تایوان‌ و جیۆپۆلەتیكی چیپس

10 مانگ پێش ئێستا

حسێن مەحمود
ماوەیەكە كێشەی تایوان وەك پرسێك بۆتە ڕۆژەڤی سیاسی‌و میدیایی كە ئاماژەیە بۆ گرژیەك لەنێوان پەكین‌و تایپێدا. لەم نێوەدا چین گوشارەكانی زیاتركردووە بۆسەر ئەم وڵاتە تاوەكو بەجۆرێك لەجۆرەكان ملكەچی بكات یان بیخاتە ناو چواچێوەی بەرژەوەندیەكانی خۆیەوە. ئەم پرسە جگە لەڕەهەندە سیاسیەكەی كۆمەڵێك ڕەهەندی تری ئابوری‌و تەكنەلۆجی‌و جیۆپۆلەتیكی هەیە كە من بەجیۆپۆلەتیكی چیپس ناودێری دەكەم.

چیپس چییە؟
سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی سێەم لەشەستەكانی سەدەی ڕابردوو بریتیبوو لەپێشكەوتنی ئامێری تەكنەلۆجی‌و بەكارهێنانی ئامێر لەزۆربەی بوارەكانی ژیاندا. عەقڵیەتی زانستی‌و ئامێرسالاری بووە سیما هەرەدیارەكەی ئەم شۆڕشە. شۆڕشی پیشەسازی سێیەم بازدانێكی گەورەبوو لەچاو شۆڕشەكانی پێش خۆیدا. تەكنەلۆجیای شۆڕشی پیشەسازی سێیەم بووە هۆی هاتنە ئارای جیهانێك كە لەسەر بنەمای تەقەنیاتی نوێ كاردەكات، كۆمپیوتەرو مۆبایل‌و ئامێرە پێشكەوتوەكانی دیكە دەستكەوتەكانی ئەم شۆڕشەن.

ئەوەی لەمۆبایل‌و كۆمپیوتەرو ئۆتۆمبێل‌و كەلوپەلەكانی تردا بەكاردەهێنرێ ماتریالی سەرەكی بریتیەلەسلیكۆن‌و پێی دەوترێ ( electroni chips ) تەنكۆڵەی ئەلیكترۆنی. تەنكۆڵەی ئەلیكترۆنی قەبارەكەی بچوكەو نزیكەی پێنج نانۆمەتر دەبێت‌و بڕبڕەی پشتی تەكنەلۆجیای نوێیەو لەسەرئاستی جیهان تایوان لەم بوارەدا پێشەنگەو نزیكەی 60%ی پێكدەهێنێ.

مایكرۆچیپس بەشدارە لەپێكهێنانی عەقڵی ئامێرەكان‌و لەبوارەكانی كەلوپەلی پزیشكی، چەكی پێشكەوتوو، كۆمپیوتەرو ئامێرە زیرەكەكان بەكاردەهێنرێ‌و لەم بوارەشدا چیپس بۆتە ڕوخساری ململانێی جیهان بەگشتی‌و چین‌و خۆرئاوا بەتایبەتی. لەبەر گرنگیەكەی لەڕوی ئابوریەوە بەنەوتی نوێ ناوی دەبەن، بەگوێرەی هەندێ توێژینەوە چیپسە هەرە پێشكەوتوەكان بەڕێژەی 90% تایوان خاوەنداریەتی دەكات.

كۆمپانیای TSMC زەبەلاحی تایوان كە تایبەتە بەبەرهەمهێنانی چیپسیەكەمی سەر ئاستی جیهانە. كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی‌ و كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لەبەرهەمەكانیاندا پشت بەتایوان دەبەستن. ئەم تەنكۆڵە ئەلیكترۆنیە هێندە پڕبایەخ‌ و گرنگەو شارەزایانی ئەم بوارە پێیانوایە، كێرڤی مەعریفی electronic chips لەكێرڤی چەكی ئەتۆم بەرزترە.

ئەم پێشكەوتنە تەكنەلۆجیەی تایوان بەدەستیهێناوە بۆتە سەرهەڵدانی ململانێ لەناوچەكەدا بەتایبەتی لەگەڵ چین، چونكە كۆنتڕۆڵكردنی تایوان خەونێكی چینیە. لەبەرامبەردا ئەم دورگەیەی ناو زەریای ئارام بەو پێشكەوتنە بەرچاوەی بەدەستیهێناوە بەرگەی فشارەكان دەگرێ، شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیك تیورێكی نوێیان داڕشتوە بەناوی (تیوری قەڵغانی سلیكۆن). بەپێی ئەم تیورە كەم وڵات دەتوانێ جەنگ لەگەڵ تایواندا بەرپابكات، چونكە ئاكامەكانی زۆر مەترسیدارن. ئەگەر گەنمی ئۆكرانی كاریگەری لەسەر گرانبونی نرخەكان لەسەر ئاستی جیهان هەبووبێ، سیلكۆن كاریگەری زۆر زیاترە، چونكە بەبێ تەكنەلۆجیا ناتوانرێ نان دروستبكرێ.