فەرامۆشكردنی سیستمێكی خۆراكی تەندروست بۆ منداڵان

7 مانگ پێش ئێستا

كەمتەرخەمی میدیا بەرامبەر منداڵان و نەبوونی میدیای تایبەت
هەڵگورد جەلال
بەداخەوەی بەپێی ئەزمونی زیاتر لە 20 ساڵ كاركردنمان لەبواری میدیادا، ئەوەمان بۆ دەركەوت كەلەهەرێمی كوردستان، لەڕووی میدیاییەوە بایەخێكی ئەوتۆ نەدراوە بەمنداڵان و دەشكرێت بڵێین لای زۆرینەی كەناڵەكان نەبۆتە خەم، ئەمەش بەو مانایەی چونكە منداڵان لەدەنگدان و ململانێ سیاسییەكاندا رۆڵێكیان نیە، هەر لەبەر ئەوەش زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان و لەوێشەوە میدیاكانیان پانتایی و سپەیسێكی ئەوتۆیان بۆ قسەكردن لەسەر، دونیای منداڵ، كێشەكانی منداڵ، كاریگەرییەكانی پەروەردەو فێركردن، كێشە خێزانییەكان، پەرەپێدانی بەهرەی منداڵان و هتد تەرخان نەكردووە.
بەپێچەوانەی ئێستاوە، لەدەیەی یەكەمی راپەریندا، زیاتر و باشتر لەئێستا هەم كەناڵەكانی راگەیاندن، هەم خودی وەزارەتی رۆشنبیری، هەم حكومەت و تەنانەت لایەنە سیاسییەكانیش بایەخی زیاتر و نەوعی تریان بەمنداڵان و دونیای منداڵان دەدا.
ئێستاش رەنگە لەبیرەوەری و زاكیرەی زۆرینەی ئامادەبووانی ئەم كۆڕبەندەدا، فیلم كارتۆنە پەروەردەییەكان كەبە كوالیتییەكی سادەو دۆبلاژێكی سەرەتایی ، بەڵام بەوەرگێڕان و ئامانجێكی پەروەردەیی و فێركاری باڵاوە بەرهەمدەهێندران، خزمەتێكی زۆری بەمنداڵان و نەوەی ئەو سەردەمە كرد، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پرۆگرامەكانی ماوەی منداڵان و خنجیلەو ژیكەڵە لای گەنجانی ئێستاو منداڵانی ئەو سەردەمە بەبەهێزی و جوانی ماونەتەوە, كۆبین و هاوڕێكانی، یان جار جارە دێنە سەر زاری بەشێك لەو گەنجانەی ئەمڕۆ، كەلەو سەردەمەدا مناڵ بوون و بەدیار شاشەكانی تیڤییەوە دادەنیشتن، هێشتا سەركێشییەكانی ماركۆو نێڵز و خانووەكەی فلۆناو پاسەكەی ساندیبێل و شەڕەكانی تۆم و جێری، لەبیرەوەریماندا ، چونكە هەم لەڕوی پەروەردەییەوە خاوەنی ئامانجێگی دیارو كراوبوون، هەمیش لەڕوی میدیاییەوە، لەئاستێكی باڵاو زۆر پەسەنددا بوون.
هەر ئەو كاتەش وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم، لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكی چالاكی خاوەن توانای باشی وەك رۆشنبیری منداڵانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خانەی سمۆرەوە، خزمەتێكی بەرچاویان بەمنداڵان دەكرد.
بەڵام بەداخەوە، لەدوو دەیەی رابردوودا، میدیای كوردی، جگە لەوەی بۆخۆی تووشی پاشەكشەو بێ سەرەو بەرەییەكی زۆر بۆتەوە، بەدیوێكی تریشدا، كاریگەرییەكی زۆر نەرێنی كردۆتە سەر ئەو بەشەی راستەوخۆو ناراستەوخۆ پەیوەندی بەدونیای منداڵ و پەروەردەی منداڵ و ژینگەو ئایندەی منداڵانەوە هەیە،
 هەموومان شاهیدی ئەوەین، ئێستا:
-زۆرینەی كەناڵە كوردییەكان، نەك هیچ پرۆگرامێكی پەروەردەیی و كاتێكی تایبەتیان بەمنداڵان نیە، هاوكاتیش لەپرۆگرامەكانیاندا شتێكی ئەوتۆیان بۆ منداڵان پێ نیە، هەندێك لەكەناڵە كوردییەكان، لەرێگەی پرۆگرامە بەناو كۆمیدی و موهەریجییەكانیانەوە، وشەی نەشیاو، هەڵسو كەوتی نەگونجاو، بێ رێزی فێری منداڵان دەكەن، دڵنیام ئێستا هەریەكەتان چاوتان دەچێتە سەر لۆگۆی ئەو كەناڵەو ناوی ئەو پرۆگرامە ئاستنزمەی، بەجۆرێك لەجۆرەكان منداڵەكانمانی فێری هەندێك وشەی نەشیاوو بێ ئابڕووانەكرد.
-بەشێكی تریشیان، لەرێگەی نمایشكردنی فیلمە پڕ لەتوندوتیژییەكان و هۆكارەكانی تاوانكردنەوە، منداڵانیان هاندەدا بۆ كاری تاوانكاری و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بەهاوڕێ و هاوتەمەنەكانی خۆیان.
-لەهەموویان كارەساتبارتر، بەكارهێنانی بەربڵاوی ئامێرە زیرەكەكان و ئاسان بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەناڵ و ماڵپەڕە نەشیاوەكانە، كە كاریگەری زۆر خراپیان لەسەر رەوشت و بیركردنەوەو كەسایەتی و مامەڵەی منداڵان دروستكردووە.
- بەشێكی ئەو كەناڵانەی بەمۆڵەت و بێ مۆڵەت پەخش دەكەن، منداڵان هان دەدەن بۆ كاری توندوتیژی و توندڕەیانەو ئیسلامییەكی پەڕگیر، تا دەگاتە دورخستنەوەوەو بێ بەری كردنیان لەئادابی گشتی و سەرقاڵكردن و ئاشناكردیان بەچەمكی كچە مۆدێل، شاجوان، دەقتەرە دۆلار، ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان و نەشتەرگەری جوانكاری و شتی لەم شێوەیە.

بۆیە، پێشنیارمان ئەوەیە:,
-پێداچوونەوەو رێكخستنەوەی كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان، و پۆلێنكردنی ئەو كەناڵانەی توانای ئەوەیان هەیە كار بۆ منداڵان بكەن.
-راگرتن و قەدەغەكردنی هەموو ئەو پرۆگرامانەی لەكەناڵەكانی میدیاوە پەخش دەكرێن و كاریگەری نەرێنی و خراپیان بۆسەر ئێستاو داهاتووی منداڵان هەبووەو هەیە.
-لەكاتی نوێكردنەوەو پێدانی مۆڵەتدا بەكەناڵەكانی راگەیاندن، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، مەرجی ئەوە دابنرێت كە هیچ پرۆگرام و بابەتێكی میدیایی پەخش نەكرێت، كە راستەوخۆو ناراستەوخۆ كاریگەری لەسەر، كەسایەتی، هەڵسوكەوت، بیركردنەوە، مامەڵەی منداڵان هەبێت.
-ئەو كەناڵە میدیاییانەی خۆیان بۆ كاری منداڵان تەرخان كردووە، لەژێرچاودێری توندی وەزارەتی رۆشنیری و وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیدا بن و لەرێگەی كەسانی شارەزاوە بەبەردەوامی رێنمایی و راوێژیان پێ بدرێت.
-سەپۆرتكردنی پشتیوانی مەعنەوی و دارایی بۆ سەرلەنوێ دەرچواندنەوەی گۆڤارەكانی، پەپولە، منداڵی سەردەم، هەنگ كە تایبەت بوون بەمنداڵان.
-مەرجداركردنی هەموو كەناڵەكان، بۆ دانانی هێماو ئاماژەی تایبەت بۆ هۆشیاركردنەوەی دایكان و باوكان، لەكاتی پەخشكردن و نمایشكردنی هەر جۆرە پرۆگرامێكدا كە زیانی بۆ منداڵان هەبێت.
-پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی ئەو گروپە هونەرییە جدییانەی كار بۆ منداڵان دەكەن و پەرەپێدانی كارو بەرهەمەكانیان.

هەر بەهۆی كەمتەرخەمی و بێباكییەكانی میدیاوەیە،  كەنەتوانراوە سەرنج بخرێتە سەر ئەوەی تائێستا سیتمێكی خواردنی تەندروست بۆ منداڵان نیەو رۆژانانە ئامارەكانی توشبوونی منداڵان بەنەخۆشییەكانی قەڵەوی و شەكرە رووی لەهەڵكشانە. چونكە یەكێك لە كێشە و گرفتە سەرەكیەكانی ئەمڕۆ نە،بوونی سستەمێكیی تەندروستە تایبەت بە خۆراك لە مناڵان زۆرینەی توێژینەوەكاندا، سەرنج و قسە و سەمپڵەكان تەنها بۆ گەورەكانن، لەڕاستیدا گرنگترین فاكت و بەرەو پێشچوون لە منداڵەوە دەست پێ دەكات بۆنموونە ئێستا بازرگان و سەرمایەدارە بەڕێزەكان، بیریان لەوە نەكردۆتەوە لەو خواردەمەنیانەی هاوردەی دەكەن بایەخ بە خواردنی تەندروستی منداڵان بدەن، وەك مرەبای تایبەت بەمنداڵ، ژەمی بەیانی، خواردنی تایبەت بەباخچەی ساوایان، دایانگە، قوتابخانەكان، بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆرترین ماركیتین بۆ ئەو خواردن و خواردەمەنیانە دەكەن بەتایبەت فاستفوودەكان، كە دەبنە هۆی زیادبوونی كێشی منداڵ، ئەمە جگە لەوەی لەپاڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئالودەبوونی منداڵەوە بە ئامێرە زیرەكەكان و یارییە ئەلكترۆنییەكان، منداڵان و گەنجانیش،جووڵەیان زۆر كەمەو كێشیان زیادیكردووە، دەتوانرێت لەرێگەی هاوردەكردنی ئەو جۆرە خۆراكە تەندروست و تایبەتەوە رێگە لەزیادبوونی كێشیان بگیرێت.
-یەكێكی تر لەو كێشانەی بینیومە، ئێستا هەندێك خواردن و پسكیت، لەشێوەی جگەرەو نێرگەلەدا دروستكراون و لەماركێت و فرۆشگەكاندا بەئاشكرا دەفرۆشرێن و منداڵان هان دەدەن بۆ فێربوونیان بەكێشانی جگەرەو نێرگەلە.