چ دیندارییەک، چۆن دیندارییەک؟
5 مانگ پێش ئێستا
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
پرسیارێک زۆرجار من لەخۆمی دەکەم ئایا مرۆڤ دەتوانێت بەبێ دین بژی؟ بەڵێ و نەخێرەکان لەم بارەدا زۆرن و هەموو بەڵێ و نەخێرێکیش ئارگیومێنتی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەوە سروشتی کەینونەیی مرۆڤانەی مرۆڤە کە تەنانەت دەتوانێت ئینکار و ئیسباتی خوداش بکات نەک دین. لە یەکەمین مرۆڤەوە تا دواهەمین مرۆڤ لەسەر ئەم ئەستێرەیە ئەم پرسانە هەن و دەشبن، مرۆڤ نەیتوانیوە و ناشتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بەلایەکدا بخات، چونکە خوا خۆی بارووتی ئەم تۆپخانەی نەگەیشتنە دابیندەکات، لەسەرێکەوە خۆی نیشان دەدات لە سەرێکی دیکەوە خۆیمان لێ ون دەکات :خۆی ویستوویەتی وابێت: "إنما احتجب لشدە ڤهوره وخفی عن اڵابصار لعڤم نوره". کانت بەم جۆرە پرسانەی دەگوت "ئانتینۆمی" واتە ناتوانین قسەی کۆتاییان لەبارەدا بکەین. چەندە پێش بکەوین لەم ئانتی نۆمییانەدا هەر لەخاڵی سەرەتاداین، ناگەینە دەرئەنجامێک. بەڵام بە بڕوای من پرسیاری جەوهەریتر هەیە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دیندارین کە دەبێت لەخۆمانی بکەین ئەویش ئەوەیە مادەم دیندارین هەڵگری خەسڵەت و ئاکار و سروشتی چ جۆرە دیندارییەکین؟ ئەم دیندارییە بە کوێی گەیاندووین؟ زیان وسوودەکانی چیبوون؟ جۆری دیندارییەکانمان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگا و تەنانەت خودی خۆشمان هەیە. گەلێک پۆلێنبەندی بۆ دیندرای کراوە کە بەندە ئەم پۆلێنبەندییەم لە هەموو ئەوانی دیکە لا پەسەندترە:
🔹شەریعەت
دینداری فقهی یا فقهی شەریعەتی:ئەم جۆرە لە دینداری بە دینداری عامیانە یا وەک غەزالی دەڵێت دینداری عەوامانەش پێناسە دەکرێت. شەریعەت دیوی لای کەم minimalی دینە. واتە سنوورە، کە ئەو سنوورەت تێپەڕاند ئیتر تۆ لەدەرەوەی بازنەی دینی لەو سنوورەدا. حەرام و حەڵاڵەکان، بکە و مەکە کان، وەلاو و بەڕائەکان، خەتە سوورەکان هەموویان سەر بەم جیهانبینییە دینیەن. بە قەولی حامیدی غەزالی شەریعەت لە ئەساسەوە وەک یاساکان بۆ دروستنەبوونی دوژمنایەتی "فصل التخاصم" دروستبووە، واتە بۆ ئەوەی من و تۆ نەدەین بەیەکدا و دیوی ماددی ژیان بەشێوەیەک کە هەرکەس تێیدا سنوور خۆی بزانێت سەرڕێ بکەوێت دامەزراوە. دەقیق وەک ئەو یاسایانەی دەوڵەت و شارەکانیان لەسەر دروست دەکرێت یاساکانی شەریعەتیش یاسای ماددی و دونیایین. یاسا سیکۆلارەکان لەوێدا لە یاساکانی شەریعەت جیا دەبنەوە کە یاسا سیکۆلارەکان پێیان وایە لەڕێگای ئەم یاسایانەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە سەرڕێ بخرێت تەنها لەپێناو ژیاندا، بەڵام شەریعەتی دینەکان پێیان وایە لەڕێگای یاساکانیانەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە سەرڕێدەخەن بۆ ئامانجێکی بە گوتەی خۆیان لە ژیان مەزنتر ئەویش عیباداتە و ژیانێکی هەمیشەییە. تەنها جیاوازییەک لەنێوان یاسایەکی شەرعی و یاسایەکی لائیکدا هەبێت لێرەدایە. ئەوانەی کوێرانە خودی یاسا شەرعییەکان بە پیرۆز دادەنێن، دەبێت بزانن هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەو عەلمانییە توندڕەوەدا نییە کە لائیسیتێ بە پیرۆز دەزانێت.
لە دینداری فیقهیدا حوکم بە زاهیر دەکرێت، زاهیرەکەش زاهیرێکی لانی کەمیی Minimal ییە. بۆنمونە ئەوەندە بەسە کە تۆ ئەو تیکەیەی کە دەیخۆیت بە مەشروع و لە ڕێگای حەڵاڵ و مەشروعەوە پەیدات کردبێت، ئیدی کەی دەیخۆیت، چۆنی دەخۆیت و چەندی لێدەخۆیت ئازادیت. یا نوێژێک گەر کردت شەریعەت بە زاهیر بڕیاری لێدەدات، گەر لە ڕوکەشدا شتێک نەکەیت کە ئەو نوێژەت بەتاڵ بکاتەوە ئەوا هیچ فەقیهێک ناتوانێت بڵێت نوێژەکەت بەتاڵە گەر لەو نوێژەشدا حزووری دڵیشت نەبووبێت و خەیاڵت لای نوێژەکەش نەبووبێت. دیندارییەک گەر لەم یاساگەلەدا بمێنێتەوە خۆبەخۆ بەرەوە یاساپەرەستی و ئیستغراقی نێو یاساکان مل دەنێت، لەبری خوا یاساپەرەستی و شەریعەتپەرەستی دروستدەکات. . دەقیق وەک ئەوەی لە دونیاکەی خۆماندا ئەمڕۆ هەموو دین و ئیمان و خودای تێدا کورتکراوەتەوە. دینداری فقهی باشترین کەشێکە کە ئایدیۆلۆژیست و سیاسییەکان وەبەرهێنانی تێدابکەن بۆ دەستکەوتی تایبەتی خۆیان و گروپەکەیان. دەبێت ئەوە ڕوون بێت یاساکانی شەریعەت خۆیان لەخۆیاندا پیرۆز و گەورە نین، ئەو ئەنجامە گەورەیە کە یاساکە دەیدات بەدەستەوە. یاسایەکی وەک قیصاص بە ئەنجامەکەی دەپێورێت نەک ئەوەی جێبەجێکردنی قیصاص وەک عیبادەت تەماشا بکرێت. کاتێک قیصاص ئەنجام نادات بەدەستەوە لەوەی قەتڵ و کوشتن کەم بکاتەوە ئیدی دەبێت بیر لە یاسای بەدیل بکرێتەوە چونکە ئەم پێورانەی شەریعەت بە زاتی خۆیان نا بەڵکو بە ئەنجامەکانیان گەورەییان دیاریدەکرێت. یاساکانی دیکەش هەر بەم جۆرەن، دونیا چاکدەکەن بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت دیوە ئاسمانییەکەی خۆی ون نەکات. دینداری شەریعەتی یا فیقهی دیندارییەکی تەوا تەقلیدییە، لاساییکردنەوە و تەقلید پشکی شێری بەردەکەوێت تێیدا. بەشی زۆری ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن زانای ئایینی سەر بەم جیهانبینییەن.
🔹 تەریقەت
لە بنەچەی وشەکەوە دیارە تەریقەت بە واتای ڕێگا دێت، ڕێگایەک من لە شوێنێکەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لەتەریقەتدا کەسی ڕێبوار یا سالیک زۆر زیاتر لە یاساکانی شەریعەت مایە لەخۆی دەگرێت، تەرازووی ئەم لەجیاتی سنوورەکانی حەرام و حەڵاڵ بێت زیاتر ئەخلاقە، ئەخلاقێکی تەواو کانتی. بەتەنها بەوە بەس ناکات کە حەڵاڵخۆر بێت، بەڵکو دەبێت لە حەڵاڵەکەش کەم بخوات کاتێک دەبینێت دەرواسێکەی برسییە، لەپێناوی شکاندن و تەربێتکردنیدا هەندێ جار نابێت لەهەندێ جۆری حەڵاڵیش کە نەفسی سالیک پێی خۆشە ئەسڵەن هەر بخوات. تەنها بەوە ئیکتیفا ناکات ئەو نوێژەی کە دەیکات جوڵەکانی دروست بێت، بەڵکو حزوری دڵ و ڕۆحی تێیدا دەکاتە مەرج، نوێژێک گەر حزوری دڵی نەبووبێت تێیدا، یا خەیاڵی لە دەوری غەیری خودا سوڕابێتەوە ئەم بە نوێژێکی باتڵی دادەنێت و دەبێت قەزای بکاتەوە. ئەوەی تەریقەت لە شەریعەت جیادەکاتەوە ئەوەیە لەم ڕێگایەدا لایەنی کەم بەمەرج نەگیراوە، کەسی سالیک خۆی و دڵی خۆی بەگوێرەی پلەکەی دەبێت بە موفتی خۆی "یستفتی قلبە"، حەڵاڵەکانی نێو شەریعەت بەشی زۆری حەرام و قەدەخە دەکات لەخۆی. هەروەک لەناوەکەیەوە دیارە تەریقەت ڕێگای گەیاندنە نەک ئامانجێک بۆ مانەوە، وەک شەریعەت مانەوە لە تەریقەتیشدا دەبێتە تەریقەت پەرەستی و دورخستنەوەی کەسی سالیک لە ئەسڵ و مەشغوڵکردنی بە فروعاتەوە، بەحوکمی لەززەتە ئەخلاقی و ڕۆحییەکانی زۆرێک لە شەتەح و لادانە دینییەکان لەم بواردەدا ڕوودەدەن، هەندێ جاریش کەسی خاوەن تەریقەت یان شێخ بەهۆی پێگەکەی خۆی وەک سیبەری خودا دەبینێت. مەترسیداریی تەریقەت لەوێدایە کە بەسیاسیی بکرێت، چونکە کەس ناتوانێت ڕەخنە لە شێخ یا سەرکردەی تەریقەت بگرێت، چونکە ئەو سێبەری خودایە و پلەی ویلایەتی هەیە. هەمان ئەوەی لە ئێرانی ویلایەتی فەقێ ئەمڕۆ ڕوودەدات نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم دیدەیە بۆ سیاسەت. دینداری تەریقەتی دیندارییەکی مەعریفییە، کەسی سالیک بەشوێن زۆرترین مەعریفەوەیە بۆ دەستخستنی زۆرترین دڵنیایی "اگمئنان".
🔹حەقیقەت
لەبنەڕەتدا دەبێت شەریعەت و تەریقەت لەخزمەت حەقیقەتدا بن. لە حەقیقەتدا کەسەکە بوونی سەربەخۆی نامێنێت، ئەوەی هەیە دەبێتە حەقیقەت، بەناوی حەقەوە قسەدەکات، دبڕێت و دەدوورێت. پێغەمبەران کەسانێک بوون لە حەقیقەتەوە هاتوونەتەوە بۆ یارمەتیدانی دەوروبەرەکەیان بۆ ئەوەی لە نزکیترین و بێوەیترین ڕێگاوە دەستی خەڵک بگرن. ئەوان زۆر بە وردی ئەم باسەیان گەیاندووە، بێ مەرام و بێ بەرژەوەندی "لا نرید منکم جزاو ولا شکورا" بەیانی ئەم دۆخەی ئەوانە. کەسێک کە لە تەریقەتەوە دەگوازێتەوە و بە حەقیقەت دەگات لەبەرامبەریدا هیچ پاداشتێکی ماددی یا زەوقی و تەنانەت مەعنەویشی ناوێت. ئەوەی بەحەقیقەت دەگات لە مامەڵەی مەعریفییەوە دەگوازێتەوە بۆ مامەڵەی حیرەتی. باسە مەعریفییەکان خۆبەخۆ لەبەرامبەر حەقدا دەتوێنەوە. کەسێک کە بەحەق دەگات بە بوونە بچوکەکەی خۆیەوە موتەحەیر دەمێنێت لەبەرامبەر ئەو بوونە گەورەیەی کە دەڵێت وەرە ببە بەبەشێک لەمن. دەقیق وەگ گەیشتنی قەترە بە دەریا. حەقیقەت و گەیشتن پێی و دروستبوونی حیرەت دەقیق وەک ئەو نێچیرە وایە کە دەکەوێتە دەست چنگ و چەپۆکەکانی شێرێکی دڕندە، لەوکاتەدا نە مەعریفەت نە تەقلید دادی ئەو کەسە نادات کە لەبەردەست ئەو شێرە دڕندەیەدایە، ئەوەی هەیە دۆخێکی لەخۆ دەرچوونە لەبەرامبەر بێدەسەڵاتی و موتەحەیر مان لەبەردەست ئەو بوونە گەورەیەدا کە ئەمی لەخۆیدا ون کردووە. ئایەتی "قم اللیل الا قلیلا" کتومت بەیانی ئەم حاڵەتە دەکات، ئەی موحەمەد تۆ مۆمیت مۆمیش نابێ خامۆش بێت و بخەوێت هەستە ڕێگای تاریکی حەقیقەت بۆ خەڵک ڕووناککەرەوە.
لەسەر خۆچوونە، شەیدا بوونە، قوڕپێوانە، ســــــوتانە
هەتا مردن، مەحەببەت ئێشی زۆرە، ڕێزی لێ دەگرم