینەكان و دروستكردنی بت و تەوتەمی خەیاڵیی، بەشێكی كورد دەردێكی گرانی سادیست و سایكی بۆ دروست بووە كە حەزی لە گرمە گرمی فاشییەت و ئازاردانە، حەزی لە دەنگی زرێپۆش و زیلی عەسكەرییە، حەزی لە جەبەروتی پۆلیسە، حەزی بە یەكڕەنگییە، حەزی چووەتەوە سەر قابیل بۆ كوشتن و خوێنڕێژیی، بیری تۆپ و تەیارەو زیندان و فاشییەت دەكات، بیری سنوردانان و پەچەو تاریكی و تەجنیدو تەرحیل و تەعریب دەكات، ئەوەش قۆناغێكی تەواو مەترسیداری سیاسییە بۆ جەستەی هەرێم.

رۆحی كوردیی و گوتارەكەی ئاوا شپرزەیە لەبەردەم هەژموونی نەتەوەكانی سەردەستدا، وەك بڵێی كورد وەك نەتەوە تاوانبارەو چاوەڕوانی سزادان و حوكمدان بكات لەلایەن ئەوانی ترەوە، ماكینەیەك میدیای پاسیڤ و خراپیش خەریكی پیشەسازیكردنن بۆ ئەو مامەڵە هەرزانە، یانی سەدساڵەو دوای سایكس بیكۆ، ئەو رۆحە شپرزە هەر ماوە، ئەو چاوەڕوانییە بەهەشتیی و ئیدیاڵە ئیدی لە نەتەوەی دیكەی فاشیزم تەواو كوشندەو ژەهراوییەو كاتی بەسەر چووە، ئەم رۆحە شپرزەو هیلاكە ناوخۆییە هەرگیز بەرگریی پێناكرێت، ئیرادەی پێ دروست ناكرێ، بیری نەتەوەیی پێ رێك ناخرێ، هەرگیز ناسیۆنالیزم و هێڵی ستراتیجی نیشتیمانی پێ دروست ناكرێت، دێین و دەچین وەك كارپێكراو، دەبێت ئیتر رێكبخرێتەوەو چاك بكرێت و دوانەخرێت.

بۆ ئەو مەبەستە پێویستیمان بە لۆبییە، بەرگریكردن و لۆبیكردن دەبێت تێكەڵی یەكدی بن، بۆ ئەوەی چیتر تخوبی كەرامەت و رۆحی نەتەوەیی ئێمە نەخرێتە ژێر پرسیارو سوكایەتی بێماناو حەز بە هاتنەوەی بەعس و عەفلەقیەكان و قەومیەكان و عارفەكان نەكەین، خۆیەكلاییكردنەوه بۆ یەك رێگایەو نەك دوان، ئەوەش بە لێتێگەشتن و دیالۆگی دەستەبژێر دوور لە ژاوەژاوی میدیایی كە هەنگاوی یەكەمە، بەشێكی ئەم ترس و فۆبیا سیاسیەی وەك خەمێك لە قوڵایی گوتاری كوردیدا كار ئەكات لەم هەرێمە، بەتایبەت دوای سێجار هێرشی موشەكیی بۆ بنكەی هەناردەی گازی كۆرمۆر - كۆمپانیای داناگازی ئیماراتی، لە زۆنی قادركەرەمی قەزای چەمچەماڵ لە 26-6-2022.  زادەی ئەوەیە كورد هیلاك بووە بەدەست بیری فاشیزم و عەقڵییەتی رافیزەو وەلائی و مەزهەبییەوە، زادەی ئەوەیە كورد میدیایەكی راقی و هاوچەرخی نییە بۆ گەیاندن و دەرگاكان هەموو لەسەرپشتە بۆ دزەكردنی بیری پاسیف و خۆبەدەستەوەدان و دڵخۆشكردن بەهاتنەوەی دوژمن، كورد میدیایەكی پەرچەكردارو ئایدۆلۆژیی كاتیی تاقەتبەری هەیە، هەمانكات بۆ گەیاندنی ئایدیاكانمان بۆ نمونە پرسی زمان و نەوت و گازو پێشێلی دەستوریی، هونەری بەرگریكردن و توڕەبوون دەزانین بەڵام دیالۆگ و گەیاندنی بیرو روانگەكان نا، چۆن ئەو مێنتاڵێتییە بگۆڕین لە عێراق؟

 سەرجەمی جووڵانەوە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورد دواجار لە نەبوونی ئارگیومێنتی جدیدا وەگیروگاز هاتووە‌، هەمیشە بەرگریەكانیشمان پەرچەكردارو دەنگدانەو دیاردەی سەوتی بووە‌، ئێستاش لەناو خۆماندا سەدان كەلەبەر دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی سەربەخۆ نەبین و ناوەندێتییەكی بەهێزی سەربازیی تاكڕەوی تۆتالیتار هەبێ بۆ بێدەنگكردنمان و هێشتا كۆدەنگی نیشتیمانی نیە بۆ پرسی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری و چیمان دەوێ نەك چیان لێمان دەوێ‌.