ڕەخنەكەی مامۆستا شارۆخی لە مامۆستا حەسەن زیرەك

2 مانگ پێش ئێستا

ئیسماعیل حەمەئەمین
 چاوەڕوانیەكانی كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەكان بەتایبەت، كۆمەڵگەكانی ژێر قەیرانی گەورە بەگشتی، بۆ نوسەر و هونەرمەندانیان، هەمان چاوەڕوانییە لە سیاسیەكانیان. ئەوان چۆن داوا دەكەن لە سیاسیەكان بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و خیانەت نەكەن لە ئامانجە باڵاكانی كۆمەڵگە، ئاوەهاش لە زەمەنی قەیران و جەنگ و ماڵوێرانیدا هەمان چاوەڕوانیان هەیە لە نوسەر و هونەرمەند و زانا و مەلا و قەشە و حاخامەكانیان. لە سەرێكەوە، ئەركی ئەم توێژە گرانتر دەكات و لەسەرێكیشەوە ناهەقی لێدەكات. سیاسیەكان چ لە شاخ بن یان شار، خاوەنی دەسەڵاتن، خاوەنی خەڵكان و جەماوەرن، خاوەنی چەقۆ و خەنجەرن، خاوەنی پیاوكوژ و سەرمایەداری سەر بە خۆیانن. نوسەران و هونەرمەندان تاكە كەسێكن، وەك هەموو یەكێك نە پشتیان هەیە و نە پەنا، تەنها خۆیان هونەرەكەیان، خۆیان و  نوسینەكانیان و خۆیان و شیعرەكانیان، خۆیان و ئایدیاكانیان. 
كۆمەڵگە لەم بارەدا جیاوازی ناكات لەنێوان ئەم دوو توێژەدا `سیاسی و هونەرمەند`  چاوەڕوانیەكانی خۆی بە تۆپزی دەخاتە سەر شانی ئەم توێژە هونەرمەند و نوسەرە و زۆرجاریش بە نەعلەتی دەكات. بۆ نموونە؛ نوسەران و هونەرمەندانی سەدەی هەژدە و نۆزەدە و تاوەكو كۆتایی جەنگی جیهانی دووهەم و بابڵێن تاوەكو سەدەی بیست و یەك لە ئەوروپادا، لە ژێر ئەم فشاردا دەیانناڵاند. لەسەدەی هەژدەدا وەك نموونەیەك، فەیلەسوفێك و بیرمەندێكی وەك  `ژان ژاك ڕۆسۆ` دوای ئەم هەموو خزمەتەی كردی بە كۆمەڵگەی فەڕەنسی و سویسری و كۆی فەلسەفەی ڕۆشنگەری، كاتێك لە سویسرا لە هۆتێلێك دەبێت، قەشەیەكی نەخوێندەوار خەڵكی لە ڕوسۆ هاندەدات بە ناوی `كافربوون`ەوە و بە زەحمەت ڕزگاری دەبێت لە دەستیان. ڕوسۆ دوای ئەو ڕووداوە بە دڵشكاوی دەمرێت، پێش مردنی و لەژێر كاریگەری ئەو دڵشكانەدا  دوا كتێبی ` خەون و خەیاڵەكانی پیاسەكەرێكی تەنها` دەنوسێت لەوێدا دەگاتە ئەو قەناعەتەی؛ هیچ نەكەیت باشە و تەنها ژیان لەگەڵ ڕووەك و گوڵ و باخچەدا بەسەربەریت باشترە وەك كاركردن بۆ كۆمەڵگە. لە ڕووداوێكی تردا `ڕۆپسپێر`ی گەنج، كە دوایی دەبێتە سەركردەیەكی دیاری شۆڕشی فەڕەنسی و ڕۆژانە سێ سەد سەری دژ بە شۆڕسی فەڕەنسی  بە مەڵاغان ` گیلۆتین`  دەپەڕێنێت، ئەو زەمەنە وەك پارێزەرێكی گەنج سەری  پڕ بوو لە ئایدیاكانی ڕوسۆ و كتێبە ڕۆشنگەرەكانی. ڕۆپسپێر سەردانی ڕوسۆی پیر و دڵشكاو دەكات، دەیەوێت باسی شۆڕشی داهاتووی فەڕەنسی  لەگەڵدا بكات، بەڵام ڕوسۆ تەنها باسی گوڵ و گژوگیای بۆدەكات و فەرامۆشی دەكات... ئاوەها ڕوسۆ بە دڵشكاوی مرد، چونكە پێیاندەگووت؛ سێ منداڵی خۆی داوەتە هەتیوخانە و باسی پەروردەشمان بۆ دەكات! ئەوەشی ئەوەی دەگووت هاوڕێ نزیكەكەی بوو كە لە وەسێتیەكەیدا نوسیبووی`` گەر مردم با قەبرەكەم لە تەنیشت `ڤۆلتێر` وە بێت`` بەڵام تامردنی نەیزانی هەر ڤۆلتێری فەیلەسوفی هاوڕێی بوو كە ئەو پڕوپانگەندانەی لەژێرەوە بۆ دەكرد! 
بەدیوێكی تردا، ئەوانەی بڕوایان بەم قسانەی ڤۆلتێر و ناحەزانی ڕوسۆ دەكرد،گوێیان بە هەژاریی و نەداری و فشاری ژیانی ڕوسۆ نەدەكرد، تەنانەت كەس دەستی یارمەتی بۆ درێژ نەكرد، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەشیان لە ڕوسۆ دەكرد كە بەو شێوەیە بێت كە لە كتێبەكاندا بانگەشەی بۆدەكات. ئەوانە ئەوەیان لە بیردەچۆوە مەرج نییە دكتۆرەكان بەو شێوە تەندروستە بژین كە ئامۆژگاری نەخۆشەكانیان دەكەن.
نموونەیەكی تر؛ چەند ساڵێك لەمەوبەر بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی  بۆ سەرۆك  `مەسعود بارزانی`،  ئەوسا كۆمەڵێك ئەدیب و نوسەر و هونەرمەند لیستێكی درێژیان ئیمزا كرد، لیستەكە زیاتر نوسەران و هونەرمەندانی شاری هەولێری لەخۆگرتبوو.  نوسەرێك كە لە ئەوروپا دادەنیشت خێرا ئەوانەی كە ئەم ئیمزایەیان كردووە بە  `مەسینە هەڵگر`  پێناسەكرد. هەروەها نوسەرێكی دیكەش كە لەدەڤەری سلێمانی دەژیا هەمان ڕای بڵاوكردەوە. ئەمانە بیریان چوو كە لەسەدا هەشتای ئەو نوسەر و هونەرمەندانە كە ئیمزایان كردووە یان بیروڕای خۆیانە، یان لە ژێر فشارێكدا كردویانە ، ئەوانیتر نوسەری حزبەكەی خۆیان بوون،  دەنا، نوسەری تێدایە هەرگیز نە چەپ بووە نە ڕاست و نە یەكێتی و نەپارتی و بە تەبیەت هەر خەریكی هونەرەكەی خۆی بووە، و بانگەشەی زلیشی نەبووە و خوا دەزانێت لە ژێر چ فشارێكی ماڵی و جەستەیی و وەزیفیدا بووە.  لێرەوە دەكرا ڕەخنە لەم ئیمیزایە بگیرێت لە ڕووی سیاسی و دیموكراسیەوە، بەڵام تەخوینكردنیان و ناولێنیان وەك `مەسینەهەڵگر` غەدر  و فاشیەتێكی كوێر بوو. 
 نوسەرێكی وەك من بە نموونە، كە بیست و پێنج ساڵە لە ئەوروپا دادەنیشم و كە دێمەوە بۆ كوردستان وەك هەموو هاوڵاتیەكی  ئەوروپی خاوەنی قەوارەیەكی یاسایی  پارێزراوم، چونكە سەفارەتم هەیە بمپارێزێت و ئاگای لێم بێت، لە هەر دەستدرێژییەكی دەسەڵاتی لۆكالی بۆ سەرم  دێتە سەر خەت. هەربۆیە هونەر نییە كە من دەنگم دلێرتر بێت وەك لە نوسەرێكی ناو وڵات،  كە لەژێر ڕەحمەتی لێپسراواندا دەژین و هەموو كاتێك   ئاسایش یان پاراستن دەتوانن  زیندانی بكەن و كەسیش لێی نەپرسێتەوە. لێرەوە من مافی ئەوەم نییە بە نوسەرانی ناو وڵات بڵێم (مەسینە هەڵگر) تەنها لە بارێكدا دەتوانم،  كە ئەو نوسەرە خۆی بەدەستی خۆی بەرەو پیری گەندەڵی بچێت، خۆی ببێتە تەپڵەكی بەڵغەمی لێپسراوان و ببێتە ڕاپۆڕتلێدەر و گەندەڵ. دەنا كەسێك لە ترسی ئەوەی گەر ئیمزایەك نەكات لەسەر بەیاننامەیەك نانبڕوای دەكەن بۆ ئەبەد، و منداڵی برسی دەكەن، ئەوە گلەیی لەسەر نییە. 
لێرەوە  ڕەخنەكەی مامۆستا عەزیز شارۆخی ڕەخنەیەكی بەجێیە؛ نەدەبوایە مامۆستا حەسەن زیرەك گۆرانی بەسەر شای گۆڕ بەگۆڕ دا هەڵدایە، بەڵام ئەو فشارانە چی بوون لەسەر مامۆستا زیرەك؟ ئەوانەی كاتی خۆی گۆرانیان بەسەر  شاهەنشا هەڵندایە لە بەندیخانە خوێناویەكەی (ئیڤین) دایاندەڕزاند، `داریوش`ی هونەرمەندی فارس زیندانی كرا و ئەوەندە ئەشكەنجەدرا  تا گەیشتە حوكمی ئیعدام، دوایی بۆی تێكەوتن و ناچار گۆرانیەكی بەسەر شاهەنشای گۆڕبەگۆڕدا هەڵدا.  ئیدی دەبێت  حەسەن زیرەكی هەژاری كورد بۆ كوێ بچێت، كە كوردە،   كوردیش   خوێنی لای فارس و تورك و عەرەب، حەڵاڵ كراوە؟
 من ڕەخنەم لە هاوڕێ نوسەرەكانم هەیە، بەڵام سەیری بارۆدۆخیان دەكەم، ئەوسا حوكم دەدەم. لەگەڵ هەندێكیاندا ناتەبام چونكە سەرەڕای ئەوەی مووچەی زیاد لەتوانای خۆیان  و وەزیفەكەیان وەردەگرن، كەیسی دەستبردن بۆ كچی منداڵ و گەندەڵیان هەیە لە داداگاكان و بە حوكمی مەكتەب سیاسیەكان وەستێنراوە. یاخود هەندێك نوسەر و هونەرمەند هاتوونەتەوە لە ئەوروپا یەكسەر دەچنە `لیژنەی  موشتەریات` ی دەزگا و وەزارەتەكان و پۆستی ئیداری گەورەیان وەرگرتووە، بەڕاست و چەپ بودجەی ئەم میللەتە هەژارە بەناوی ئیفاد و ڤیستڤاڵ و دیدار و....هتد خەرجدەكەن، بەڵێ ئەوانە ناهەقی دەكەن لە میللەتی خۆیان. بێگومان  ئەوانیش مافیان هەیە لە كوردستاندا وەك هەموو كوردێك، بەڵام خۆزگە بە قەد پێویستی خۆیان بێت، بەقەد قەبارە و بڕوانامە و بەرهەمی خۆیان بێت، بە قەد خەباتی خۆیان بێت. لەم كوردستانە بێ سەروبەرەدا  بێژەر یان میدیاكاری نەخوێندەوار یان هونەرمەند هەیە خاوەنی سەدەها هەزار دۆلارە، كە یەكێكی وەكو من بەو هەموو كارە و بڕوانامە، تاسەری مانگ مووچەكەم بڕ بكات بۆ بژێوی مانگانەم سوپاسگوزارم. خۆ ئەگەر دوای سەری ساڵ فەرمانگەی باج داوای پارەی دیكەم لێ نەكات، ئەوا بەختەوەرم.   بێگومان هەموو ئەوانەی لە ئەوروپا كاردەكەن بە ئەوروپی غەیرە ئەوروپییەوە ئەوە حاڵیانە، ئیدی بۆ من وەك ئەوان نەبم و بۆ وەك ئەوان نەژیم.  
لێرەوە دەبێت ئاوەها سەیری مامۆستا زیرەك بكەین؛ كە هەڵەی كردووە، بەڵام لە ژێر چ فشار و زۆرێك و تیرۆرێكدا بووە؟ لە ژێر چ نەبوونی و نەدارییەكی سەختدا بووە؟ لە ژێر چ بارودۆخێكی دەروونیدا بووە كە مرۆڤ زۆرجار لە ژێر باودۆخی دەروونی یان هەڵخەڵەتاندا دەبێت و ناحەزان كاری هەڵەی پێدەكەن. 
لەدواجاردا ئەم هەڵەیەی زیرەك ئەوەمان پێدەڵێت؛ كە زیرەك چەندە گەورە بووە. بەڵێ گەورە بووە، چونكە فشارەكانی سەری گەورە بوون. سەرەڕای تاڵایی ئەم هەڵەیەش، ئەو تا مردنی خەباتی كردووە بۆ موزیكی كوردی و بنەغایەكی وەهای داناوە كە نەوە لە دوای نەوە لەبەرەكەی دەخۆن و كاری لەسەر دەكەن. لێرەوە دەڵێم؛ مامۆستا شارۆخی گەورە ڕاستدەكات و بەڵام ناهەقیش دەكات كە باس لەو فشارانە ناكات لەو زەمەنەدا لەسەر زیرەك لە ئارادا بوون.