پۆلەكانی خوێندن ئازاد بكەن
7 مانگ پێش ئێستا
كۆمەڵگای ئازاد ودیموكرات لە ئازاد بوونی تاكەكانی ناو كۆمەڵگا خۆی بەرجەستەدەكات.
وڵاتانی پێشكەوتوو، پێان وابوو هەنگاوی یەكەم بۆ ئازاد كردنی منداڵ دواتر تاكەكانی كۆمەڵگا، لە ئازادكردنی منداڵ لە ناو پۆلەكانی خوێندن دەستپێدەكات.
منداڵ(خوێندكار) بۆ ئەوەی فێری ئازادی وتامی ئازادی بكات، سەرەتا دەبێ لە شوێن و جۆری دانیشتنی لە ناو پۆلەكانی خوێندن دەست پێبكەین.
دەبێ ئازاد بكرێن لەم (رەحلە) كورسی و مێزەی كە بەیەكەوەنوسراون ولێك جیانابنەوە وجێگۆركێیان پێناكرێ وە بە شێوازێك لە پۆلەكە دادەندرێن كەوا لە منداڵەكان دەكات هەر یەكەو لە دونیای خۆی بیت و پەیوەندی بە دەورووپشتی زۆر كەم بێت.
لەم مۆدێلەی كە لە پۆلەكانی خوێندنگاكانی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو خوێندكارێك بوونەوەرێكی سەربەخۆیە وكەس پەیوەندی بە كەسەوە نییە، هەر یەكەیەكیان بە جیا لە ئەوی تر كارەكانی خۆی دەكات، هیچ جۆرە هەماهەنگیەك نیە لە نێوانیاندا. ئەم شێوازە لە دانیشتنەدا، هیچ دەرفەتێك بۆ منداڵەكان ناڕەخسێنی كە پەیوەندیەكی باش دروست بكەن لە نێوانیان، منداڵەكان تەنها پشتی سەری یەكتر دەبینن، لەگەڵ دەمووچاوی مامۆستا، ئەمەش وا لە خوێنكار دەكات تەنها مامۆستا ببیت وگوێڕایەلی ئەوبێت. مامۆستاش لەم مۆدێلی دانیشتنەدا بواری ئەوەی بۆ ناڕەخسیت كە میتۆدەكانی تری وانەبێژی بڵێتەوە وەك(پرۆژە، گرووپ، تیم)، تاكە ڕێگا شیوازی كلاسیكە كە مامۆستا قسە دەكات وخوێندكار گوێدەگریت، بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێكی هەبێ لە پرۆسەی فێربوونی خۆی.
بۆ ئەوەی منداڵ ئازاد بێت، دەبێ ئەم (رەحلە) كورسی و مێزەی پێكوەنوسراوانە لە ناو پۆلەكان فڕێدەین ولە شوێنی مێزی لاكێشە وەك مێزی نان خواردن، لە دەوری هەر مێزێك چەند كورسیەك دابندرێت كە جێگۆركێان ئاسان بێت و خوێندكارەكان بەرامبەر یەكتر دانیشن ودەموچاوی یەكتر ببین، كە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن سەیری چاوی یەكتر بكەن و هەست بە بوونی یەكتر بكەن لە پۆلەدا.
بۆ ئەوەی كۆمەڵگا بەرەو دیموكراتیەت و گەشەسەندن ببەین، لەسەرمانە ڕیفۆرم لە سستمی پەروەردە وفێركردن بكەین.
گۆڕینی مۆدێلی دانیشتن لە پۆلەكان، بواری گفتوگۆ ودیبەیت لە نێوان خوێندكارەكان زیاد دەكات. كاریگەری دەبێت لەسەر شیوازی وانەگوتنەوەی مامۆستا، بەشیوازێك مامۆستا ناچار دەبێت مێتۆدی گرووپ بەكار بهێنێت لە كاتی وتنەوەی وانەكەی، چونكە ئەستەمە ئاوا دابنیشن و سەربەخۆ كاربكەن، دەرفەتی گفتوگۆی خوێندكاران و ڕاوێژ كردن لەگەڵ مامۆستا زیاتر دەبێت، مامۆستا دەتوانی چاوی ببڕێتە چاوی هەموو خوێندكارەكانی وبیروڕا لەگەڵیاندا بگۆڕتەوە، خوێندكارەكان دەتوانن هەموویان یەكتر ببینن و گفتوگۆی خۆیان بكەن، ژێنكەیەكی دیموكراتیانە دەرەخسێنێت بۆیان.
ئەم مۆدێلە ڕەنگدانەوەی سستمی دیموكراتیە كە دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو خوێندكارێك دەرەخسێنێك، خوێندكار بەشداردەبێت لە پرۆسەی فێربوون و بڕیارەكانی ناو پۆلدا، ڕۆڵێكی كاریگەری دەبێ لە بەرزكردنەوەی ئاست و توانای زانستی خۆی، حەزی فێر بوون و خوێندن لای خوێنكار بەرزدەكاتەوە.
گۆڕینی سستمی كلاسیك وڕێفرم كردن لە بواری پەروەردە وفێركردن، ئەم حكومەتانە دەستی بۆ دەبەن كە باوەڕیان بە دیموكراتی و مافی مرۆڤ ودادپەروەری هەیە. ڕێفۆڕم لە سستمی پەروەردە تاكێكی ئازاد وخاوەن بیروڕای ئازاد، تاكێك درك بە ماف و ئەركەكانی بەرامبەر بە خۆی و گەلەكەی و وڵاتەكەی بەرهەم دێنێت. بۆیە ئەم وڵاتانەی خاوەن سستمی نا دیموكراتن و مافی تاك بوونی نییە، كەرتی پەروەردە وفێركردنیان كۆنتڕۆڵ كردوە، بەهیچ شێوەیەك ڕێگا نادەن ڕێفۆڕم لەم بوارە بكرێت، و تاكەكانی كۆمەڵگا تامی ئازادی بكەن. ئازاد كردنی تاكەكانی كۆمەڵگاكەیان یەكسانە بە نەمانی خۆیان.
ڕەهێل دزەیی