چۆن هەژاریی كۆتایی دێت؟
5 مانگ پێش ئێستا
سەردار عەزیز
هەژاریی یەكێكە لەپرسە هەرە كۆنو ئاڵۆزو زۆر قسە لەسەر كراوەكانی مرۆڤایەتی، لێرەدا چەند سەرنجێك لەچەند سەرە قەڵەمێكدا ئاماژە پێدەدەم.
یەكەم، كۆنترین دید بۆ هەژاری ئەوەیە كە بەخوادیی بكرێت، بەو مانایە لەزۆر كۆمەڵگادا بڕوا وەهایە كە هەژارو دەوڵەمەند خودا بڕیاری لێ دەدات، زمانی ئایینیو ئایینی گشتی ئێمە پڕیەتی لەمجۆرە دەربڕینانە.
بۆ نمونە، ڕسق بەدەستی خوایە، خوا پەكی كەس ناخات، كەس لەبرسا نامرێتو زۆر دەربڕینی تر. ئەم دیدە ئاینیە بڕوای وەهایە كە هەژاریی ناتوانرێت بنەبڕبكرێت.
دووەم، لەبەرامبەر ئەم دیدەدا دیدی سیكیولار یان عەلمانی هەیە، كە بڕوای وەهایە هەژاری مرۆییەو مرۆڤكردەیەو دەتوانرێت لەلایەن مرۆڤەوە كۆتایی پێبهێنرێت. ماركس دیاریترین كەسی ئەم بوارەیە. بەو مانەی هەژاریی دەرئەنجامی پلانو بەرنامەڕێژییو ویستی ئەوكەسانەیە كە لێی سودمەندن.
سێیەم، ڕزگاربون لەهەژاری هەمیشە لەنێوان هەوڵی تاكەكەسییو پڕۆژەی گشتیدا جۆلانی دەكات، بەشی زۆری فیكرە باڵاكان وەك لیبراڵیزم بۆ نمونە بڕوای وەهایە كە ڕزگاربون لەهەژاری پەیوەستە بەئازادییەوە. ئازادیش هەمیشە یانی تاكەكەسی.
چوارهەم، لەسەردەمە جیاوازەكاندا لەبەر جیاوازی جۆری سیستەمی سیاسی دەرچون لەهەژاری ڕێگای جیاوازی هەبوە، لەسەردەمی ڤیكتۆرییەكانو لویسەكاندا، بڕوا وەهابوو ڕزگاربون لەهەژاری تەنها لەڕێگای چونە ناوەوەی توێژە باڵاكان دەبێت، بەتایبەتی لەڕێگای ژنو ژنخوازییەوە. هەندێك دەڵێن ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە.
پێنجەم، پاش جەنگی جیهانی دووەم، دیدی ئەوە گەشەی كرد كە لەڕێگای موچەو كرێوە، دەتوانرێت لەهەژاری دەربازبیت. ئەمەش وەهایكرد كە خوێندن بوو بەڕێگای سەرەكی بۆ دەرچون لەهەژاریی، ئەم قۆناغە بەرەو كزی دەچێت، لەبەر زۆر هۆكار.
شەشەم، باجو سیستەمی سۆشیال دیسانەوە مۆدێلێكی پاش جەنگی دووەمی جیهانییە.
حەوتەم، لەم سەردەمەدا لەزۆر وڵاتی دونیای سێ كۆچ وەك ڕێگایەك بۆ دەربازبون لەهەژاری دەبینرێت. كۆچ لەكۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی تر بۆ دەرچون لەهەژاری دەرخەری ئەوەیە كە ڕزگاربوو لەهەژاری پرسێكی گشتییە.
لەكوردستان فەلسەفەی باڵا وەهایە كە بەشی هەموان هەیە، بەڵام دەدزرێت.