دیارترین سیماكانی بێ پلانی حكومەت، كەرتی كشتوكاڵ بە نمونە
10 مانگ پێش ئێستا
عیماد محمود*
هەزاران ساڵە ئەم ووڵاتە سیمبولی كشتوكاڵ، خود بژێوی بووە، سەبەتەی خۆراكی تەواوی ناوچەكە و ووڵاتانی دەوروبەری بووە.
بەڵام، دوای یازدە هەزار ساڵ چ دەگوزەرێت؟
سروشتی ژینگە، ئاوهەوا، خاك جوگرافیا بە جۆرێك دابەشكراوە، خوڵقێنراوە، هەر دەوڵەتێك و بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەرهەمێك، یان چەند بەرهەمێكی سروشتی پسپۆری دەبێت لەبەرهەمهێنانی شمەكێك یان چەند شمەكێكی كشتوكاڵیدا.
ووڵات و سروشتی ئێمەش بێ بەش نییە، لەم دابەشكارییەی سروشت.
لە هەرێمی كوردستان، هەركەسەرەتای وەرزی هاوین دێت دەرگا بەڕووی زیادەی شمەكی هاوینە دەكرێتەوە، كەزیاترە لە خود بژێوی، واتە سەرڕێژی بەرهەمی كشتوكاڵیمان بۆ زۆرینەی بەرهەمەكشتوكاڵیەكان بۆ دوو هێندە زیاتر یان بڕێك كەمتر بەرز دەبێتەوە، بە نمونە پێداویستی ناوخۆ بۆ بەرهەمی تەماتە نزیك بە 96 هەزار تۆنە بۆ چوار مانگی وەرزی هاوین، لەكاتێكدا سەرو 160 تۆن بەرهەم دەهێنرێت لەو وەرزەدا.
بۆ پەتاتە پێویستمان بە ۹۰ هەزار تۆن پەتاتە هەیە، ڕێژەی بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە زیاتر لە ۳۰۰ هەزار تۆنە لە ساڵێكدا ... دەیان نمونەی دی لە بەرچاو هەیە.
گرفتەكە لێرەوە سەر هەڵدەدا، ئابوری كشتوكاڵ توشی داشكانەوە دەبێت، لە بەرامبەر زیادەی بەرهەم و نەبوونی پلانی زانستی حكومەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو گرفتە.
كاری سەرەكی و لە مێژینەی حكومەت، وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، بازرگانی پلاندانان و دارایی، ئەوەیە پێش كەوتنە ناو قەیرانەوە پلانی تۆكمەو زانستی هەبێت.
بۆ ئەم سەرڕێژیەی بەرهەمی كشتوكاڵی دەبێت چی بكرێت؟
لەگرنگترین ڕێوشوێنە زانستی و ئابورییەكان بە ڕیزبەندی ...
پێش هاتنی وەرزی هاوین، لەسەرەتای وەرزی بەهاردا دیراسەیەكی وورد زانستیانەی پێداویستی خەڵك بۆ بەرهەمەكانی كشتوكاڵی بكرێت، بەپێ ی ئەو پێداویستی و خواستانە، كەلەلایەن بەكاربەرەوە هەیە ڕێنمایی جوتیارو خاوەن كێڵگەكان بكرێت تا بەو جۆرو حسابە جۆری بەرهەمەكانیان بچێنن.
لەسەرو ئەو دیراسەوە ئەگەر زیادەیەك لە بەرهەم هەبوو، پێویستە پێشوەختە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ بدرێت، تابە باشترین شێوه ئەو زێدە بەرهەمە ساغ بكرێتەوە.
لە سەروبەندی وەرزی بەرهەمی خۆماڵیدا، باج لەسەر ئەو بەرهەمانە زیاد بكرێت كەلەدۆخی خود بژێویداین.
سەرەڕای دانانی باج، پێویستە ڕێ لەقۆرخكاری بازاڕیش بگیرێت و سنورەكان توندتر بكرێتەوە تالە ڕێی قاچاخەوە ئەو بەرهەمانە داغڵ نەبن، كاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی جوتیار، بەجێ نەهێڵێت.
له كاتێكدا ئەگەر بەرهەمەكە بەرهەمی ژێر خان بوو، پێویستە لە نزیك شوێنی بەرهەمهێنان كارگەی لە قوتوونانی بۆ دروست بكرێت و حكومەت هانی كەرتی تایبەتی بدات و هاوكاری مادی و مەعنەوی بكرێن، تابە میكانیزمێكی گونجاو، زۆرترین كارگە دروست بكرێت.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەرهەمەكان سەرخان بوون، واتە تەنها بۆ بەكارهێنانی یەك جار بوون، پێویستە ساردخانە لە نزیك زەویەكشتوكاڵەكان دروست بكرێت، بەهەمان ڕێوشوێنی پێشو كه ئاماژەمان پێدا هەڵبگیرێت ولەكاتی پێویستدا جارێكی تر وە بازاڕ بخرێتەوه.
ئەمە كارێكی زۆر گران نییە، لە ڕووی تێچوون و كاری كارگێڕییەوە، تەنها تۆزێك دڵسۆزی و لێبڕان و سەلیقەی دەوێت.
گرنگی ئەم ڕێوشوێنانە لە چیدایە؟
كەرتی كشتوكاڵ، شان بە شانی كەرتەكانی تر دەبێت بە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی نەوتەوەییمان، لە فرەچەشنی داهات نزیك دەبینەوە.
هانی جوتیارەكان دەدات، تا برەو بە كارەكانیان بدەن و بەردەوام بن لەسەر كارو پیشەیان، بەوەش سیمای گەشەی ئابوریمان ڕوونتر دەكات.
ڕێ لەكەمبونەوەی ڕێژەی زۆری بێكاری دەگرێت، كە ئێستا ووڵات پێوەوەی دەناڵێنێت، بەدەیان هەزار بێكار لە دەوروبەرمانن.
ڕێگری لە هاوردەی بەرهەم و شمەكی بیانی پێ دەگیرێت، كە سەرچاوەی گرفتی ئابوری و تەندروستیمانە، وە ڕێگری دەكات لە لاسەنگی تەرازووی پارەدانی ووڵات، زیاتر لەوە
ئاسایشی خۆراكیشمان زامن دەكەین لەو ڕێگەوە.
ڕوونە كەئەم هۆكارانەو چەندین هۆكاری تر، لەوانە تەرخان نەكردنی بودجەی تایبەتی ساڵانە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و وەلانانی ئەم كەرتە پێشەنگەی ئابوری، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كە ساڵانە بە ڕێژەی سەدا 1.8% ی كۆی گشتی بودجەی بۆ تەرخان كردووە.
سەرەڕای ئەوەی زەوی كشتوكاڵیمان بۆ چاندن، ڕێژەی سەروو 80% داگیركردووە، ئێمە تەنها كەڵكمان لە ڕێژەی 50% كەمتر وەرگرتووە.
*ئابووریناس