ژانـری کۆمیدیـا؛ لە ناو کوردا بـونـی نیە!
4 مانگ پێش ئێستا
(ھـونەری ھـەزەلیات -١)
«لە ناو کوردا، ھونەری خۆ قەشمەرکردن، خۆکردن بە گاڵتەجاڕ، لەگەڵ ھونەری کۆمیدیای ڕاستەقینەدا تێکەڵکـراوە»!
سەرەتا، ھەرگیز نامەوێت لەسەر گەورەترین بۆشایی و فەراغـی بواری فیلم سینەما و دراما و سەرجەم ژانرە ھونەرییەکانی وابەستە بە ھونەری حەوتەم لە سەر ئاستی کوردستان - باشوور بدوێم، کە زۆرمان دەزانین کێشەیەکی لەمێژینە و قووڵ و نەبڕاوەی ھەیە. ھەروەھا ناشمەوێت خەت و ھێڵێکی ڕەش و کوێرانە و بێویژدانانە بە سەر کاری ھیچکەس و ئەزموونی ھیچکەسێدا بھێنم وەک (سفرکردنەوە). دواجاریش نامەوێت؛«دڵی خۆمان بە دێڕی سواو و تۆزلێنیشتوو و سواوی وەک دەی بۆ کـورد زۆرە - لە چاو کوردا ھەر باشە خۆش بکەین». بەڵکو بێ خۆگێلکردن و خۆگەوجاندن دەمەوێت بڵێم؛ «ئێمە لە سەرەتای ھەرە سەرەتاکانی قۆناغەکانی تێگەیشتنین لە بوارەکانی چیرۆک بۆ فیلم و پڵۆتـی فیلم و سیناریۆ نوسین و سینەما و دراما». لە ڕاستیدا، ئەمەیش ھیچ نەنگـی و شوورەیی و عەیبەیەکی تێدا نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە عەیبە ڕاستەقینەکە ئەوەیە؛ «بێیتە سەر شاشەی کەناڵ و تی ڤی یەکان و پاشانیش خۆڵ بکەیتە چاوی خەڵک و بینەرانەوە و بە ناوی سینەما و پیشەسازی سینەمای کوردییەوە وەھمی زل زل و قەبە قەبە ببەخشیتەوە وەکئەوەی خەڵک لە سەر سەر ھەسارەیەکی تر بژین. بەڵام شوکور بۆ خوا، ئەو قۆناغ و سەردەمەیش لە ناو بینەری کوردا دەمێکە تێپەڕیوە بەوەی بە قسەی باقوبریق و چەورکراو فریو بخۆن، چونکە لە ئێستادا گەنجان و لاوانی کورد بە ھەردوو رەگەزەوە زۆرتر بە ئاگاترن لە دۆخی سینەما، بەتایبەت لە سەر ئاستی زانینی تیۆری سینەمایی جیھانی. بەھەرحاڵ، ئەوەیش بابەتێکی تری قوڵترە، چونکە لێرەدا دەمەوێت تەنھا بە کورتی و بە سەرنجێکی بچووکی شەخصیەوە لە بارەی نەبوون، یاخود تێنەگەیشتن لە (ھونەری کۆمیدیای ڕاستەقینە)بدوێم.
مێژووی ھونەری سینەمای کۆمیدیا؛ لە سەر ئاستی سینەمای جیھاندا بەتایبەت - سینەمای بێدەنگ و ڕەشووسپیدا، ڕەنگە تەمەنی بۆ زیاتر لە (یەک سەدە - سەد ساڵ)بەر لە ئێستا بگەڕێتەوە، بەجۆرێک زۆرێک لەو کارانەی سەرەڕای ئەوەی بە شێواز و فۆڕماتی (بێدەنگ - ڕەشوسپی) - تەنانەت بێوتنـی: یەک وشەیش پێشکەشکراون، کەچی بوونە ھونەرێکی بەرزی بواری کۆمیدیای ڕاستەقینە کە بینەران بە ئێستاشەوە ھێندە سەرسامن پێی بەجۆرێک وەک (ئایکۆنێکی نەمریی کۆمیدیا) لە لایەن بمێنێتەوە. گەرچی دواتریش بە ھاتنی شەپۆلی سینەمای دەنگـی و ڕەنـگی شەپۆلی سینەمای کۆمیدیاش تەشەنەی سەند و فراوانتر بوو. بەڵام لای خۆمان - (کۆمیدیای خۆمان)، کە من ئەسڵەن لە لام شەرم و نەنگییە ھەر ناوی بنێم؛ کۆمیدیا! بەڵکو ناوی ترم بۆی ھەیە! بەڵام لە بەر ڕێزی خوێنەران بەکاری نابەم.. چونکە ئەم چەند ساڵە بە ناوی ھونەری ھەزەلیاتەوە زۆترین؛ «کاری چیپ و ھەرزان و قێزەوەن و گاڵتەجاڕ و قەشمەریانە پێشکەشکراون». کە تەنھا لەڕێی وتنی؛ جنێوی ناشیرین، قسەی قۆڕ و بێمانا و سووک و چرووک و سواو، وشەی زبری ئاست نزمەوە ھاتن دەرخواردی بینەرانیاندا تەنانەت بێ ئاگابوون لە پەروەردە و خێزان کە بەداخەوە بینەرانیش بێئاگایەنە و بێئەوەی درکی ئەو ڕاستیە بکەن کە ئەوە ژەھری ھەزەلیات بوو، نەک ھونەری کۆمیدیای ڕاستەقینە! چونکە لەو کارانەدا، زۆرترین جووڵەی بێسوود و ناقۆڵا و بەزەییانە و قسەی بێسوودی ناکۆمیدیانە بینرا و بیسترا، گەرچی لەمەیشدا دیسان ھەڵە زەق و تۆخەکە و کەمووكورییەکە زۆرتر (ئەکتەرەکان)نەبوون، بەڵکو لە بناغەدا نەبوونی (سکرینپلەی بەھێزی کۆمیدیا) و لەگەڵ نەبوونی دەرھێنەری بە ئەزموون و زیرەک و لێزان لە (بواری ھونەری کۆمیدیا)دا، بە جۆرێک نەبوونی ئەم دوو شتە، ئەم دوو بابەتە گرنگ و بناغەییە وایکرد ھەرکەس لە جێی خۆیەوە ھەڵسێت چوار قسەی پووچ و قۆڕ و بێمانای پیادا بکات ناویشی لێ بنێت؛ (ھەزەلــیات). بەڵام با ئەو حەقە و مافەیش بدەین، تاکی کورد، میللەتی کورد، گەرچی پیاوان و کەسانی قسەخۆش و قۆشمەچی و نوکتەبازی ناو مەجلیس و کۆڕ و کوبوونەوەکانی زۆرە، بەڵام بە لێبوردنەوە ئەمانە ھیچیان ناچێتە قاڵبی ئەوەی بڵێین؛ کەواتە؛(کۆمیدیامان ھەیە)! لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کاراەانە بە ھیچ شێوەیەک نابنە جێگرەوەیەکی زۆرباشی ھونەری و ئەکادیمیانە بۆ بواری فیلم سینەما و درامای کۆمیدیا. بەڵکو تەنھا دەکرێت لە ڕێی سوودوەرگرتن لە دیاردە و حاڵەتە ناباو و نامۆ و کۆمەڵایەتییەکانی ناو خەڵکەوە، یاخود لە ڕێی کۆمیدیای شەعبی و جدییەوە فۆرمێکی بەرز و نوێی ھونەری کۆمیدیا بە باڵایاندا بکرێت و پاشانیش بەسوودوەرگرتنێکی باشتر لە توانای بەھرەی ئەو جۆرە کەسانە - نواندنکاران و پاڵپشت بە ھەبوونی چیرۆکـی کۆمیدیای بەھێز بۆ دروستکردنی پڵۆتی بەھێزی کۆمیدیا و پاشانیش نوسین و ئامادەکردنی بۆ سکرینپلەیەکی تۆکمە، دواجاریش لەڕێی ئەرکی دەرھێنەری بەھێز و لێزان و کارامەی بوار و ژانری کۆمیدیاوە، بتوانین؛ شتێک، ھەنگاوێک بچینە پێشەوە لەو بوارەدا - واتا؛کۆمیدیای ڕاستەقینە.
شــادمان محمەمـەد