ئاگاتان لە مامۆستایانی وانەبێژە؟

7 مانگ پێش ئێستا

گۆڤەند رەجەب
رەنگە وەزارەتی پەروەردە بزانێ رۆژی جیهانیی مامۆستا كامەیە و پیرۆزباییشیان لێ بكات، بەڵام گومانم زۆرە كە لە نزیكەوە ئاگای لە خەم و كێشە و گرفت و خەونەكانیان بێت، بەتایبەت مامۆستایانی وانەبێژ كە دوو جار بوونەتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی وەزارەتی پەروردە: 

قوربانیی یەكەم: دوای چەندین ساڵ خوێندن و شەونخونی و ماندووبوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە، كەچی وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی بۆ دامەزراندن و كارپێدانیان نییە، بگرە هەر نەیكردووەتە خەمی خۆیشی.
قوربانیی دووەم: دانانی ژمارەیەكی زۆر لەو دەرچووانایە بە وانەبێژ كە ئەمەشیان هێندەی تر بەهای بڕوانامە و مامۆستای خستووەتە ژێر پرسیارەوە، رەنگە ئەگەر وانەبێژ نەبیت یان گوێ لە ئازار و خەمەكانیان نەگری نازانی چەند بێ بەهایانە لە مامۆستایانی وانەبێژ دەڕوانرێت و لەڕووی رۆحییەوە ئازار دەدرێن.

ئەمڕۆ كە رۆژی جیهانیی مامۆستایانە پیرۆزبایی گرنگ نییە، بەڵكو ئەوە گرنگە كە وەزیری پەروەردە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مامۆستایانی وانەبێژ ببینن و گوێ لە كێشە و خەمەكانیان بگرن، ئەگەرنا نەوەیەك پێدەگەیەنرێ كە سۆزیان بۆ نیشتیمان و پەروەردە نەبێت و ئەوەش بۆ داهاتوو زۆر مەترسیدارە.

دەزانین كە كوڕان و كچانی ئەوان و تەنانەت خۆشیان ئاگایان لەو كێشە و ئازار و خەمانە نییە، ئەوان ئەهلی باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و تەنانەت زانكۆی تایبەتیشن، دووركەوتوونەتە لە خەڵكی هەژار و ژیانی ئاسایی و بەشمەینەتی خەڵك.

تكایە واز لەو خۆدوورگرتنە بێنن و ئاوڕێك لە مامۆستایانی وانەبێژ بدەنەوە.