بایکۆتی خوێندکاران
7 مانگ پێش ئێستا
نیاز نەجمەدین
من لە ئازار و خەمی خوێندکاران تێئەگەم. ئەزانم بەشێک لە کێشەکانیان ئەوەیە کە بڕیاربەدەستی ئێمە خاوەنی مەهاراتی چارەسەری کێشە (problem solving) نییە. خوێندکاران هەقی خۆیانە داوای ئەوە بکەن کە هیچ نەبێت حکومەت هاوکاریی هەژارەکانیان بکات. واتە لەم دۆخەدا مەرج نییە تەواوی خوێندکاران دەرماڵە وەرگرن، بەڵام دەکرێت هەژارەکانیان هاوکاریی بکرێن. یان وەک وڵاتانی تر حکومەت قەرزیان بۆ دابین بکات. بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە تەواوی پەک بخەیت، یان دەزگایەک لە ناو دەزگاکاندا پەک بخەیت، یان شتێک بکەیت بە عێدەت لەسەر حسابی شتێکیتر، ئیتر ئەبێت لە خۆت بپرسیت: من خەریکی چیم و ئاکامەکانی ئەم کردەوانەم چیین؟
ئاکامەکانی بایکۆت چیین؟ من ئەم ئاکامانەی خوارەوە دەبینم و هەست پێ دەکەم:
یەکەم، خوێندکاران دوور دەکەونەوە لە خوێندن و تاقەتیان نامێنێت.
دووەم، دەبێت بە عادەت. هەر شتێک بوو بە عادەت، درێژە دەکێشێت و بە شەڕ و ململانێی قورس دوایی نەجاتمان دەبێت لێی، تەنانەت چونە دەرەوەی رۆژانەش لەگەڵ هاوڕێیەکتدا. بایکۆت و دەوام نەکرد و دەوام وەستاندنیش دەبن بە عادەت و کەم تا زۆر بەشێک نابن لە خەبات دژی ستەمکردن. مەسەلەن، ساڵانە خوێندکاران بەبێ هۆ هەفتەیەک پێش نەورۆز یان هەفتەیەک پێش سەری ساڵ خۆیان ئەیکەن بە عوتڵە و دەوام رائەگرن.
سێیەم، مامۆستایان تاقەتی ئیشەکانیان نامێنێت و سارد دەبنەوە.
چوارەم، مامۆستا باشەکان، ئەوانەی نرخ بۆ ژیانی پڕ بەرهەم دادەنێن، زانکۆکان جێدەهێڵن. لاوازەکان دەمێننەوە و ئیستیغلالی ئەو هەلومەرجە دەکەن.
پێنجەم، کەئابەیەکی زۆر لە شوێنی ئیشدا دروست دەکات.
وڵاتەکەش پڕە لە کەئابە.
شەشەم، دایکان و باوکان متمانەیان بە زانکۆ حکومییەکان، بەتایبەت زانکۆی سلێمانی نامێنێت و ناچار دەبێت منداڵەکانیان بنێرنە ئەهلییەکان، یان بە دڵی شکاوەوە دەینێرنە زانکۆ حکومییەکانی وەک زانکۆی سلێمانی.
ئایا هەق نییە خوێندکاران بیر لەم کاریگەرییانەش بکەنەوە؟
بە رای من، شوێنێک هەیە ئەبێت "من" لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆمدا ئەو دامەزراوەیە وێران نەکەم کە تیایدا دەژیم. تەمەنی هەر دامەزراوەیەک زیاترە لە تەمەنی کارمەندەکانی و بگرە خاوەنەکەشی. دامەزراوەیەک کە وات سەیرکرد تەنها بۆ تۆیە، کە وا سەیرت کرد ئەبێت بەس بۆ تۆ بێت و ئیشی نییە خەونی تۆ بهێنێتەدی، ئیتر ئەوە مانای زاڵبوونی 'من" بەسەر شتێکی گەورەتر و بەنرختردا، کە ئەویش دامەزراوەکەیە. شوێنێکی وەک زانکۆی سلێمانی هی خوێندکاران نییە بە تەنها، هی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش نییە بە تەنها، بەڵکو هی بەشێکی کۆمەڵگە و جیلەکانی ئایندەشە. ئەکرێت تەحەمولی هەندێک شتی ناڕەوای وەک دواکەوتن یان بێبەشبوونی خوێندکاران لە دەرماڵە بکەن لە پێناوی شتێکی بە نرختردا کە ئەویش خودی دامەزراوەکەیە.