كلیلی بەختەوەری

7 مانگ پێش ئێستا

ئەركی خێزان وە بەتایبەتر ئەركی دایك ئەوەیە منداڵەكانی بە شێوازێك پەروەردە بكات (بەختەوەربن).
بەختەوەری ڕاستەقینە نەك ئەو بەختەوەرییەی لە ناو كۆمەڵگای كوردەواری باس دەكرێت. هەمیشە بەختەوەری دەبەستنەوە بە بوونی سامانێكی زۆر، پڕكردنەوەی پێداویستیەكان، لەشێكی تەندروست، خواردنی بەتام و چێژ و تێركردنی ئارەزووە سێكسیەكان و بوونی پلەوپایە، هەندێ شتی تر كە بە خەیاڵ دادێت.
 كەسانێك سامانێكی زۆریان كۆكردۆتەوە بەڵام بەختەوەرنین! هەموو ژیانیان تەرخانكردوە بۆ ئەوەی سامانی زیاتر كۆكەنەوە، سنورێكیان نییە تێیدا بوەستن.
كەسانێك پەلەوپاییەی بەرزیان هەیە، بەڵام هەڵپەی پلەی بەرزتردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتیان سنوردارە ولە هەندێ جار دەسەڵاتیان بەسەر منداڵەكانیشیاندا نییە.
پەیوەندییە سێكسێەكان دووجۆرن، یەكەمیان پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای سێكسی دروستبووە، ئەمەش تەنها لەسەر ڕەزامەندی كاتیە، لەم جۆرە پەیوەندییە تاكەكان وەك مادەگەلێك پێكەوە پەیوەندییەكە دەكەن نەك وەك مرۆڤگەلێك، ئەم جۆرە لە پەیوەندییە قووڵ و تەندروست نییە. 
جۆری دووەمیان بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای هۆگری سێكسیە، بەڵام لەم حاڵەتەدا هۆگری جەستە و ڕووخسار و لەش و لاری كەسەكە بنەمایەكی زاڵی پەیوەندییەكە نییە، بەڵكو بەهای سەرەكی دیكە هەن، كەسەكە لەم سۆنگەیەوە هەڵسەنگاندن بۆ بەرامبەرەكەی دەكات و بە كەسێكی جوان و بەخشندە و نەرمونیان و ڕێزدار و شكۆمەندی دەداتە قەلەم. هەر پەیوەندیەك لەسەر ئەم بنەمایانەدا بێت درێژخایەنتر ومتمانەپێكراوتر و گونجاوترە، هەر ئەم جۆرە لە پەیوەندییە دەبێتە هۆی بەختەوەری و گوزارشت لە بەختەوەریەكی ڕاستەقینەدەكات.
هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی مەبەستی سەرەكی ژیان گەڕانە بەدوای بەختەوەری.
كلیلی بەختەوەری بەدەست خۆمانە، بەختەوەری زیاتر لە ناخی خۆمان هەڵدەقۆڵێ، نەك زادەی سەرچاوەیەكی دەرەكی بێت، بۆیە پێویست ناكات پشت بە بەخت یان شانس ببەستین بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری.
سروشتی مرۆڤ لەبنەڕەتدا نەرمونیان و بەسۆزە. تووڕەیی وشەڕانگێزی و توندوتیژی و ڕق بەشیك نین لە سروشتی سەرەكی بنەڕەتی مرۆڤ، بۆیە پەروەردەییەكی دروست و باش وزانستیانە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و هاوسۆزی و بەخشندەیی هۆكارێكن بۆ گەیشتن بە بختەوەری ڕاستەقینە. 
مرۆڤی بەختەوەر، تەندروستیان باشترە، بەرگری ئەركیان باشترە، نەخۆشییەكانی دڵیان كەمترە، تەنانەت بەڵگە هەیە ئاماژە بەوە دەدات مرۆڤی بەختەوەر دەساڵ زیاتر دەژیت، بەختەوەری دەبێتە هۆی دروستییەكی عەقڵی باشتر، نەرموونیانی زیاتر، زیادبوونی مامەڵەكردن لەگەڵ بارە ناهەموارەكاندا. كەسی بەختەوەر چێژ لە هاوسەرگیری سەقامگیر و بەهێز وەردەگرێت و باوانێكی باشتریش دەبن. 
كەواتە هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە بەختەوەری چەندین دەسكەوتی كەسیی گەورە بەدی دەهێنێت، بەڵام دەسكەوتەكان تەنها بۆ كەسەكە نییە، بەڵكو بۆ خێزان و كۆمەڵگاش هەیە. بەختەوەری لەناو دانیشتوانی نەتەوەیەكدا سەردەكێشێت بۆ زیادبوونی ئاستی ئازادی و دیموكراتی لەو وڵاتەدا.
ڕەهێل دزەیی