چۆن پارێزگاری لە جومگەی ئەژنۆم بکەم ؟
7 مانگ پێش ئێستا
ئایا دەزانیت ئەژنۆکانت گرنگترین جومگەی جەستەتن لەبەرئەوەی لە ٨٠٪ی کێشی لەشت هەڵدەگرێت لە کاتی وەستاندا، وە یەکێکە لە جومگە ساینۆڤیەمەکان کە لەھەموو جومگەکان زیاتر توانای جوڵەیان ھەیە، و بەکرکراگە و شلەی ساینۆڤیەڵ دەور دراون ، کە جوڵەیان ئاسان دەکەن.
تەمەن ، پێکان ، جووڵەی ھەڵە ، خۆراک ..ئەمانە ھەمووی کاریگەری ھەیە لەسەر جومگەی ئەژنۆ و بریندار بوون و داخورانی کرکراگەی جومگەکە، ھەندێک جار لەشی مرۆڤ ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەم داخورانە بکات، بۆیە بۆ ئەوەی ئەژنۆیەکی باش و تەندروستمان ھەبێت پێویستە ئەم ڕێنماییانە پەیڕەو بکەین :
بەردەوام بە لەجووڵە کردن :
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ھەمیشە وەرزش بکەیت، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کەبەردەوام بە بەجووڵەکردنی ھەموو ماسولکەو جومگەکان ، ھەرگیز بەشێوەیەکی تایبەت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ مەمێنەرەوە ، بۆ نموونە وەستان بە پێوەی زۆر یاخود دانیشتنی زۆر. پێویستە ھەر کاتێک ھەستت بە ناڕەحەتی کرد دەست بکەیت بە جووڵە ، مانەوە بە چالاکی یاریدەدەری جوڵانەوەی شلەی ساینۆڤیەڵ دەدات لەناو جومگەی ئەژنۆدا کە ناھێڵێت ئێسکەکان بەریەک بکەون و یارمەتی پتەو بوونی جومگەو ماسولکەکان دەدات ، بۆ یە ڕۆشتن بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕۆژانە یەکێکە لەباشترین وەرزشەکان .
تا دەتوانیت ئاو بخۆرەوە :
لەبەرئەوەی کرکراگەکان بەشلەی ساینۆڤیەڵ یاخود لینجی داپۆشراون، لەراستیدا لە ٦٠٪ ی کرکراگەکان لە ئاو پێکھاتووە ، لەبەر ئەوە گرنگە کە بەبەردەوامی نەھێڵین لەشمان وشک بێتەوە ، لەبەرئەوەی ئەگەر کەم ئاو بخورێتەوە دروستبوونی شلەی ساینۆڤیەڵ کەم دەبێتەوەو ڕێژەی داخوران و بەریەک کەوتن و ئازاری جومگەکان زیاد دەکات ، ئاو خواردنەوە زۆر گرنگە بە تایبەتی لەوانەی نەخۆشی ڕۆماتیزم یاخود دەردە شاھانە(داء الملوك) یان داخورانی جومگەکانیان ھەیە.
ماسولکە بنیات بنێ :
لەبەرئەوەی ماسولکەکان ئەرکی سەر جومگەکان کەم دەکەنەوە ، ھەتا بەھێز تر بن پاڵەپەستۆ لەسەر جومگەکان کەم دەکەنەوە ، کێشی لەش زیاتر سووک دەکەن لەسەر جومگەکان ..
بۆیە پێویستە ھەوڵ بدەیت ماسولکەکانی دەوری ئەژنۆ بەھێز بکەیت .
پۆستچەر ( شێوازی وەستان و ھەڵسوکەوتمان ):
بەکارھێنانی شێوازی تەندروست لەکاتی وەستان ، دانیشتن ، شت ھەڵگرتن ، خۆدانەواندنەوە ، ئەمانە ھەمووی کاریگەری ھەیە لەسەر کەم کردنەوەی ئازار و پاراستنی جومگەی ئەژنۆ.
خواردن :
گرنگیەکی زۆری ھەیە لەسەر تەندروستی جومگەکانمان ، ھەندێک خۆراک یارمەتی تەندروستی جومگەکان دەدات ، بەپێچەوانە ھەندێک زیان بە جومگە دەگەیەنێت ..
ئەو خۆراکانەی ھەوکردن زیاد دەکەن لە لەشدا وەکو شەکری دروستکراو ، ھەندێ شیرەمەنی دروستکراو ، ئەو خواردنانەی ماددەی پارێزەریان (مواد حافظة)ی تیایە وەکو خۆراکی قوتوو ، سەوسج ، گۆشتی سوور ، ئاردی سپی ، معکرونی ئازاری جومگە زیاد دەکەن .
ئەو خۆراکانەی کە دژە ھەوکردنن وەکو میوە و مزرەمەنیەکان ، دانەوێڵەتەواوەکان و بەھاراتەکان ئازاری جومگە کەم دەکەنەوە.
کەم کردنەوەی ستریس و گرژی باری دەروونی :
ئێمە کاتێک باری دەروونیمان تێک دەچێت و گرژ دەبێت ، ھەموو لەشمان دەچێتەقۆناغی ھەوکردن کە ھەندێکجار وادەکات لە جومگەکان کە ھەوکەن و بئاوسێن ، ھەروەھا سترێس دەبێتە ھۆی ڕژانی ھۆرمۆنی کۆرتیسۆڵ لەلەشدا کە ئەمیش ڕێژەی دروستکردنی کۆلاجینی پێویست بۆ جومگەکان کەم دەکاتەوە، و دەبێتە ھۆی زوو داخورانی جومگەکان ، ھەروەھا گرژی باری دەروونی کاریگەری ھەیە لەسەر لاواز بوونی ماسولکەکان.
کێشت دابەزێنە:
مەرج نییە کێشت نموونەیی بێت، بەڵام باشترە چەند دەتوانیت کێشت نزیک بێتەوە لە ئایدیاڵ و BMI ی لەشت لە نێوان (١٨٠٥- ٢٥ ) بێت.
بەکارھێنانی پێکھاتە ڕووەکیەکان:
(Herbal remedies)
گرنگە کە بتوانرێت ئازار شکێنی سروشتی بەکاربھێنرێت بۆ کەم کردنەوەی ئازاری جومگەی ئەژنۆ بەتایبەتی لەو کەسانەی هەمیشە ئازار و گرژبوونی دەوری ئەژنۆیان هەیە، بەکارھێنانی پێکھاتەی ڕووەکی کاریگەرییەکی باشی ھەیە وەکو چای ڕووەکی وەکو چای سەوز ، چای زەنجەفیل ... یاخود زەیتی ڕووەکی وەکو زەیتی نەعنا کە ماددەی مێنثۆڵی تیادایە کەئازار شکێن و سڕکەریشە ..ھەروەھا
(ئەرنیکا )کە گوڵێکی تایبەتی تێدایە یارمەتی کەم کردنەوەی ئازار و ھەوکردنی جومگەکان دەدات ..ئەم جۆرە جیلانە کاریگەرییەکی باشیان ھەیەو کاریگەریی لاوەکیشیان نیە.
د. ھەڤین کمال شاە محمد ...
پسپۆڕی ئازار شکاندن
ئەندامی پڕۆفیشناڵی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن