خوێندكاران لەنێوان بڕیاری دایباب و خواستی خۆیان لە هەڵبژاردنی كۆلێژ و پەیمانگەدا
7 مانگ پێش ئێستا
د. ئەڤین فەتاح حاجی
قۆناغی دوازدەی ئامادەیی لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی كوردستاندا یەكێكە لە قۆناغە هەستیارەكان، كە دۆخێكی تایبەتی دەروونی بۆ قوتابیان و كەسوكارەكانیان دێتەپێشەوە، هەر لە كاتی دەوام و هەوڵدان و كۆشش بۆ هێنانی نمرەی بەرز تا كاتی گەڕانەوەی نمرە و پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆ و پەیمانگەكان، لەم وتارەدا تیشكێك دەخەینە سەر رۆڵی دایباب لە هەڵبژاردنی كۆلێژ و پەیمانگە بۆ منداڵەكانیان.
ئەوەی تێبینیمكردووە لە ماوەی رابردوودا دایباب بەپێی پێویست رۆڵیان نەبینیوە لە هاوكاریكردنی منداڵەكانیان بۆ هەڵبژاردنی كۆلێژ و پەیمانگەكان و خواستی خوێندكاران بە كەمی لەبەرچاوگیراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەكی بەرچاو لە خوێندكاران دیدگایەكی روونیان نییە بۆ داهاتوو و ناشزانن بۆ دەبێ لەم بەشەدا بخوێنن، تەنانەت خوێندكاری وا هەیە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی زانكۆ و پەیمانگە نازانێ داهاتووی چییە. هۆكارەكەشی بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ دایباب دەگەڕێتەوە، چونكە هاوكارێكی باش نەبوون بۆ منداڵەكانیان.
دایبابی وا هەیە حەزدەكات منداڵەكەی لەو بەشە بخوێنێت كە خەونی خۆی بووە، بەڵام بە هەر هۆكارێك لە هۆكارەكان نەیتوانیوە و دەیەوێ لە رێگەی منداڵەكەی ئەم حەز و ئارەزووەی دابمركێت. ئەگەریش لێی دەپرسی: بەڕێز ئەو منداڵەت باش نابێت بەو شێوە ئاراستەی بكەی»، یەكسەر وەڵام دەداتەوە: «ئەمە حەزی من بووە، بەخۆم دەزانم داهاتووی باشە».
بەشێوەیەكی گشتی تێگەیشتنی دایباب بۆ كار و پیشە و پسپۆڕی منداڵەكانیان جیاوازە، یانی هەموو هاوكارییەكانی دایباب بۆ ئەوەیە كە منداڵەكانیان چۆن بتوانن بە زووترین كات و بە كەمترین تێچوو ببنە خاوەنكار و هێزی كۆمەڵایەتی خۆیان، كە ئەمەش لە چەند بەشێكی زانكۆ پەیمانگەكان بەدیدەكرێت، بۆیە لە ئەنجامدا خێزان دەبنە هۆكارێك بۆ تێكدانی باڵانسی زانكۆ و پەیمانگەكان لە لایەك و لەلایەكیتریشەوە زۆربەی بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان بەبێ خوێندكار ماونەتەوە و زۆر بەشیش بە سەدان كەس داواكاریان بۆی پێشكەشكردووە، بۆیەش بەشێوەیەكی روون دەردەكەوێت كە خواستی خوێندكاران بەشێوەیەكی گشتی فەرامۆشكراوە و حەز و خواست و ویستی دایباب زاڵە بەسەر دۆخەكەدا، لە ئەنجامدا داهاتووی منداڵەكە، داهاتوویەكی نادیارە.
* راگری پەیمانگەی تەكنیكیی گەشە