سینەماو وێنە

5 مانگ پێش ئێستا

میدیا ڕەووف بێگەرد
کارێن سۆرێنسن (Karen Sørensen) ی نوسەری دانمارکی دەڵێت " سەردەمی ئێمە سەردەمی وێنەیە، ڕۆژانە وێنە وەردەگرین و دەینێرین کە پێشتر هەرگیز وانەبووە".(١)
هەروەها گوستاڤ لی بۆن(Gustave Le Bon) ی نوسەری فەرەنسی دەڵێت "وێنە کاریگەریەکی تایبەتی لەسەر جەماوەر هەیە".(٢)
لیرەدا گرنگی وێنەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەو وێنانەی ڕۆژانە وەریدەگرین ودەینێرین، هەموو ئەو وێنانە لە مێشکماندا دەمێنێتەوەوکاریگەری بەسەرمانەوە دەبێت و لەساتە وەختێکی دوور بێت یان نزیک سەرهەڵدەداتەوە. چونکە سروشتی مرۆڤ وایکردوە مەیلی بەلای وێنەدا زیاتربێت.
وێنە ئەمڕۆ بۆتە فۆرمێکی بنەڕەتی دەربڕین لە هونەر و لە میدیای ئەلیکترۆنیدا، سینەماش کە یەکێکە لە گرنگترین هونەری سەردەم و وێنە ڕەگەزە بنەڕەتیەکەیەتی، هەر بۆیە بە کاریگەریترین هونەرەکانی سەردەم دادەنرێت، چونکە جیهان ئەمڕۆ زیاتر خۆی لە بینراوەکاندا دەبینێتەوە، کە لە ڕێگەی میدیا و هونەرەوە وەک وەرگر بۆمان دەنێردرێت. بەم پێیە وێنە لە جیهانی ئێمەدا دەبێتە خوڵقێنەری کولتوورێک کە دەتوانێت تایبەتمەندی بدات بە کۆمەڵگە جیاوازەکان، چونکە وێنە زمانی سەربەخۆی خۆیی هەیە، دەتوانێت بە ئاسانی کاریگەری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کولتووری خۆشەویستی، ئاشتەوانی و فیکریش دروست بکات لە لێکدانەوەو شیکردنەوەدا کە لە ئەنجامدا بڕیاری تاکەکەسی یان گروپی سەبارەت بە شتێک دروست دەکات. بەڵکو زۆرجار وێنەکە پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ ئەو هەڵوێست و ڕەوتانەی کە بینەر وەریدەگرن. گومانی تێدا نییە کە پێگەیەکی دیاریکراو بنیات دەنێت، ئەم هەڵوێستەش پەیوەستە بەو شێوە جووڵەیەی کە وێنەکان دروستیان کردوە. هەر بۆیە کاتێک وێنە بە نائاگایی بەکار بهێنرێت کاریگەریەکی نەگەتیڤی دەبێت و ئەگەری فریودان دژی وەرگر ئەنجام دەدات.
لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر ڕۆڵی سینەما لە نمایشی بینراودا و هەروەها لەبەر ڕٶشنایی تەکنەلۆژیا و گەشەسەندن و گۆڕانکاریە خێراییەکانی سەردەم لە پەرەپێدانی ئەم هونەرەدا، پۆستمۆدێرنیزم لە فەزا و دیمەنەکان و بەکارهێنانی ڕووناکی و ڕەنگ و زمانی ئیشارەت. هەمیشە پرۆسەی گۆڕانکاری دەبێتە هۆی دۆزینەوەی ئامرازی دیمەنی نوێ لە دیزاینی داهێنەرانە و هونەری کارە بینراوەکان لە وێنەی وەستاو یان جوڵاودا و دەتوانین بڵێین وێنە لە ئێستادا گەشاوەترین تەمەنی خۆی دەژی.
دەسەڵاتی وێنە لە سینەمادا وەک فاکتەرێکی کاریگەر خۆی بەسەر جەماوەردا دەسەپێنێت، لە یەکێک لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە بینین بە بەهێزترین هەستی مرۆڤ دادەنرێت کە لە %٨٠ و باقی ڕێژەکە بەسەر هەستەکانی تردا دابەش دەکرێت (٣)، هەر بۆیە لە دنیای تەکنۆلۆژیاو مۆدێرن دا وێنە لە ووشە بەگەورەترو بە بەهێزتر دادەنرێت.
بۆ نمونە یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکان کە لە جیهاندا دەنگی دایەوە وێنەی کچێکی ڕزگار بووی کارەساتی جەنگی ڤێتنام بوو کە بە ناپاڵم لێدرا وئەو کاتە خەڵاتی بەناوبانگی پولیتزەری بەدەستهێنا. کەواتە ئەوە وێنەیە کە دەتوانێت تاوان و توندوتیژی، ڕق و کینە، خۆشەویستی، دڕندەیی، ترس، دڵەڕاوکێو پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە نیشان بدات و نمایشی بکات. هەر بۆیە دەبێ سینەما ڕۆڵێکی پۆزەتیف و ڕاستگۆیانە بخاتە ڕوو، ڕۆڵی ئاشتی و پێکەوە ژیان، ڕۆشنایی بخاتە سەر کلتورە جیاوازەکان و پێکەوە ژیان کردن و قبوڵکردنی یەکتر بە ڕەنگ و جۆرە جیاوازیەکانی تر.
بە ڕای من هەموو کارێکی سەرکەوتوو تابلۆیەک( وێنەیەک) لای وەرگر جێدەهێڵێت کە هەرگیز بیری ناچێتەوە، هەر بۆیە دەبێ فۆکۆس بخرێتە سەر ئەو وێنانەی توانای ئەوەیان هەیە وەرگر بەرەو بیرکردنەوەو گۆڕانکاری پۆزەتیف ببات. چونکە وێنە بە خێراترین ئامڕازی گواستنەوەی ئەم سەردەمە دادەنرێت.
سەرچاوە
Sørensen, Karen:” Dramatik” 2008 ١-
٢- لوبون، گوستاف " سيكولوجية الجماهير" 1991
٣- منشورات جامعة فلاديلفيا، " ثقافة الصورة"