دین و پلورالیزم

6 مانگ پێش ئێستا

مەریوان وریا قانع
”من یەکێکم لەو نووسەرانەی ساڵانێکی درێژە بەرگریم لە دەنگە دینییەکان کردوە و لە ئایندەشدا دەیکەم، بەرگریم لەو ھێزانە کردوە و لەئایندەشدا دەیکەم کە دەیانەوێت لە دینەوە بچنە ناو سیاسەت. بەڵام دیوی ئەودیوی ئەم بەرگرییکردنە ھەمیشە بەرگریکردنێکی ڕادیکاڵ بووە لە پلورالیزم، لە فرەدەنگیی و فرەڕەنگیی وەک چوارچێوەیەک ھەمووان لەناویدا بتوانن بە ھەمان ماف و ھەمان بڕ لە ئازادییەوە ئامادەبن. چەند دیندارێک ئازادانە ئامادەبێت و مافی ھەبێت، ئەوەندەش بێدینێک یان دژەدینێک ئازادانە ئامادەبێت و مافی ھەبێت. کەس بۆی نەبێت بەناوی ھەقیقەتێکی ئاسمانیی یان نائاسمانییەوە ئەوانیتر بێماف، بێنرخ، بێبەھا و بێدەنگ و بێکەرامەت، بکات. 
ئەو دیدەی من بەرگریی لێدەکەم دیدێک نییە بەرگریی لە دین یان لە دژەدین بکات، بەڵکو دیدێکە داوا لە ھەمووان دەکات، بەدینیی و نادینییەوە، ڕێژەییبن. لە دەرەوەی موتڵەقگەرایی و ھەقیقەتکارییەوە بژین و بدوێن و لەیەکتری بڕوانن. بۆچوونەکانیان تەنھا وەک ئەگەرێک لە ئەگەرەکانی ھەقیقەت، یان بەشێک لە بەشەکانی ھەقیقەت، ببینن. 
لەم دیدگایەدا، کە من ھەڵگیرم و بەرگریی لێدەکەم، دین بۆئەوەی بتوانێت لە ”مەجالی گشتیی“دا کاربکات، چ لە ئاستی گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و قسەکردن لەسەر مەسەلە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگا، چ لە ئاستی سیاسەتکردندا لەپاڵ دین و بەناوی دینەوە، پێویستە واز لەوە بھێنێت بە ناوی خوداوە، بە ناوی یاساکانی خوداوە، بە ناوی شەریعەتەوە، بە ناوی موقەدەسێکەوە بدوێت، کە ئازادیی و ویست و خواستیی ئەوانیتر سنووردار و بێنرخ بکات. 
،دین بۆئەوەی نەبێت بە کێشە لە ژیانی گشتیدا، پێویستە ھەموو دەرکەوتنەکانی لەناو ئەو ژیانەدا، بە دەرکەوتە سیاسییەکانیشیەوە، وەک دەرکەوتنی ھەندێک ڕا و بۆچوون و بەرخوردی تایبەت ببینێت، نەک وەک ھەندێک ھەقیقەتیی ئاسمانیی موقەدەس کە ھەمووان ناچاربن وەک ھەقیقەت قبووڵیبکەن. ھەر کەسێک بەناوی خوداوە قسەی کرد دەبێتە بوونەوەرێکی ترسناک.“