تاریكی نیوەڕۆی حەقیقەت لە وەرزی زانستدا!

11 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید

(دوو وشە لەسەر ئیمان و زانست و ئیعجازی زانستی)
كاتێك ئەبو عەلای مەعەرری هەزار ساڵ پێش ئێستا دەیگوت: "اما الیقین فلا یقین وانما  اقصی اجتتهادي ان اظن و احدسا" واتە: گرنگترین شت كە مرۆڤ بتوانێ بیكات ئەوەیە گومان دەكات شتێك نییە بە ناوی یەقین" لەسەر ئەم قسەیەی تەكفیر و تەفسیقیش كراو بەزەندیقیش ناسێندرا. 
بەڵام ڕاستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە زانستی ئەزموونی ئەمڕۆ هەمووی كار لەسەر ئەو گومانە دەكات كە دە سەدە بەر لە ئێستا ئەبو علای مەعەرری هێمای بۆ دەكرد. زۆرینەی زانا ئەزمونییەكانی دیكەی موسوڵمانیش هەر لەسەر ئەم بنەما گۆڕا و و عەقڵانییە كاریان كردووە بەڵام لەترسی تەكفیركردن نەیانوێراوە بە ئاشكرا دەریببڕن. شتێكی بەدیهییە كاری زانست ئەوە نییە بەشوێن یەقینیاتدا بگەڕێت، بەڵكو هەموو كارەكەی ئەوەی لەڕێگەی ئەو ئەدات و پێشمەرجانەی كە خۆی وەك پێش فەرزە بۆ خۆی چنیوە لە كۆكردنەوەی داتاو تێستكردنی داتا و پاشان بە یاساكردنی ئەو تێستانەی كە دەستی كەوتووە بگاتە گومانێكی باشتر لە گومانەكەی پێشووتری.
زانستی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە زانستی پێنجسەد ساڵ پێش ئێستا، زانستی دونیای كۆن زانستێكی یەقین پەروەر بوو، خەمی پیرۆزی لەكۆڵ نابوو، غایەیەكی كەشفیی هەبوو، دەیویست لە چییەتی شتەكان بكۆڵێتەوە، بە پێچەوانەوە و لەبەرامبەردا زانستی نوێ زانستێكی گومان پەروەرە، نەك هەر خەمی پیرۆزی لەكۆڵ نەناوە بەڵكو دەشیهەوێت بە بەڵگەی عەقڵی و ئەزمونكراو پیرۆزییەكانیش تێكبشكێنێت، غایەتەكەی لەبری غایەتێكی كەشفیی غایەتێكی تەسەڵوتگەریی هەیە، لەبری چییەتی شتەكان، زاڵبوونی بەسەر شتەكان بەلاوە گرنگە. بۆ نمونە گەر لە پێش مۆدێرنیتەدا زانست هەوڵی ئەوەی دابێت لەهەوا تێبگات، ئەوا دوای مۆدێرنیتەو و زانستی نوێ بەتەنها لە تێگەیشتندا نامێنێتەوە، دەیەوێت لەهەوا تێبگات و بیخاتە خزمەتی خۆیەوە و سواریشی ببێت. گەر ئەستێرەناسی لە پێش مۆدێرنیتەدا ئامانجێكی موقەدەسی لەكۆڵنابێت بۆ كەشفی دەسەڵاتی ڕەهای خودا، ئەوا پاش مۆدێرنیتە ئامانجەكە دەبێتە ئەوەی داخۆ جگە لەدەرەوەی زەوی دەشێت شوێنێكی دیكە هەبێت بۆژیان كۆچكەین بۆی، داخۆ دەبێت مەزەندەی ئەڵماس و ئاڵتونی سەر ئەستێرەكانی دیكە چەند بن و دەبێت بە چ میتۆدێك بیانهێنینەوە بۆ سەر زەوی!
 ئەوەی دەبێت ئێمە بەهەندی وەربگرین ئەوەیە كە زانست و حەقیقەت دووشتی لێكجیاوازن، هەندێك جار تەریب و هەندێكجار دژی یەكترن. نابێت بەهیچ كلۆجێك حەقیقەت یەكسان بكرێت بە زانست، ئەو شتەی زانستی بوو شەرت نییە حەقیقیش بێت و بە پێچەوانەشەوە. زانست گومانپەروەر و حەقیقەت یەقین پەروەرە. بەو ئەداتانەی ئەمڕۆ زانست لەبەردستێتی كارێكی هەڵەو نالۆژیكییە یەقین و ئیمان تەقویەو تەغزیە بكرێن و ڕاستی و دروستی شتێكی یەقینی بسەلمێندرێت. نەكردەیە حەقیقەت بدەیتە دەست گومان بۆۆ ئەوەی بزانیت حەقیقەتە یان نا. زانست وەك هەندێك ئیدیعای دەكەن بێلایەنیش نییە، هیچ ئەپرۆچێكی زانستی بە مێشكێك و پێشگریمانەیەكی بێلایەنیانە مامەڵە ناكات.
   فرانسس بەیكن دەڵێت زانست ئیدی كاری بەسەر تەعریف و پێناسەكردنەوە نەماوە وەك ئەوەی دونیای كۆن دەیكرد، ئیدی زانست ئەو زانستە نییە كە بە شوێن حەقیقەتدا بگەڕێت، بەڵكو زانست ئەمڕۆ بەهەموو هێزی بە شوێن هێزدا دەگەڕێت و دەیەوێت و بە تەواوی سروشت بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. زانست و سروشت ئەمڕۆ دوو شتی تەواو دژی یەكن. گەر لە ڕابردوودا زانسست بە شوێن ئاشكراكردن و كەشفی سروشتەوەبووبێت ئەوا لە دوای مۆدێرنیتە ئیدی زاست دەیەوێت سواری سروشت بێت و وەك مەركەبێك لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری بهێنێت. 
میتۆدی زانستی بۆ سەلماندنی پرسە عەقڵانیی و فەلسەفییەكان هەرگیز لای فەیلەسوفانی موسوڵمان لە پێشترشدا میتۆدێكی خاوەنشكۆو بەهرەدار نەبووە، مەلا سەدرای شیرازی لە ڕەخنەگرتن لە ئیبن سینادا دەڵێت "ئەو كوا دەتوانیت بە وردبوونەوە لەمیز پرسی فەلسەفیی مێشكی ئێمە چارەسەر بكات" وشەی میزی بۆ بچوككردنەوەی تەبابەت و پزیشكییەكەی ئیبن سینا بەكار بردووە.
 نابێت خۆمان بخەڵەتێنین و بەوە تەخدیری ئیمانی خۆمانبكەین كە زانست و ئیمان تەریبن. میتۆدی ئیمانی و میتۆدی زانستی ئەمڕۆ دوو شتی تەواو پێچەوانەن. زانست گومان دەداتە دەست گومان بۆ گەیشتن بە گومانێكی نوێ،لەكاتێكدا ئیمان دەیەوێت ئینسان تەسلیمی حەقیقەتێكی تەواو موتڵەق بكات، پەردە دوای پەردەی یەقین دەدڕێت بۆ گەیشتن بە یەقینێكی گەرموگوڕتر. ئەمڕۆ هیچ زانستێك بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێت، بۆشی تەنانەت بۆشی گرنگ نییە. لەوانەیە هەموو هەدەفێكی ئێمە لە ژیان حەقیقەت بێت، بەڵام تەقە لەدەرگایەكی هەڵە دەدەین گەر لە دەرگای زانست بدەین بۆ دۆزینەوەی.