ئۆپێك پڵەس، لەنێوان مۆسكۆ و واشنتۆندا
7 مانگ پێش ئێستا
سەركۆ یونس*
دواجار "ئۆپێك پڵەس" ئاستی بەرهەمهێنانی كەمكردەوە لەپێناو پاڵپشتكردن لە نرخەكەی، واشنتۆنیش ئەم هاوپەیمانییەتیە بەوەستان لەگەڵ ڕووسیا دادەنێت.
وڵاتانی هاوپەیمانی" ئۆپیك پڵەس" كەپێك دێن لەوڵاتانی ڕێكخراوی هەناردەكاری نەوت(ئۆپیك) و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەم ڕێكخراوە لەنێویاندا، ڕووسیا.
لەمیانەی كۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممە لەڤییەنا، بڕیار درا بەكەمكردنەوەیەكی گەورە لەبەرهەمهێنان، بەڕێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێكدا، لەمانگی نۆڤەمبەرەوە.
لەبەرامبەردا، كۆشكی سپی، ئەم هەنگاوە بەوەستانی ئۆپێك لەتەنیشت ڕووسیا دادەنێت، تەنانەت سەرۆك بایدن، بەبڕیارێكی كورتبین ناوی دەبات و بێ هیوایی خۆی لەبڕیارەكە ڕاگەیاند.
بڕیاری هاوپەیمانی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس، لەكۆبونەوەی چوارشەممە، بەكەمكردنەوەی پشكی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەكی گەورە، لەپێناو پاڵپشتی نرخی زیانلێكەوتوو، لەترسی داكشانەوەی ئابوەی، لەم قۆناغی هەڵاوسانەدا دراوە.
ڕەخنەكانی ئەمەریكا بۆ ئەم هەنگاوە، كۆشكی سپی، ڕێكخراوی ئۆپیكی، بەپاڵپشتی و لایەنگیری رووسیا ناودەبات، بەتایبەتی رەخنەی ئەمەریكا، لەقەبارەگەورەكەی كەمكردنەوەكەیە، ئەم بڕیارە، بەهەڵە ناودەبەن.
ئەگەر بڕیارەكەی ئۆپیك پڵەس لەمانگی داهاتوودا، جێ بەجێ بكرێت، واشنتۆن ناچار دەبێت، قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەیەدەگی ستراتیژی نەوتی وڵاتەكەی زیاتر بكات، وەك هەوڵێك بۆ دانانی سنورێك لەبەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
بێگومان، ئەم بڕیارەی هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس، بەرهەمی نەوت، كەمتر دەچێتە بازارەوە، كەخۆی لەبنەڕەتدا، پێویستی بەبڕی زیاتر هەیە. هەرچەندە ئەمەریكاو ڕۆژئاواییەكان، فشار دەكەن بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوت، كەبوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیكەی 90 دۆلار/بەرمیل، دوای ئەوەی لەماوەی سێ مانگی ڕابردودا گەشتە 120 دۆلار، دەرئەنجامی ترس لەداكشانەوەی ئابوری، هەروەها بەرزكردنەوەی نرخی سوودی ئەمەریكا، بەرزبونەوەی بەهای دۆلار.
فشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ڕێكخراوی ئۆپیك بەردوام بووە، هەتا هەنگاوی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان نەدەن، ئەمەریكا، پێ ی وایە كەبازاڕ بەكەمكردنەوەی بەرهەمهێنان سەقامگیر نابێت، لەبەرئەوە ترسی واشنتۆن لەسەر بڕیارەكە گەورەیە.
بەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوت، ئیدارەی سەرۆك بایدن، زیاتر تووڕە دەكات بەرامبەر هاوپەیمانەكانی، هەروەها مەترسی ئەوەیان هەیە، توڕەیی و نارەزایی گەلی ئەمەریكایان بەسەردا بتەقێتەوە، هەربۆیە پێشبینی دەكرێت، كەواشنتۆن هەندێ كار بكات، لەوانە خستنەڕووی قەبارەی گەورە لەهەڵگیراوەكانی.
لەلایەكی ترەوە، شانشینی سعودی، ڕایگەیاند، كەهاوپەیمانی وڵاتانی ئۆپیك و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپیك، كەئەوان هەوڵی ڕێگریكردن لەهەڵبەزودابەزی نرخ دەگرن، ئامانجیان بەدەستهێنانی نرخێكی دیاریكراوی بەرز نی یە بۆ نەوت.
لەلایەكی ترەوە، بەم هەنگاوە، ئۆپیك پڵەس، دەیسەلمێنێت كەتوانای هەیە، لەهەر بارودۆخێكدا گۆڕانكاری لەقەبارە و نرخی نەوتدا بكات.
شەڕی ووزە
ڕۆژئاوا، ڕوسیا تاوانبار دەكات، بەقۆستنەوەی ووزە وەك چەكێك وبەدروستكەری قەیرانەكانی غازو كارەبا لەئەوروپا دادەنێت، بەتایبەت لەم زستانەدا.
سەرەڕای بڕیارەكە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە، زۆر كاریگەر نابێت لەسەر ئابوری جیهانی، تەنها ئامانج لەم بڕیارە، گەرانەوەی هاوسەنگی نرخە.
لەبەرامبەردا، مۆسكۆ، ڕۆژئاوا تاوانبار دەكات بەبەرزكردنەوەی بەهای دۆلارو دەركردنی روسیا لەسیستەمی دارایی(سۆیفت) وەك پەرچەكرداری ناردنی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لەمانگی شوباتی ڕابردودا.
لەهەوڵەكانی واشنتۆن، كە ئارەزوویەتی نرخی نەوت بەنزمی بمێنێتەوە، بۆئەوەی هیچ نەبێت، مۆسكۆ بێ بەش بكات لەداهاتی فرۆشتنی نەوت.
لەلایەكی ترەوە، پەیوەندی ریاز و ئیدارەی بایدن، لەوپەڕی خراپیدایە، هەرچەندە سەرۆك بایدن لەمساڵدا سەردانی سعودیەی كرد، بەڵام بێ ئەنجام بوو لەهاوكاری شامحمدی جێنیشین لەبواری ووزەدا.
هەرچەندە، لێدوانی وڵاتانی ئەندام لەئۆپیك، دڵنیایی ئەوە دەدەن كەبڕیاری ئەمجارەیان هونەرییە و سیاسی نی یە. ترس لەروودانی داكشانەوەی ئابوری جیهانی، پاڵنەری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە.
شایانی باسە، بەم بریارە، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی، نرخی خاوی برێنت بە 92 دۆلار/ بەرمیل، جێگیر بووە.
لەلایەكی ترەوە، بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری جیهانی، هەرچەندە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، لەبەرامبەردا، نرخی شمەك وكاڵاكان، زیاتر دەبن، ئەمەش بەشێكی بەهۆی بەرزی تێچونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لەوڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە بۆ وڵاتانی بەكاربەر، دیاردەی هەڵاوسان بەرفراوانتر دەبێت.
هەرێم وعێراق
ئەوەی پەیوەندی بەهەرێم وعێراقەوە هەیە، بێ گومان، لەبەرئەوەی عێراق، ئەندامی سەرەكی ڕێكخراوی ئۆپیكە، لەبەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتدا، برەكەی كەم دەبێتەوە، واتە كەمتر نەوت هەناردە دەكات.
بەغدا، ناچارە و فشاریش دەكاتە سەر هەولێر كەبڕی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی كەمبكاتەوە بەڕێژەیەك، كەواتە هەردوولا(بەغدا وهەولێر) ناچار دەبن هەناردە كەمبكەنەوە، كەمبونەوەی هەناردەش، واتە ڕێژەیەك لەداهاتی نەوت كەمدەكات، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت لەسەروو 100دۆلارەوە بێت، بێگومان بەو نرخە، بۆشایی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن، پڕدەكاتەوە.
بەكورتی، هەر گۆڕانكارییەك لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ، داهاتی عێراق و هەرێم، گۆڕانی بەسەردا دێت، چ بەدابەزین بێت یان بەرزبونەوە.
*ئابوریناس